یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێت
لە شاری قامیشلۆ، یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەشداری ٢٠٠ نوێنەری ژنان لە هەموو هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد.
قامیشلۆ
بە دروشمی "شۆڕشی ژن زامنکاریی کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادە"، بەیانی ئەمڕۆ یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەشداریی ٢٠٠ نوێنەری ژنان لە هەموو هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد.
کۆنگرەکە بە وێنەی ژنانی تێکۆشەر و پانکارتی "بەرەو سوریایەکی دیموکرات و فرە ڕەنگ" و "باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نمونەی پێکەوەژیانی هاوبەشی نێوان پێکهاتەکانە" ڕازێندراوەتەوە، هەروەها نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنی و چەکدارییەکانی وەک ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ئەنجومەنی ژنانی سوریا، هێزەکانی یەپەژە و ئاسایشی ژنان، شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئامادەی کۆنگرەکە بوون.
کۆنگرەی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە خولەکێک ڕێزگرتن لە هەموو شەڕڤانانی ئازادی دەستیپێکرد. دواتر وتاری کردنەوەی کۆنگرە لەلایەن ئاسیا عەبدوڵا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشکەش کرا و تێیدا هاتبوو: کۆنگرە لە هەستیارترین قۆناغدا کە جیهان پێیدا تێدەپەڕێ بەسترا، ئێمە هەڵسەنگاندنی خۆمان هەیە بۆ دۆخی سیاسی و کۆمەڵگەیی جیهان و بە تایبەت بارودۆخی ژنان، ئێستا ژنان بۆ ئازادی تێدەکۆشن، لە دژی داگیرکاری شەڕ دەکەن و مۆری خۆیان لە مێژووی تێکۆشان داوە.
کۆنگرەکە بە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن لە نێوان ئامادەبوواندا بەردەوامە.
ت.پ