ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان؛ هەڵوەشاندنەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بە ئامانجگرتنی ژنان

دوابەدوای کەمکردنەوەی موچە و شەپۆلێکی نوێی دەرکردن لە دەزگاکانی حکومەتی ئەفغانستان، بەتایبەتی لەناو ژنان، پرسیارێک دێتە ئاراوە: داهاتووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکە بەپێی ئەم بڕیارانە چۆن دەبێت؟

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان- ئەفغانستان وڵاتێکی کشتوکاڵییە، لە ئێستادا بە گوێرەی هەندێک لە لێکۆڵەران لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە دەوڵەتێکی فیۆداڵی و نیمچە بۆرژوازی و نیمچە کۆلۆنیالیزم دادەنرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی تاڵیبان و بناژۆخوازە جیهادییەکان دەستیان بەسەر تەواوی وڵات و سیستەمی کۆمەڵایەتیدا گرت، کە بوونەتە هێزێک کە خوێنی مرۆڤەکان بە تایبەت ژنان دەڕژێنن.

 

بەهۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئێستا تەنها چەند کارگەیەکی کەم لە شارە گەورەکاندا ماونەتەوە، لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازییەکان و پێڵاوی پلاستیک و ئاسنکاریدا کاردەکەن. پێش کودەتاکەی ١٩٧٩ کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و قوماش و کەرەستەی بچووکی دیکە هەبووە، بەڵام ئەو کارگانە لە کاتی شەڕدا تاڵان کران، بیناکانیان وێران بوون.

 

لەم بارودۆخانەدا بەشێک لە دانیشتووانەکە لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن، بەڵام زۆرجار لافاو و زریان و وشکەساڵی بەرهەمەکانیان لەناودەبەن. بەڵام لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە ئەفغانییە خوێندەوارەکان لە بەشە حکومییەکان و کەرتە جیاوازەکاندا کاریان کردووە، زۆربەیان لە پۆستی مامۆستایی یان وەک فەرمانبەری حکومی کاریان کردووە. هەندێکیان دوای تەواوکردنی خوێندن تووشی پرس بوون لە دۆزینەوەی کار، چونکە هەلی کار لەو کاتەدا لەسەر بنەمای پارە یان قەدرزانینی پێگەی بەرز نەک لێهاتوویی دەدرا.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، لەناکاو تەواوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی گۆڕا، کارمەندانی حکومەت خۆیان لە دۆخێکی ناجێگیردا بینیەوە، زۆربەی ژنان لە کارەکانیان دوورخرانەوە، تەنها چەند کەسێکی کەم لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە ڕێگەیان پێدرا بەردەوام بن لە کارەکانیان. سەرەڕای کەمبوونەوەی موچەکانیان، بە باشتریان زانی لەوەی بە تەواوی لە کارەکانیان دووربخرێنەوە.

 

لە سەرجەم بەشەکانی حکومەتدا، وەزارەتی فەرماندان بە چاکە و نەهێشتنی خراپە کەسانی بۆ فێرکردنی زانستە ئایینییەکان دامەزراندووە بۆ کارمەندان و ڕایگەیاند، لە ماوەی بیست ساڵەی بوونی کافرەکاندا هاوڵاتیانی ئەفغانستان لە ئایینەکەیان لایانداوە، ئێستاش دەبێت فێری ئایین بن". کارمەندانی حکومەت ئەم ڕەفتارەیان بە زەلیلکردن زانی. جگە لەوەش چەند جارێک پشکنینی ئایینی ئەنجامدرا، ئەوانەی شکستیان هێنابوو لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

لە کەرتی ئاسایشی وڵاتدا تاڵیبان سەرجەم کارمەندانی حکومەتی پێشووی لە کارەکانیان دوورخستەوە، لە شوێنی ئەوان کارمەندانی خۆیان دانا بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارەکانیان. پرۆسەی دەرکردن هەر بەوەوە کۆتایی نەهات. لە چەند مانگی ڕابردوودا نەک هەر موچە بە کارمەندان نەدراوە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆریان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە،

بەتایبەتی ژنانی کەرتی پەروەردە و بەشێک لە پیاوان. زۆرێک هەست بە سەرلێشێواوی و بێزاری دەکەن، داهاتوویان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بە تاریک دەبینن.

