یەمەن میوانداری یەکەم کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری دەکات بۆ سەرکردە ژنانەکان

سەرکردە ژنەکانی یەمەن جەختیان لە گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ پاڵنانی ژنان بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بنیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بنیادنانەوەی ئەوەی بەهۆی جەنگەوە وێران بوون.

 

 

یەمەن- یەکەم کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ژنانی سەرکردە لە تەعز لە یەمەن ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی تشرینی دووەم بە دروشمی "پێکەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنانی یەمەن لە پتەوکردنی بەهاکانی دیالۆگ و بنیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی" بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی توێژەران بۆ پەرەپێدان و مافەکانی مرۆڤ و سەنتەری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن و سەنتەری ئەدالا بۆ لێکۆڵینەوەکانی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچوو.

بەشداربووان لە یەکەم کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سەرکردەکانی ژنان لە یەمەن داوای باشترکردنی بەشداریی ژنانیان کرد لە بنیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی پاراستن و بەهێزکردن و پشتیوانی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کاریگەرییە ئەرێنییەکان لە ماوەی دوای جەنگ و دڵنیابوون لە بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری.

لە کۆبوونەوەکەدا ٣٠ ژن بەشداربوون کە نوێنەرایەتی کەرتی ژنان دەکەن لە حزبەکان و پێکهاتە سیاسییەکان و نوێنەرانی بەشەکانی ژنان لە دەسەڵاتی ناوخۆدا، جگە لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بایەخ بە کاروباری ژنان دەدەن لە پارێزگای تەعز.

 

"ئەم کۆبوونەوانە ڕێگە بە ژنان دەدات بە شکۆمەندی بژین"

ئەشراق حەکیمی، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی کەرتی گەشەپێدانی ژنان لە زانکۆی تەعز، سوپاسی خۆی بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەربڕی کە بەشدارن لە باشترکردنی بوونی ژنان لە هەموو کەرتەکاندا و بەهێزکردنی هۆشیارییان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها جەختی لە گرنگی یەکخستنی هەوڵ و هەماهەنگی نێوان قەوارە و کۆبوونەوەکانی ژنان لە لایەنە فەرمییەکان و حزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە کە بایەخ بە کاروباری ژنان دەدەن، بە ئامانجی پاڵنانی ژنان بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بنیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بنیادنانەوەی ئەوەی بەهۆی جەنگەوە وێران بوون و ڕێگەیان پێدەدات بە شکۆمەندی بژین و بەشداری لە هەموو بوارە جیاوازەکانی ژیاندا بکەن.

لوبنا قودسی، سەرۆکی دامەزراوەی توێژەران ئاماژەی بەوەدا، ئەم کۆبوونەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ ئاهەنگی دەرکردنی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ژنان و ئاشتی و ئاسایش کە داوای پاراستنی ژنان و ڕێوشوێنی خۆپاراستن دەکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و پشتیوانی لە بەشداریکردنی سیاسییان دەکات و بەشداری لە بنیادنانی ئاشتی دەکات.

 

داوای پاراستن و بەهێزکردنی ژنانی کرد

لوبنا قودسی جەختی لە گرنگی دۆزینەوەی میکانیزمێکی کارکردن کردەوە بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و هەماهەنگی هاوبەش بەمەبەستی بەهێزکردنی بەشداریکردنی ژنان لە بنیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی پاراستن و بەهێزکردن و پشتیوانی پێویست بۆ هەموو ژنان لە تەعز، داوای کرد ژنان لە ڕووی زانستی و ئابووری و سیاسییەوە بەهێز بکرێن و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار ئەم ڕۆڵەیان هەبێت.

کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردەوە کۆتایی هات کە برەودان و بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی کاریگەرییە ئەرێنییەکان لە ماوەی دوای جەنگ و دڵنیابوون لە بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا بوو.