ناڕەزایەتییەکانی ئێران زیاتر لە ٧٠ شاری گرتەوە

ئێران شاهیدی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەربڵاوە کە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە تارانەوە بۆ زیاتر لە ٧٠ شار تەشەنەی کردووە، ئەمەش بەهۆی قەیرانی ئابووری و دابەزینی بەهای تمەنەوەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، ناڕەزایەتییەکان کە لە دوای دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن لە بازاڕەکانی تاران دەستیپێکرد، بە خێرایی بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەشەنەی کرد.

 

سەرچاوە سەربەخۆکان و تۆڕەکانی مافی مرۆڤ و گروپە ناوخۆییەکان ڤیدیۆ و شایەتحاڵییان بەڵگە کردووە کە گردبوونەوە و پێکدادانی گەورە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتدا نیشان دەدەن، لەناویاندا، لە هەندێک حاڵەتدا، بەکارهێنانی تەقەی ڕاستەوخۆ، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی پێنج ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای لوڕستان بە تایبەتی لە شاری کەهدەشت و لە پارێزگاکانی دەوروبەری نۆ کەس کوژراون.

 

نارەزایەتییەکان تەشەنەی کردووە

ڕاپۆرتەکانی سەرچاوە جیاوازەکان لەگەڵ ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان هێشتا لە دەیان شاری ئێران بەردەوامن و بە خێرایی لە تارانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە بڵاوبوونەتەوە، ئەم جموجۆڵانە ناوچەیەکی بەرفراوانی پایتەخت دەگرێتەوە، لە بازاڕەکانەوە تا زانکۆکان، هەروەها پارێزگاکانی فارس "لەوانەش فاسا و شیراز"، ئەسفەهان "لەوانەش فولادشار"، لوڕستان "لەوانەش کۆهدەشت، ئەزنا، لۆردێگان، دۆرود، و خوراماباد)، خوزستان (لەوانەش ئەهواز و دێزفول"، کرماشان (لەوانەش شاری کرماشان و ڕۆژئاوای ئیسلام ئاباد)، و ئیلام و ناوچەکانی دەوروبەری. هەروەها لە تەبرێز، هەمەدان، ئەراک، نەجەفئاباد، یاسوج و چەند شارێکی دیکەش گردبوونەوە یان مانگرتن بەدی کراوە.

 

 دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ نیشان دەدەن کە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە شارە گەورەکانەوە درێژ بووەتەوە بۆ شارۆچکە مامناوەندەکان و ناوەندە ناوچەییەکان.

 

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تۆڕی ڤاتۆکسی ئۆسینت نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە بەدواداچوون بۆ پێنج ڕۆژی یەکەمی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان دەکات و تێیدا کۆبوونەوەکانی ٧٢ شاری ئێران پیشان دەدات، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک ناوچە لە ڕۆژی یەکەمەوە بەشدارییان کردووە، لە کاتێکدا لانیکەم ١٥ شاری دیکە لە ڕۆژی چوارەمدا بەشداریان کردووە.

 

نەخشەی فایتۆکس کە دەستبەجێ ڤیدیۆو ڕاپۆرتی مەیدانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆدەکاتەوە، وێنەیەکی گشتگیر لە بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەخاتە ڕوو، شارەکان بە دوو ڕەنگ پیشان دەدات: سوور بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە دەستیان بە ناڕەزایەتییەکان کردووە، هەروەها پرتەقاڵی بۆ ئەو ١٥ شارەی کە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ پەیوەست بوون بەو بزووتنەوەیە، هەرچەندە نەخشەکە پشت بەو زانیاریانە دەبەستێت کە لە خەڵک کۆکراونەتەوە و پێویستییان پێیەتی پشتڕاستکردنەوەی مەیدانی، بە ڕوونی ئاشکرای دەکات کە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ناوەندە گەورەکان تێپەڕیوە و درێژبووەتەوە بۆ شارە مامناوەندەکان و ناوچەکانی دەوروبەری.

 

بزووتنەوەکە داواکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ ڕەهەندێکی سیاسی تێکەڵ دەکات

ناڕەزایەتییەکان لە شارە گەورەکانەوە بۆ دەیان شارۆچکەی مامناوەند و بچووک تەشەنەی کرد، لە بازاڕی گەورەی تاران و کەرتە بازرگانییەکانی تاران سەریهەڵدا، پێش ئەوەی کرێکاران، خانەنشینان و خوێندکاران بەشداری بکەن، ئەمەش سیمایەکی بە بزووتنەوەکە بەخشی کە لە هەمان کاتدا داواکارییە ئابوورییەکان و ڕەهەندێکی سیاسی لەخۆ بگرێت.

 

بە سنووردارکردنی ڕووماڵی فەرمی و سنووردارکردنی ئینتەرنێت، هاوڵاتیان خۆیان ئەرکی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەیان لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و کەناڵە سەربەخۆکانەوە گرتە ئەستۆ، کە ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو لە بڵاوبوونەوەی خێرای ناڕەزایەتییەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە.

 

چارەنووسی ژنان و منداڵان نادیارن

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە تا ئێوارەی ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، نەکار غەنباری، هەلنا ڕۆستەمی، ئەلناز کاری، مەعسومە نووری، فاتمە هاشمپوور و ئایدە "ناوی بنەماڵە نەناسراو" لە تاران دەستبەسەر کراون و هەموویان بۆ بەشی ژنان لە زیندانی ئێڤین گواستراونەتەوە. هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناسنامەی لانیکەم ٢٩ دەستبەسەرکراوی دیکەیان لە شارەکانی ئەسفەرایەن، دەهلۆران، دارێ شەهر، ئیزە، باغی مەلەک، یاسوج و کرماشان پشتڕاست کردەوە کە دوو منداڵ و حەوت ژنیان تێدایە.

 

ئەو لیستەی دەستبەسەرکراوان کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە ناوی چەند ژن و پیاوێکی تێدایە. سەرچاوە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ڕاستەقینەی دەستبەسەرکراوان زۆر زیاترە لە ئامارە ڕاگەیەندراوەکان، ئەمەش نیگەرانییەکانی گشتی و خێزانی سەبارەت بە چارەنووسیان زیاتر دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دەسەڵاتداران لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.

 

هەروەها ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی شارە جیاوازەکان ئێران ئاماژە بە گرتنی ئەمنی زۆر توند دەکەن، بەتایبەتی لە کاتی نیوەڕۆ و سەرەتای ئێوارەدا، هاوڵاتییان ڕاپۆرتی بینینی دەوریەی هێزە ئەمنییەکان دەدەن کە لە هەوڵێکدا بۆ چاندنی ترس و تۆقاندن، چەکەکانیان نمایش دەکەن.