یەڵدا ئەحمەد: خوێنی ژنانی خۆپیشاندەران باجی پتەویی وەستانەوە لە بەرامبەر ڕق و کینەی تاڵیبان لە ژنان

دوای دەستگیرکردنی ژنان لە هەرات و بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دژی سنووردارکردنی تاڵیبان، چالاکی مافی ژنان یەڵدا ئەحمەد وتی و تێیدا ستایشی بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستانی کرد و داوای هاودەنگی زیاتری کرد لە بەرامبەر ستەمکاری بەربڵاو و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان- زوڵم و ستەم و چەوسانەوەی ژنان لە ئەفغانستاندا، ئیتر تەنها بە بێبەشکردنی خوێندن و دامەزراندن و بەشداری کۆمەڵایەتیان سنووردار نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنها بوونی ئەوان لە شەقام و کەشی گشتیدا بە هەڕەشە و گرتن و توندوتیژی بەرەوڕوو دەبێتەوە، هەروەها پەرەسەندنی ئەو سنووردارکردنانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەسەر ژناندا سەپێنراون، نیگەرانییەکی بەرفراوانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیانی ئەفغانستانی لێکەوتووەتەوە و پرسی مافەکانی ژنان گەڕاوەتەوە پێشەوەی سەرنجی خەڵک.

 

هەرات، شارێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی چەندین چالاکیی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ بە سەرکردایەتی ژنان بووە، بووەتە مەیدانی یەکێک لە ڕووداوە کاردانەوەکان سەبارەت بە مافەکانی ژنان، ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دەستگیرکردن و مامەڵەی توند لەگەڵ کۆمەڵێک ژن شەپۆلێکی کاردانەوەی چ لە ناوخۆی ئەفغانستان و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، ئەمەش پرسیاری جددی لەبارەی دۆخی ئازادییە تاکەکەسییەکان و مەدەنییەکان وروژاندووە.

 

لە بەرامبەر ئەم ڕووداوانەدا ژمارەیەک لە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕاگەیاندن و نامەیان بڵاو کردەوە و داوا دەکەن کۆتایی بە مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ ژنان بگیرێت و بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە بێدەنگکردنی ژنان لە ڕێگەی هەڕەشە و فشارەوە کێشەکانی ئێستا چارەسەر ناکات بەڵکو قەیرانە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی وڵات گەورەتر دەکات.

 

لەو چوارچێوەیەدا، یەڵدا ئەحمەد، چالاکوانی مافی ژنان و پسپۆڕی دەروونناس، لە نامەیەکدا بۆ ئاژانسەکەمان، کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە دەستگیرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی خۆپیشاندەران لە هەرات دەربڕی، ئەم ڕووداوانەی بە بەڵگەی بەردەوامی ستەمکاری سیستماتیکی ژنانی ئەفغانستان زانی و جەختی لەسەر پێویستی هاودەنگی و پشتیوانی لە ژنان و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ کردەوە، داوای کرد گرنگییەکی جددی بە دۆخی ژنانی ئەفغانستان بدرێت.

 

 

لە نامەکەدا هاتووە:

 

ئەفغانستان لەم ڕۆژانەدا خوێنی لێ دەڕژێت، تاڵیبان کە بەرپرسە لە پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک ژنی لە پارێزگاکانی وەک کابول، مەزار شەریف و هەرات بە بیانووی "پەردەپۆشکردنی نادروست" دەستگیرکردوو، ئەم ڕێوشوێنانە بە بەرخۆدانی ژنان و بەتایبەتی ژنانی هەرات بەرەوڕوو بووەوە.

 

 

بەو پێیەی تاڵیبان بەرگەی هیچ جۆرە بەرخۆدان و ناڕەزایەتییەک ناگرن، بەتایبەتی لەلایەن ژنانەوە، زۆرێکیان لە شەقامەکاندا تەقەیان کردووە، هەروەها شاهیدی ئەوە بووین کە بە زۆرەملێ دەستگیرکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسییان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی خۆپیشانداران کردووە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە ڕوویداوە نوێنەرایەتی لوتکەی تیرۆر و ژنکوژیان دەکات.

 

وەک ژنێکی خەڵکی ئەفغانستان، لە کاتێکدا من زۆر دڵتەنگم بەو شتانەی کە ڕوودەدەن، بەتایبەتی بۆ ژنانی وڵاتەکەم، بە شانازییەوە کڕنۆش دەبەم لەبەردەم ئەو ژنە بوێر و هۆشیارانەی کە بە خوێنیان درەختی ئازادییان ئاو دەدەن،  بەرخۆدانیان زۆرێک لە ویژدانەکانی بەئاگا هێناوەتەوە بۆ بەرگریکردن و داوای دادپەروەری، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لە سەرانسەری ئەفغانستان خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لەم خۆپیشاندانە و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە لە دژی ئەو تیرۆر و ژنکوژییەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە ئەنجام دەدرێت، کە گروپێکە بەرپرسیارە لە پێشێلکارییە قورسەکانی مافەکانی مرۆڤ.