"ئەفغانستان بووەتە ناوەندێک بۆ سەرکوتی زایەندی و ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کۆتایی بە پێشێلکارییە بەردەوام و بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان بهێنن، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە کۆنترۆڵکردنی تاڵیبان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا کە ١٨ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە وەڵامدانەوەی جیهانی بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان بە ناتەواو پێناسە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ هاتۆتە سەر دەسەڵات، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان خراپتر بووە، ئەفغانستان وەک ناوەندی سەرکوتی زایەندی و ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و سانسۆر و جۆرەکانی تری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەمێنێتەوە و لەم ڕووەوە هیچ لێپرسینەوەیەک لە ئارادا نییە.

 

لە بەیاننامەی ڕێکخراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، ژنان بە تەواوی بێبەشن لە بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، سنووردارکردنی توندی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیانە و بەشداری سیاسی ژنان هێشتا بوونی هەیە، هەروەها گەڕانەوەی سزای جەستەیی و نەبوونی سیستمی دادوەری سەربەخۆ ئەو کێشانەیان گەورەتر کردووە و ژنانی لە مافەکانیان زەوت کردووە، وایکردووە کە ژنان زیانبەرکەوتووی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری بن.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە حکومەتەکان کرد کە ئامرازەکانی فشار بەکاربهێنن بۆ ناچارکردنی تاڵیبان بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ڕەگەزی، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی دانانی میکانیزمێک بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان و مامەڵەکردن لەگەڵ سزای جەستەیی کە لەلایەن تاڵیبانەوە.

 

ڕێکخراوەکە جەختی لە گرنگی دامەزراندنی سیستمێکی دادوەری سەربەخۆ و بێلایەن کردووەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری بۆ خەڵکی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنان.