ئەفغانستان لە نێوان پاکستان و تاڵیباندا، ململانێی دەسەڵات کە خەڵکی مەدەنی باجەکەی دەدەن
لە ئێستادا ئەفغانستان یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی بەخۆیەوە دەبینێت، کە زلهێزەکانی ناوچەکە لەگەڵ میراسێکی دوورودرێژی شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکیدا یەکتر دەبڕێت، لەگەڵ چڕبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان پاکستان و تاڵیبان.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-قەیرانی ئەفغانستان ئەمڕۆ لە شێوەی ململانێی نێوان پاکستان و تاڵیبان سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکیدا، ڕەنگدانەوەی ساڵانێکە لە دەستێوەردانەکان کە گروپە چەکدارەکانی دروستکرد و دواتر لە کۆنتڕۆڵ دەرچوون، لە کاتێکدا، لایەنەکان بازرگانی بە تۆمەتەکانەوە دەکەن، خەڵکی مەدەنی وەک قوربانی ڕاستەقینەی ئەم شەڕە بەردەوامە دەمێننەوە.
ئەو شەڕەی پاکستان دژی ئەفغانستان دەیکات، ناتوانرێت بە شەڕێکی نیشتمانی یان گەلان سەر بە گەلی ئەفغانستان هەژمار بکرێت، بەڵکو زۆر کەس وەک ململانێیەک لە نێوان دەسەڵاتێکی باڵادەست و بریکاردا دەیبینن، بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی ئەفغانستان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە بزووتنەوە شەڕانگێزەکان و پارتە بناژۆخوازەکان بەشێکی دانەبڕاو نەبوون لە دیمەنی سیاسی یان کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە.
دوابەدوای کودەتاکەی ٢٧ی نیسانی ١٩٧٨، کە وەرچەرخانێکی تاریک بوو لە مێژووی ئەفغانستاندا، هێزەکانی سۆڤیەت هاتنە ناو ئەو وڵاتە، ئەمەش بووە هۆی بەرخۆدانی گەلی بەرفراوان لە شار و گوندەکاندا، کە ژن و پیاو بەبێ هیچ سەرچاوەیەک بەشدارییان تێدا کرد، هەر شۆڕشێکی ناوخۆیی بوو بە لاپەڕەیەکی بەرچاو لە مێژوودا.
لەو قۆناغەدا ئەمریکا و سعودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پاکستان و ئێران، ئەو ئاژاوەگێڕییەیان قۆستەوە بۆ دامەزراندنی پارتە بناژۆخوازە چەکدارەکان کە بە "حەوت پارت" لە پاکستان و "هەشت پارت" لە ئێران ناسراون و نوێترین چەک و کەرەستەیان بۆ دابین کرد. لەم نێوەندەدا خەڵکی ئاسایی و هێزە دیموکراتیەکان سەرەڕای برسێتی و سەرما و کەمی پێویستیەکان، لە نیشتمانپەروەری پاکەوە شەڕیان کرد.
بە لێشاوی پشتیوانی دەرەکی، پارتە بناژۆخوازەکان توانیان دزە بکەنە ناو دانیشتووان و ئایدۆلۆژیای توندڕەو و کولتووری ملکەچبوون بڵاوبکەنەوە، ئەم گروپانە هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتی لایەنگری ڕووسیا، ڕۆشنبیران، مامۆستایان، خوێندکاری خوێندنگەکان، مامۆستایانی زانکۆ و هەرکەسێک بە هەڕەشەی داهاتووی بزانێت، بە بیانووی جیاواز دەیانکوژن یان بێسەروشوێنیان دەکرد، سەردانێک بۆ گوندەکانی ئەفغانستان ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی ١٤ ساڵەی خۆڕاگری لە دژی ڕووسیا، تەنانەت خوێندەوارترین ئەندامانی پێکهاتەکانیشیان لە لایەن ئەو لایەنە توندڕەوانەوە لەناوچوون.
”توندوتیژی ناوخۆیی و بەئامانجکردنی ڕۆشنبیران لە سەردەمی جیهادی ئەفغانستاندا”
بناژۆخوازی و توندڕەوی، وەک پێشتر باسمان لەو پێشێلکارییانە کرد کە دەگەڕێندرێنەوە بۆی، بە وتەی "سەرەتا شوعلە بکوژن، پاشان سۆڤیەت" ناسراو بوون، تەنانەت پێش داگیرکەرانیش دوژمنایەتی توندی خۆیان بەرامبەر بە چەپەکانی ئەفغانستان جبزووتنەوەی جاوید شۆلا” دەربڕی، جگە لە کوشتنی ڕۆشنبیران و دیموکراتەکان و مارکسیستەکانی ناو ئەفغانستان لەلایەن ئەم پارتە بناژۆخوازانەوە، دەسەڵاتدارانی پێشەوای پاکستان ڕێگەیان بەو گروپانە دا کە زیندان و ناوەندی ئەشکەنجە و شوێنی لەسێدارەدان بەڕێوەببەن، هەروەها توانای ڕفاندنی خەڵکیان هەبووە لە ناو شارەکانی پاکستان لەوانە بیشاور و تەسفیەیان بکەن.
