ئەمڕۆ بکوژی دەنیز پۆیراز دادگایی دەکرێت
دەنیز پۆیراز کە لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر بارەگای هەدەپەی ئیزمیر كوژرا، ئەمڕۆ بکوژەکەی دادگایی دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٩ی کانونی یەکەم لە شەشەمین دادگای سزاقورسەکانی ئیزمیر، بکوژی دەنیز پۆیراز ئەو ژنە گەنجە کوردەی لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر بارەگای هەدەپەی ئیزمیر كوژرا، دادگایی دەکرێت.
بێجگە لە خێزان و کەسوکاری دەنیز پۆیراز و پارێزەرانی دۆسیەکە، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە، ژمارەیەک لە کاربەدەستانی هەدەپە، رێکخراوەکانی ژنان ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا دەبن.
ئۆنور گەنجەری لە ١٧ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە شارۆچکەی کۆناکی ئیزمیر هێرشی کردەسەر بارەگای هەدەپەو تەقەی لە دەنیز پۆیراز کرد کە دایکی لە بارەگای هەدەپەی ئیزمیر خزمەتگوزار بوو و رۆژی هێرشەکە بە رێکەوت لە شوێنی دایکی چووبوو بۆسەر کار.
ئۆنور گەنجەر، دوای رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا، لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئامانجی ئەوە بووە چەند کەسێک بکوژێت و ئەگەر کەسی دیکە لە ژوورەوە بووایە تەقەی لە ئەوانیش دەکرد.