گوڵان فەهیم: دروشمی ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەیەکە هەوڵی بۆ گۆڕینی ئەقڵیەتی ڕەگەزگەری و زایەندگەرای دا
گوڵان فەهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پژاک دەڵێت: بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"و پێکەوەیی تەواوی ژنان، دەتواندرێت مافەکان و دەستکەوتەکانی ژنان لەو ناوچەیەدا بهێنێتە بوون، پێویستە ٨ی ئادار ببێتە کۆکردنەوەی هێز تا لەسەر بنەمای تێکۆشینێکی ڕادیکاڵانە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ژنان لە تەواوی جیهاندا ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و هەژموونگەرایی دەبنەوە، لە ئێستدا ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی ناوچەکە دەبنەوە، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان بە بوێرییەکی زۆرەوە بەرامبەر بە سەرپۆشی زۆرە ملێ و ناچاری بەرخۆدان دەکەن، ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان ئازادی" بەهێز بوون و بوونە سیمبولی تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی و پێکەوەیی، لەوێدا تەواوی کۆمەڵگە بەو فەلسەفەیە دژی دەسەڵات دەوەستنەوە، هەوڵەکانی ژنان بۆ ئازادی و ڕادەربڕین بووەتە بیانوویەک بۆ زیندانی کردنیان، بەڵام هەر بەو فەلسەفەیەیە ژنان لە ناو زیندانەکاندا بەرخۆدان دەکەن، دەنگی پێکەوەیی و دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" ژنان لە زیندانەکانەوە تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی هەژاندووە، لە ٨ی ئاداری ئەمساڵیشدا ئامانج ئەوەیە بە ڕەنگی ژن دەستکەوت و مافەکانمان بەرەوپێش ببرێت، تا ببێتە ساڵی ئازادی ژنان.
بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە مێژوودا جێگەی گرنگی هەیە، سەرپۆشی زۆرە ملێ و کردەوەکانی دیکە بە فشار، تێکۆشانی ژنانی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان زیاتر کرد، لە کاتی ڕژێمی خومەینییەوە، ژنان بۆ پاراستنی مافەکانیان و داوای ئازادی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، چەندین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و چالاکیی مەدەنییان بەڕێوە بردووە، ئەم بەرخۆدانە ئەمڕۆش بە هەموو هێزی خۆیەوە لە ڕێگەی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە بەردەوامە.
" ژنان لە زیندانەکان و لە دەرەوەی زیندانەکان شۆڕشی ئازادی فکری و جەستەیان بەرپا کردووە"
گوڵان فەهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پژاک، بە نزیکبوونەوە لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: سیاسەتی ڕژێمی ئێران ژنانی ئازاد و فکری ئازادیخوازی لە ناودەبات، هەوڵی بە ئامانج گرتنیان دەدات، بە ئامانجی ڕادەستبوونی ژنانی کورد چەندین ژن لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە زیندانەکاندان، لە ناو زیندانەکاندا بە ئامانجی دووبارە رادەستبوون و کۆڵدان لە داواکارییە ڕەواکانی خۆیان توندوتیژی و دەستدرێژی جەستەیی و دەروونیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، ئامانجیانە ژن چالاک نەبێت، ئەگەر ژنێک بیەوێت ناسنامە و کولتوور بپارێزێت، یان باسی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کۆمەڵگەکەی بکات، لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە زیندانی دەکرێت، لە ناو زیندانەکاندا هێرش و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا فکرێکی گەورە بۆ ئازادی ژن لە ئارادا هەیە، هەر کەس باس لە ئازادی و کێشەکانی ژنان دەکات، باس لە بەرخۆدان و پێشەنگایەتی ژنان دەکات، هەرکەس بەرامبەر یاساکانی ئێران ڕادەوەستێت، تا ژنان بە مافەڕەواکانی خۆیان بگەن، لە ناو دەسەڵاتەکەدا ژنان ڕۆڵ و بەرخۆدانیان هەبێت، لە ئێستادا ڕۆژەڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ژنانە لەسەر کۆمەڵگە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕژێمی ئێران، هەروەها دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی " لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەوە، کە فەلسەفەیەک بوو هەوڵی بۆ گۆڕینی ئەقڵیەتی ڕەگەزگەری و زایەندگەرای بوو، لەسەر بنەمای "ژن، ژیان، ئازادی" هەر بابەتێک گرێدراوی ژنبێت کاریگەری دەسەڵاتداری هەبێت هەڵوێست نیشان دەدەن، هەبوونی ئەو فەلسەفەیە ژنانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنایە سەرپێ، کە تواندرا ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی " ڕووبەڕووی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان ببنەوە.
" بەگژداچوونەوەی دەسەڵات لە لایەن ژناەوە هەوڵوێستێکی گرنگە"
لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵان فەهیم جەختی لەوەکردەوە، هەڵوێستەکان بەرامبەر ڕژێمی داگیرکەران لە لایەن ژنانەوە گرنگە، ژنان نزیکی ٨ی ئادار دەبنەوە، ئاست و فکری گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرامبەر ئازادی ژنان گرنگ و واتادارە، وتیشی: بەهەند وەرگرتنی ٨ی ئادار گرنگە، نزیکبوونەوەو هەڵوێستنواندنی هاوڵاتیان بۆ ٨ی ئادار و دەستکەوتەکانیان گرنگی تایبەتی دەبێت، دەکرێت ٨یئادار ببێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی هێز تا لەسەر بنەمای تێکۆشینێکی ڕادیکاڵانە بەرامبەر زهنییەتی پیاوسالاری لە هەر بوارێکدا تێکۆشان ئەنجام بدرێت، لە ئێستادا لە هەر جێگایەکدا ژنان بیانەوێت جێبگرن، گرنگی خۆی دەبێت، لە ئێستادا خەباتی ژنان بەگرنگ دەبیندرێت، بەگژداچوونەوەی دەسەڵات لە لایەن ژناەوە هەوڵوێستێکی گرنگە، تا ژنان بتوانن مافەکانی خۆیان بە پێکەوەیی بەدەستبهینن، ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵدانی ژنان لە بواری چاند و هونەر، زمان و سیاسییدا ڕۆڵی کارا دەگێڕن، بە ڕەنگی ژنان درێژە بە خەبات دەدەن، هەموو دونیا دەزانێت کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستکەوتی زۆر و گرنگی پێداوین، ژنان بەو دروشمە خەباتیان بەردەوامی پێدەدەن، لەناو زیندانەکاندا ژنان بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی" ڕووبەڕووی دوژمانن دەبنەوە، لە ٨ی ئاداری ئەمساڵیشدا ئامانجمانە بە ڕەنگی ژن دەستکەوت و مافەکانمان بەرەوپێش ببەین، تا ببێتە ساڵی ئازادی ژنان.