"ئەگەر میدیای فەرمی شوێنی پێویست بە ژنان نادات، پێویستە ڕوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بکەن"
سامیە کوردی، سەرنووسەری گۆڤاری "آفاق المرأة"، دەڵێت: لەم قۆناغە گرنگەی مێژووی سووریادا پێویستە دەنگی ژنان بەرزبکرێتەوە و بیبیسترێت، چونکە میدیای فەرمی شوێنی پێویست نادات بە ژنان بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانیان، پێویستە ڕوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بکەن.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ- دوای ساڵانێک لە شەڕ و قەیرانە مرۆیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە درێژخایەنەکان، ژنان لە سووریا هێشتا لە دڵی شەڕی بێدەنگ و چڕدان، لە بەرزکردنەوەی دەنگ و بەشداری چالاکانە لە بونیادنانی داهاتووی وڵاتەکەیاندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە، سەرەڕای ئەو ڕۆڵە گرنگ و پێشەنگانەی کە ژنانی سووریا لەسەر زەوی و لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و خێزانەکانیان بینیویانە، زۆرجار نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و دەنگە سەربەخۆکانیان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە و بە شێوازی توندوتیژی بێدەنگ دەکرێن.
جیهادی هەتەشە کە ساڵانێکە لە لیستی تیرۆریستیی زلهێزە نێودەوڵەتییەکاندایە، ماوەی ساڵ و نیوێکە حوکمڕانی سووریا دەکات، بەبێ ئەوەی ئەم چەتانە و سەرکردەکانیان لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، ئەمەش کاریگەری لەسەر میدیاکان هەبووە، لە سووریا، کە ژنان و بەتایبەتی ژنانی هاوڵاتی دەرفەتیان پێنادرێت ئازادانە بیروبۆچوونەکانیان دەرببڕن و دۆزی خۆیان لەسەر شاشە گفتوگۆ بکەن بەبێ ترس لە توندوتیژی و کوشتن و ڕفاندن، یەکخستنی وتار و زمانی میدیایی بۆ پشتیوانی لە پرسەکانی ژنان لە سووریا هەنگاوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی دۆسیەی ژنان لە ڕێبازی ڕووکەش و وەرزییەوە بۆ گرتنەبەری ستراتیژییەکی نیشتمانی و مرۆیی گشتگیر.
سامیە کوردی، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری گۆڤاری "آفاق المرأة" سەبارەت بەم بابەتە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"ژنانی سووریا بەهۆی کۆچ و هەژاری و قەیرانی ئابوورییەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە"
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ساڵانەی دواییدا ژنانی سووریا بەهۆی کۆچ و هەژاری و ئەو قەیرانە ئابوورییەی وڵاتەکەی گرتووە، ڕووبەڕووی گرفتی بەرچاو بوونەتەوە و وتی: سەرەڕای ئەو سەختییانە، متمانە بەخۆبوونیان ڕێگەی پێداون هەنگاوی گرنگ لە بوارەکانی پەروەردە و کار و دەستپێشخەرییە مرۆییەکان هەڵبگرن، بەڵام دوای ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی کە لە سووریا ڕوویانداوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، وڵات چووەتە قۆناغێکی نوێی گۆڕانکارییەوە.
"ئەوان هیوایان دەخواست کە ئەمە سەردەمییان بێت"
ڕوونیکردەوە، کە هیواکانی ژنانی سووریا بە ڕەخنەی پیاوسالاری بەرەوڕوو بووەتەوە، وتی: لە ڕاستیدا ژنان هیوایان خواست کە ئەمە سەردەمییان بێت، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خۆیان دەرببڕن و بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا سەبکەون کە ڕێگری لە ئازادییان دەکرد، بۆ ئەوەی هەنگاوی گەورەتر بنێن بۆ پێشەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پێشوەختەی پیاوسالاری و باڵادەستی پیاوان تا ڕادەیەکی زیاتر لە وڵاتەکەدا زاڵن.
"ژنان لە خۆیان دەپرسن: من لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا لە کوێ دەبم؟"
سامیە کوردی، بە ئاماژەدان بە کار و پێشێلکارییەکانی هەتەشە، کە ساڵ و نیوێک کاریگەری لەسەر دەسەڵات و ئیرادەی ژنان هەبووە، وتی: ژنان زیاتر لە خەمی لەدەستدانی مافەکانیاندان، هەمیشە لە خۆیان دەپرسن: من لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا لە کوێ دەبم، بە تایبەت کە سووریا ئاوەدان دەکرێتەوە و داهاتووەکەی دووبارە دەکێشرێتەوە؟ جیاکاری لە دژی ژنان کردووە و تەنها ژنێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلدا بۆ وەزارەتێک دەستنیشان کراوە، هەروەها نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان زۆر کەمە.
"بە بەراورد لەگەڵ ئەزموونی هەتەشە، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری سەرنجڕاکێشتر و گشتگیرتر بوو"
سامیە کوردی ئەزموونی هەتەشەی لەگەڵ ئەزمونی ١٤ ساڵەی خۆبەڕێوبەری بەراورد کرد و وتی: کۆمەڵگەی بونیادنراو لەسەر تێگەیشتنی پیاوسالاری نادیموکراتیک و نادادپەروەرانە و نابەشدارییە، لەبەرامبەردا ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لەلایەن ژنان و پیاوانەوە بونیاد نراون زیاتر دیموکراتیکی و بەشداریکردن و فرەییترن، بەم شێوەیە ئێمە بەدوای داهاتوویەکی باشتردا دەگەڕێین، بۆ ئەمەش نموونەی خۆبەڕێوەبەری پێشکەوتووترینی جیهانی بوو بۆ نموونە بەهۆی شۆڕشی ژنانەوە دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی دروستکرد و سەرنجی هەموو ژنانی جیهانی ڕاکێشا و هۆکارەکەی ئەوە بوو کە ماف و بڕیاریان پێدرا.
