یەکێتی ژنانی کورد دەربارەی ڕۆژئاوا بانگەوازێکی لە لایەنە سیاسییەکان کرد
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڵوێستی خۆی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نیشاندا و هاوکات داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن، ببنە پێشەنگێکی یەکگرتوو و بەهێزی نەتەوەیی.
ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان لەبارەی هێرشەکانی چەتەکانی چەتەکانی داعش بە فەرمانی جۆلانی و دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە هەر چوار بەشی کوردستان و لە هەموو لایەکەکی جیهاندا، دەنگمان لەگەڵ ئیرادە و تووڕەییمان یەکدەخەین، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین ببنە پێشەنگێکی یەکگرتوو و بەهێزی نەتەوەیی.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد بەمشێوەیەیە:-
ئێمە وەک پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، لەم کاتە مێژوویی و چارەنووسسازەی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، لە هەر چوار بەشی کوردستان و لە هەموو لایەکەکی جیهاندا، دەنگمان لەگەڵ ئیرادە و تووڕەییمان یەکدەخەین.
ئەو دیمەنە دڕندانە و نامرۆڤانەی کە ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا لە لایەن چەتەکانی هەیئەی تەحریر شام "هەتەشە"و پاشماوەکانی داعشەوە دژی ژنان بڵاو کراونەتەوە، جارێکی دیکە ڕووی قێزەون و پیسی ئەم هێرشە بە جیهان نیشان دا، ئەم هێرشانەی کە ڕاستەوخۆ ئیرادە و جەستەی ژن دەکەنە ئامانج، نیشانەی تۆڵەسەندنەوەیە لە شۆڕشی ژن.
بەڵام با هەموو کەسێک باش بزانێت، ژنانی کورد کە لە کۆبانێ، شەنگاڵ و هەر بەستێک لەم خاکەدا داعشیان لەناوبرد و تێکشکاند، ئەمڕۆش لە بەرامبەر ئەم چەتە تاریک و دڕندانەدا نە هەنگاوێک دەگەڕێنەوە و نە سەریان دانوێنن.
بۆ ئێمە دەرگای چارەسەر و کلیلی سەرکەوتن تەنها و تەنها یەکێتیی کوردانە، لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە بانگ لە هەموو پارت و هێزە کوردستانییەکان دەکەین کە لەم ڕۆژە مێژووییەدا لە دەوری بەرخودانی گەلەکەیان ببنە پێشەنگێکی یەکگرتوو و بەهێزی نەتەوەیی.
هەروەها بانگ لە دامەزراوە دیموکرات و نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم دڕندەیی و جینۆسایدەدا بێدەنگ نەمێننەوە و خاوەندارییەتی لە بەها مرۆییەکان بکەن.
Jin, Jiyan, Azadî!
ژن، ژیان، ئازادی!