ئەحلام مەنسوور، ژنە یاخییەکەی ئەڵوەن و خانەقین

ڕۆژنامەوانی کورد ئەحلام مەنسوور لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ وەک یەکەم ژن لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە.

ڕۆژنامەوانی کورد ئەحلام مەنسوور لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ وەک یەکەم ژن لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەحلام مەنسوور لە ساڵی ١٩٥١ لە گەڕەکی عەبدوڵڵا بەگی خانەقین لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٥٦ هەر لە خانەقین خراوەتە بەر خوێندن، هەر لە سەردەمی قوتابخانەوە ئەحلام ژنێکی چالاک و فکر فراوان بووە، لە کاتی خوێندنی ئامادەیدا لەگەڵ لەیلا قاسمی هاوڕێی چالاکیەکانی قوتانخانەیان بەڕێوە دەبرد و دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٧٠ دەبێتە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق،.

لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە وەک ژنێکی ئازا و پێشەنگ هاتۆتە ناو دنیای ئەدەب و نوسینەوە، وەک چیرۆکنووس، رۆماننووس و نوسەر خزمەتی کردووە و بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی واقعی ژیانی کۆمەڵایەتی کوردەواری بە گشتی و شاری خانەقین بە تایبەتی بوووە، لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥دا لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی وەک یەکەم ئەزمونی کاری رۆژنامەوانی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، لە ساڵانی هەشتاکانیشدا دەستی کردووە بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی.

ئەحلام بە یاخیبووەکەی ئەڵوەن ناسراوە، ناوێكی دیارە لە ناو دنیای ئەدەب ‌و رۆشنبیری كوردیدا، ژنێكی بوێر، یاخی و دژە باو بووە، وتارەکانی ئەحلام بوێرانە و دژ بە سیستم و دابونەریتە سەرکوتکارەکانی کۆمەڵگە بووە، بێ سڵەمینەوە دەستی خستۆتە سەر بەش بە بەشی کۆمەڵگە و ڕەخنەی لێگرتووە.

نموونەیەک لە کارەکانی ئەحلام مەنسوور:

یەکەم کاری ئەحلام بە ناوی ئامە ڕەش-ەوە بڵاوی کردەوە، باسی لە ڕووداوەکانی شاری خانەقین کردووە، لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕۆمانێکی بە ناوی ئەڵوەنەوە نووسی کە دەتوانین بڵێین یەکەمین بەرهەمە بە زمانی کوردی لە بواری ڕۆمانی فێمینستی سۆسیالیستی-دا،  لەم ڕۆمانەدا دەیان ژن و کچی هەژار بە هەموو کێشە و ئاریشەکانیانەوە لە سەرتاسەری ڕۆمانەکەدا دێنە گۆ.

چەند کتێبێکی تریشی بڵاو کردووەتەوە، وەک: خەون و خوێن، هەروەها دیس تۆپیا و کتێبی ئەزموون. ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی ماجستێری لە کورتە چیرۆکدا وەرگرتووە، و ڕۆمان و وتاری نوسیوە و نزیکەی ٥٠ چیرۆکی کوردی بۆ منداڵان و چەند کورتە چیرۆکێکیشی بە زمانی عەرەبی نوسیووە.

 

دواى  ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لە شاری سلێمانی جێگیر بووە و لە زانکۆی سلێمانی دامەزراوە و لە بەشەکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵناسی وانەى وتۆتەوە، لە ١٠-١-٢٠١٣ لە تەمەنی ٦٢ ساڵی بە نەخۆشی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایکرد، لە گۆڕستانی خدر زندە لە خانەقین بە خاک سپێردراوە.

 

ت.پ