"زمانی میدیا لە سووریا پێویستە بێلایەن بێت و تیشک بخاتە سەر پرسەکانی ژنان"
سامیە کوردی خاڵێکی گرنگی خستەڕوو و وتی: زمانی میدیایی لە سووریا پێویستە بێلایەن بێت و تیشک بخاتە سەر پرسی ژنان، میدیا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تیشک خستنە سەر پرسی ژنان بۆ ئەوەی ژنان دەنگی زیاتریان هەبێت و گوێیان لێ بگیرێت، بەتایبەتی کە ئێمە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین، پێویستە میدیاکان تیشک بخەنە سەر دەستکەوتەکانی ژنان و ئازادی دەرببڕن بەبێ ئەوەی بخرێنە ژێر فشاری مرۆڤایەتی، ناسنامەی کەسییان یان بوونیان.
"سەرکەوتنی میدیا لە پاراستنی مافی هاوڵاتیان و پەرەپێدانی کولتووری گفتوگۆدایە"
تیشکی خستە سەر ڕۆڵی میدیا و ئەوەی کە دەتوانێت بونیاد بنێت و سەرنجی زیاتری بۆ ڕابکێشا بەم وشانە: دەبێت زمانی میدیایی دەستڕاگەیشتن بێت بۆ هەموو هاوڵاتیان و دوورکەوتنەوە لە قسەی ڕقاوی، سەرکەوتنی میدیا تەنها بە وردبینیکردنی دەسەڵات یان گرنگیدان بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان ناپێورێت، بە پێچەوانەوە پاراستنی مافی هاوڵاتیان و پەرەپێدانی کولتووری گفتوگۆ دەبێت لە یەکەمایەتییە سەرەکییەکانیدا بینراو بێت، دەنگی یان چاپکراو، دەتوانێت ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەم پرسانە و بگاتە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
"ژنان دیدگایەکیان هەیە بۆ داهاتوو"
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێیەی کە میدیا لە هەموو وڵاتێکدا دەسەڵاتی چوارەمی هەیە، سەرنجی کەسانی دیکەش بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و وتی: هەموو ژنێکی گەنج دەبێت متمانەی بە خۆی هەبێت، ئیرادەیەکی بەهێزی هەبێت و هەنگاوی بەهێزی هەبێت،چونکە داهاتووی سووریایەکی نوێ تەنها کاتێک بونیاد دەنرێت کە ژنان لە پێشەنگی هەموو پڕۆژەیەکی ئازاد و دیموکراتیکدا بن، چونکە ژنان دیدگایەکیان هەیە بۆ داهاتوو.
بۆچی گرنگە ئێستا دەنگی ژنانی سووریا ببیسترێت؟
سامیە کوردی ڕوونیکردەوە، کە گوێگرتن لە دەنگی ژنان لە سووریا و لە ئێستادا زۆر بە گرنگ دەزانێت و بۆ هۆکاری ئەمەش وتی: لەم قۆناغە گرینگەی مێژووی سووریادا، دەبێت دەنگی ژنان بەرزبکرێنەوە، بەبێ گوێدانە ڕوانگە و نزیکبوونەوە یان دیالۆگەکانیان، دەبێت دەنگیان لە ئێستادا ببیسترێت، چونکە هێشتا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی خۆیدایە، بەڵام ڕاستی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە ژنان پشتگوێ دەخرێن چونکە تووشی توندوتیژی دەبنەوە، نەک تەنها توندوتیژی جەستەیی، بەڵکو توندوتیژی زارەکی و دەروونیش.
ئەرک و بەرپرسیارێتی میدیای ژنان و گشتی
ئاماژەی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی میدیای ژنان و گشتی لە سووریا بەم شێوەیە کرد، وتی: ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس دەبێت دەنگی ژنان بەرز بکەینەوە، شوێن دۆزی ئەوان بکەوین و بیگەیەنینە بۆچوونی گشتی، تا دەگەینە قۆناغی سووریایەکی دیموکراتیک و فرەیی و ناناوەندی، چونکە داهاتووی سووریا لەلایەن ژنانەوە بونیاد دەنرێت.
"پێویستە ژنانی سووریا ڕوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بکەن"
سامیە کوردی لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ژنانی سووریا وتی: سەرەڕای ئەو ستەم و پێشێلکاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چ لە ژیانی گشتی و چ لە پشت مێزی دادگا، چونکە میدیای فەرمی شوێنی پێویست نادات بە ژنان بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانیان، پێویستە ڕوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بکەن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانیان، بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان بە هەموو لایەک و ڕزگاربوون لەو سنووردارکردنانەی بەسەریاندا سەپێنراوە، لەپشت هەموو ژنێکی گەورەوە خۆی وەستاوە، چونکە ژنێک باوەڕی بەخۆی هەبێت، دەتوانێت مەحاڵەکان بەدەستبهێنێت.