بەگوێرەی گێڕانەوەی شایەتحاڵان، لە کاتی خۆڕاگری لە دژی یەکێتی سۆڤیەت، گوڵبەدین حیکمەتیار کە بەهرەمەند بوو لە پاڵپشتی ئەمریکا و پاکستان و سعودیە و هاوکارییەکی بەرچاوی وەرگرت، ئەو کامپیەی کە پێدەچوو کامپێکی پەنابەران لە بیشاور بەڕێوەی دابات، لە ڕاستیدا زیندانێک بوو لە ژێر دەسەڵاتی، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا کە پێکهاتبوو لە گوڵبەدین حیکمەتیار و دەزگای هەواڵگری پاکستان و حکومەتی پاکستان، ئەم لیژنەیە بەرپرسیار بوو لە دیاریکردنی چارەنووسی هەموو ڕۆشنبیرێکی ئەفغانی کە لە پاکستان ڕفێندرابێت، لە کاتێکدا بڕیاری کۆتایی لە ئەستۆی گوڵبەدین حیکمەتیار بوو کە سزای لەسێدارەدانی دەرکرد، سەدان چەکداری ئەفغانی لە پاکستان لەلایەن گروپەکەیەوە ڕفێنران و کوژران، نموونەیەکی دیار تیرۆرکردنی چالاکوان مینا کیشوار کەمال، بەرپرسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان "RAWA" ”رەوا”یە کە لەگەڵ دوو هەڤاڵەکەیدا کوژران.
”خولگەی توندوتیژی دژی ژنان”
دوابەدوای شکستی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و داڕمانی حکومەتە بوکەڵەییەکەیان، گروپە بناژۆخوازەکان لە ٢٨ی نیسانی ١٩٩٢دا چوونە ناو کابول، جگە لە کوشتن، ئەم گروپانە کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، موڵک و ماڵی دەوڵەتی و تایبەتیان تاڵان کرد، دواتر فرۆشتیان لە بازاڕەکانی بیشاور کە بە "قصة خواني" "چیرۆکی خەوانی" ناسراوە، سوپای ئەفغانستان کە سەردەمانێک بەهێز بوو، داڕما و هەزاران خەڵک ناچار بوون لە وڵاتەکە ئاوارەببن بۆ ئەوەی ژیان و کەرامەتی خۆیان ڕزگار بکەن، ژنانی لە تەمەن ٧٠ ساڵی و منداڵانی کچی تەمەن حەوت ساڵ تووشی دەستدرێژی بەکۆمەڵ بوون، ئەمەش ڕووی ڕاستەقینەی گروپە بناژۆخوازەکان ئاشکرا دەکات.
جارێکی تر ئەمریکا و پاکستان هەوڵیان دا هێزێکی نوێ دروست بکەن و تاڵیبانی پاکستانیش لە ناو هەمان پارتە بناژۆخوازەکانەوە دروست بوو، تۆڕی حەقانی کە ئێستا یەکێکە لە دیارترین گروپە چەکدارەکانی ئەفغانستان، لەلایەن فەرماندەیەکی پێشووی یەکێک لە "حەوت پارتەکە" لە بیشاور سەرکردایەتی دەکرا.
تاڵیبان بۆ ماوەی پێنج ساڵ فەرمانڕەوای ئەفغانستانی کرد و وڵاتێکی وێرانکراوی بەجێهێشت، بەتایبەتی کابولی پایتەخت، هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە تەنانەت پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، لە سەردەمی دەسەڵاتی "هەشت پارت"دا، ژنان ناچاربوون باڵاپۆشبن و خوێندنیان لێ قەدەغەکرا، هەرچەندە ئەو سنووردارکردنانە لە کاتی شەڕدا بە فەرمی ڕانەگەیاندرابوون، کاتێک تاڵیبان شەڕی خۆی لە دژی لایەنە جیهادییەکان دەستپێکرد، وەک "ملائكة الخلاص" "فریشتەی ڕزگاری" پێشکەش کران کە هاتنە کابول، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئەم "فریشتانە" یەکەمین ئامانجەکان ژن بوون.