 

کەمکردنەوەی موچە و دەرکردنی کارمەندان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن هەیبەتوڵا ئاخوندزادەی سەرۆکی تاڵیبانەوە فەرمانی پێکراوە. بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان، نوسراوی ژمارە ٥٣٧٧/٧١٧ بۆ وەزارەتی دارایی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە، کە فەرمانی کەمکردنەوەی موچە و دەرکردن کارمەندانی لە کارەکانیان کراوە. بەپێی دوایین ئاماری بڵاوکراوە، ٩٢ کارمەندی باخچەی ساوایان و منداڵەکانیان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

سەبارەت بە ترسی مامۆستایان لە لەدەستدانی کارەکانیان، ڕیحانە ڕیحان، مامۆستا لە خوێندنگەی کابول، ڕایگەیاند، "من وانە بە منداڵدانی کچانی خوار پۆلی شەشەم دەڵێمەوە، هاوژینەکەم فەرمانبەری سەربازییە، نیگەرانین لەوەی کە چۆن دابینکردنی پێداویستی پێنج منداڵەکەمان دەکەین ئەگەر لە کارەکانمان دووربخرێنەوە".

 

ئاریانا نەواب، مامۆستایەکی دیکەی ناوچەی کابول وتی: من لەم دۆخە بێزار بووم. لە ترسی بەردەوامدا دەژیم لە دەرکردن، تاکە بژێوی خێزانەکەمم، ئەگەر دەربکرێم، دەبێت وەک ژنانی دیکە بگەڕێمەوە ماڵەوە.

 

یاسمین یار، دایکی چوار منداڵە و تەمەنی ناوەڕاستە و پێش ئەوەی تاڵیبان دەسەڵات بگرێتە دەست، هاوژیبەکەی لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە نزیک وەزارەتی بەرگری کوژراوە، جیاوازی نییە لەگەڵ ژنانی کرێکاری دیکەی ئەفغانستان. ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای مردنی هاوژینەکەم، لە فەرمانگەیەکی حکومیدا وەک پاککەرەوە کارم کردووە، بۆ ئەوەی بتوانم بژێوی منداڵەکانم پەیابکەم. "بێگومان موچەی بنەڕەتی دوو مانگم پێدرا، سەرەڕای هەزاران ترس و هەڕەشە بەردەوام بووم لە کارەکەم، بەڵام ئێستا لە لیستی دەرکردندام. هەرچەندە بە بەرپرسی بەشەکەم وت کە هیچ نانخواردنێکم نییە یان سەرچاوەیەکی تری داهاتم نییە، ئەو گوێی لە داواکانم نەگرت، بە تووڕەییەوە بە 'کافر' ناوی بردم، و لە ئۆفیسەکە دەرکردم.

 

ئەم ژنانە و ئەوانی تر لە دوای ڕووخاندنی حکومەتی تاڵیبانەوەن، تاکە هیوای خۆیان لە ناڕەزایەتی ژنان لە ناوخۆو 

دەرەوەی وڵات دەبینن.

 

دۆخی ئێستای ئەفغانستان بە تایبەتی بۆ ژنان ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی تاکڕەوی و جیاکاری پێکهاتەیی و قەیرانی مرۆیی. تاڵیبان نەک هەر سیستمی پەروەردەیی و ئابووریی پەکخستووە، بەڵکوو لەڕێگەی سەرکوتکردنی سیستماتیکی مافەکانیانەوە ژنانی بەرەو لێواری لەناوچوونی کۆمەڵایەتی پاڵناوە. لەم هەلومەرجەدا تەنها چرپەیەکی هیوا لە دڵی ژناندا ماوەتەوە، لە شێوەی خۆڕاگریی مەدەنی و دەنگی ناڕەزایەتی، شتێک کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕاستی بیری لێبکاتەوە.