یەکێتی ئەورووپا داوای ئازادکردنی نێرگس محەمەدی دەکات

یەکێتی ئەورووپا داوای لە ئێران کردووە، کە نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئازاد بکات، کە ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم لە چالاکییەکدا لە مەشهەد لەگەڵ حەوت چالاکوانی دیکەدا دەستبەسەرکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم، نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەگەڵ حەوت چالاکواندا، کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

 

ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، سەبارەت بە داوای ئازادکردنی نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڵاویکردەوە، یەکێتی ئەورووپا داوای لە ئێران کردووە، کە نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئازاد بکات، کە ڕۆژی هەینی لە چالاکییەکدا لە مەشهەد لەگەڵ حەوت چالاکوانی دیکەدا دەستبەسەرکرا.

 

ئەنوەر ئەلعەنوونی، وتەبێژی دیپلۆماتیکی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگه‌یاندووه‌، یەکێتیی ئەورووپا داوا لەدەسەڵاتدارانی ئێران دەکات کە نێرگس محەمەدی ئازاد بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی باری تەندروستی،‌ له‌گه‌ڵ هەموو ئەو کەسانەی کە لەکاتی ئازادی ڕادەربڕینیان بەناڕەوا دەستبەسەرکراون.