ژنان بێبەش بوون لە خوێندن و دامەزراندن، هەروەها قەدەغە کرابوون لە ماڵەکانیان بە بێ سەرپەرشتیاری پیاو بهێنەدەروە، هەموو هەینییەک یاریگای کابول بوو بە شوێنی لەسێدارەدان و بڕینی بەشەکانی جەستە و تەرمەکان لە شەقامەکانی کابول و پارێزگاکانی دیکە "وەک هۆشدارییەک" نمایش دەکران، هەروەک خۆیان دەیانوت، هەروەها لە نێو زیانبەرکەوتووان ژنێک بە ناوی ڕەزمینە هەبوو.
هەرچەندە وێنەگرتن تاوانێکی سزادراو بوو، بەڵام ژنە ئازاکانی "RAWA" ”رەوا” تەنها کەس بوون کە بوێری ئەوەیان هەبوو ئەم تاوانانە بەڵگەدار بکەن، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی نەبوون، هەروەها بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی بیانی بە جلوبەرگی باڵاپئشییەوە دەچوونە ناو وڵاتەکە و زۆرجار بۆ بەڵگەنامە و شایەتحاڵی پشتیان بە "RAWA" ”رەوا” دەبەست.

”٢٠ ساڵ لە نێوان شەڕ و دیموکراتی لەبارچوو”
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١، دوای ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوول، ئەمریکا بە هەڵمەتێکی بۆردوومانی ئاسمانی بەرفراوان هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و لە ماوەی هەفتەیەکدا دەسەڵاتی تاڵیبانی ڕووخاند، هەمووان بیریان دێتەوە کە هەر لەسەرەتاوە دەوترا تاڵیبان بەتەواوەتی شکستی پێنەکەوتووە، کۆدەبنەوە و وردە وردە دەگەڕێنەوە، تا ساڵی ٢٠٠٥ بوو کە چەمکەکانی وەک دیموکراتی، ئازادی، دادپەروەری، مافی ژنان و دژە تیرۆر لە وتاری گشتیدا دەستیان کرد بە دەرکەوتن.
بەڵام هەموو ئەمانە تا ڕادەیەکی زۆر تەنها بە دروشمێک مانەوە. هەژاری، بێکاری، گەندەڵی بەڕێوری، بەرتیل و توندوتیژی خێزانی زیادی کرد، لەگەڵ زنجیرەیەک تیرۆر کە ژنان و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنییان کردە ئامانج، هاوکات تاڵیبان بە پاڵپشتی وڵاتانی دەستوەردان لە کاروباری ئەفغانستان خەریک بوو هێزی خۆی بەدەست دەهێنایەوە، دواجار لە مانگی ئابی ٢٠٢١ حکومەتی ئەشرەف غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵا کەوتە خوارەوە و تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، ٢٠ ساڵ ئەو بناژۆخوازانەی کە دەبوو بدرێنە دادگا، بەرزترین پۆستەکانیان داگیرکرد، سامانیان کۆکردەوە لە کاتێکدا خەڵک بە ناوی دیموکراتیەوە باجەکەی دەدا.
چەند مانگێک لەمەوبەر پاکستان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کابول و چەند پارێزگایەکی دیکە دەستپێکرد، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوژران و بریندار بوون و بەشێکی زۆریش ماڵ و حاڵییان لەدەستدا، کاتێک خەڵک پرسیاریان دەکرد کە چی ڕوویداوە، دەسەڵاتی تاڵیبان بە فەرمی بانگەشەی ئەوەی کرد کە تانکەرێکی سووتەمەنی لە کابول تەقیوەتەوە و ئەوەش هۆکاری تەقینەوەکە بووە، بەڵام شایەتحاڵان ئەمەیان ڕەتکردەوە و هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن کە پەیوەندی بە تاڵیبانەوە نییە ڕێگەی پێنەدرا ڕووماڵی ڕووداوەکە بکات.
دانیشتووان ئەو ڕووداوانەیان لە ڕێگەی تەلەفۆنەکانیانەوە وێنەیان گرتووە و گرتە ڤیدیۆییەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە، تاڵیبانیش بێدەنگ بووە، هاوکات دەسەڵاتی پاکستان ڕایگەیاند، کە پێگەکانی تاڵیبانی پاکستانی لە کابول و چەند پارێزگایەکی دیکە کردۆتە ئامانج و بانگەشەی ئەوەی کرد کە یەکێک لە فەرماندەکانیان کوشتووە، هەرچەندە بەپێی زانیارییەکان ئەم بانگەوازە درۆیە.
ڕۆژی ٢١ی شوبات فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان هێرشی ئاسمانی شەوانەیان لە پارێزگاکانی نەنگەرهار و پاکتیکا ئەنجامدا و بەهۆیەوە ١٨ کەس لە نەنگەرهار کوژران کە ١٥ کەسیان لە یەک خێزان بوون، لەو شەوەوە هێرشە سەربازییەکان لە کابول، نەنگەرهار، کونار، بنجشیر، کاپیسا، خوست، بکتیا، پاکتیکا و قەندەهار بەردەوام بوون، لە هەموو ئەم هێرشانەدا خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی و کوژراو و بریندار و ئاوارەبوون.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خەڵک هەواڵی کوژرانی خەڵکی مەدەنی دەدەن، لە کاتێکدا تاڵیبان بانگەشەی کوشتنی سەربازانی پاکستانی دەکات، پاکستانیش بانگەشەی کوشتنی چەکدارانی تاڵیبان دەکات، بەڵام قوربانیی ڕاستەقینە لە هەموو ئەمانەدا خەڵکی ئەفغانستان و پاکستانن کە لە هەژاری و بێکاریدا نوقم بوون، ململانێی نێوان دەسەڵاتی پاکستان و تاڵیبان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو کەسانەی کە تاکە بژێوی خێزانەکانیان بوون، شەڕەکە بەدرێژایی سنووری نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە.
”هاوپەیمانییەکان دەگۆڕدرێن و خوێنڕشتنیش بەردەوامە”
شارەزایان وتیان: ناکۆکی لە نێوان پاکستان و هیندستان لە سەرەتای دامەزراندنی پاکستانەوە هەبووە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان کە بەرهەمی پشتیوانی پاکستانە دەستی دۆستایەتی بۆ هیندستان درێژکردەوە، هەروەها وەزیری دەرەوەی تاڵیبان و چەند بەرپرسێکی دیکە سەردانی زۆریان بۆ نیودەلهی کرد، ئەمەش دەسەڵاتی پاکستانی توڕەکرد، بە بیانووی بوونی تاڵیبانی پاکستان لەناو خاکی ئەفغانستان، پاکستان دەستیکرد بە هێرشەکان.
ئەفغانیەکان وتیان: ئەو مارەی لە باوەشدا بەخێوی دەکەیت ڕۆژێک گازت لێدەگرێت، بۆ بەشێک لە ئەندامانی تاڵیبان لەناو بزووتنەوەکەدا تا ئێستا هۆکاری ئەم هێرشانە و ناکۆکی لەگەڵ پاکستان ڕوون نییە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مەولەوی فەزڵ ئەحمەد، سەرکردەیەکی تاڵیبان، وتی: ئێمە دروستکراوی ئەمریکا و پاکستانین، پارتە جیهادییەکانیش لەلایەن ئەوانەوە دروستکراون، کەواتە بۆچی ئێستا هێرش دەکەنە سەرمان؟ دوای ئەوەی گەڕاینەوە سەر دەسەڵات، زۆربەی کەرەستە سەربازییەکان و فڕۆکەکان لەلایەن دەسەڵاتی پێشووەوە لەناوچوون یان بردران، ئێمە سوپا و چەک و توانای وەک پاکستانمان نییە، تەنها هیوامان ئەوەیە کە پشتی خودا ببەستین.
عالیا ڕامین، چالاکوانی مەدەنی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لە پارێزگای بنجشیر سەبارەت بە هێرشەکانی پاکستان بۆ سەر ئەفغانستان وتی: وەک ژنێکی ئەفغانی بە دڵەوە هەست بە ئازاری گەلەکەم دەکەم، لەم هێرشانەدا زیانبەرکەوتووان گەلی منن، بەتایبەتی ژن و منداڵ، هەرگیز نەمبیستووە خێزانی سەرکردەکانی تاڵیبان بکوژرێن بۆ ئەوەی تێبگەن خەڵک بە چیدا تێدەپەڕێت، نە تاڵیبان، نە جیهادیەکان، نە تەکنۆکراتەکانیش کە لە دەسەڵاتی پێشوو هەڵاتوون، ناتوانن بە قسەکانیان ئازاری ئەم گەلە کەم بکەنەوە، ئایا درک بە ئازاری ئەو منداڵە دەکەن کە لە هێرشی نەنگەرهاردا هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لەدەستدا؟ ئایا لە نیگای بێهیوای لە چاوەکانیدا تێدەگەن وەک چۆن نازانێت چ داهاتوویەک چاوەڕێی دەکات لە کۆمەڵگەیەکدا کە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکراوە؟

ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوونی گەلەکەم ئەوەیە کە بەرەنگاریی تاوانبارانە بن، چ ناوخۆیی و دەرەکی، بەبێ گوێدانە نەتەوە و ناونیشان یان پۆستەکانیان، سەرکردایەتی دەبێت لە دەستی ژناندا بێت، تەنها ئەو کاتە گەلەکەم تامی ئازادی و ئاشتی ڕاستەقینە دەکات.