ئازادکردنی تاوانبار بە شێوەی دادوەری توڕەیی گەلی لە تورکیادا لێکەوتەوە

دۆسیەی فاتمە چاکماک سستی ڕێکارە یاساییەکانی تورکیای ئاشکرا کرد، کە تاوانبارەکە سەرەڕای هەوڵدان بۆ کوشتنی ئازاد کرا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کولتوورێکی مەترسیداری بێ سزایە، ئەم ڕووداوە نموونەی ئازارەکانی ژنانە لە بەرامبەر توندوتیژی و شکستی دەسەڵاتی دادوەری.

ناوەندی هەواڵ

 

یاسین چاکماک، ئەندامی وردەکاری ئاسایش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و لە یەکەی مەشق و خولی پەروەردەی بەرێوەبەرایەتی پاراستنی سەرۆک کۆماری تورکیا دامەزرابوو، ڕۆژی ١٢ی کانوونی دووەم بە بەکارهێنانی شتێکی تیژ و بە ئەشکەنجەدانی، هەوڵی کوشتنی فاتمە چاکماکی هاوژینی دا.

 

تاوانبارەکە دوای تاوانەکە دەستگیرکرا، بەڵام دادگا لە ژێر چاودێریی دادوەریدا ئازادیکرد، ئەم بڕیارە توڕەیی و ئیدانەکردنی بەرفراوانی لێکەوتەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەل ناڕەزایی توندی خۆیان دەربڕی و داوای دەستبەجێ دەستگیرکردن و لێپێچینەوەیان کرد.

 

لە بەرامبەردا، ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و داوای دەستبەسەرکردنی یاسین چاکماکیان کرد، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، فاتمە بەدرێژایی ١٤ ساڵی هاوسەرگیرییەکەی، بووەتە ئامانجی توندوتیژی پیاوان، چونکە ڕەتیدەکردەوە لە بەرامبەر ئەو ئەشکەنجەیەی بەرگەی گرتبوو، بێدەنگ بێت، بەردەوامی توندوتیژییەکەی قبوڵ نەکردووە و ویستویەتی جیاببێتەوە، هۆکاری مانەوەی ساڵانێک لەناو سووڕی توندوتیژیدا، نەبوونی میکانیزمێکە کە ژنان بپارێزن و بەهێزیان بکەن، یاسین چاکماک، ئازادکردنی تاوانبارەکە، دوای وەرگرتنی لێدوانەکەی، سەرەڕای هەوڵی کوشتنی فاتمە، بەڕوونی ئاشکرای دەکات کە چۆن ئەو تاوانانەی دژی ژنان ئەنجام دەدرێن بەبێ سزا دەهێڵرێنەوە.

 

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٥ سەرەڕای بوونی فەرمانی پاراستن، ٢٣ ژن کوژراون، لەگەڵ ئەوەشدا یاسین چاکماک تەنها چاودێریی دادوەری و فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی وەرگرتووە، ئەمەش سەلماندی ژیانی فاتمە چاکماک پارێزراو نابێت، ئێمە داوای دەستبەجێ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی تاوانبارەکە دەکەین، چونکە بەردەوامبوونی بێ سزای بە واتای تاوانی زیاترە دژی ژنان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە چیرۆکی فاتمە چاکماک لە بنەڕەتدا چیرۆکی هەموو ژنانی ئەم وڵاتەیە کە تەنها لەبەر ئەوەی داوای جیابوونەوەیان کردووە، بوونەتە ئامانجی توندوتیژی پیاوانە کە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن، ئەو دەنگەی کە فاتمە لە بەرگریکردن لە مافی ژیانی بەرزی کردەوە، هەمان دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە دژی ئەم توندوتیژییە دەجەنگن.

 

ئەنجومەنی ژنان ڕاگەیامدراوێکیان ئاراستەی سەرجەم بەرپرسان کرد، تیایدا هاتووە، ئەو تاوانبارە، یاسین چاکماک، کە پێگەی خۆی لە دامەزراوەیەکی فەرمیدا خراپ بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان، دەبێت دەستبەجێ دەستگیر بکرێت، هەروەها دەبێت ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت بەو شێوەیەی کە شایەنییەتی، جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە دەکەینەوە بۆ پاراستنی ژیانی فاتمە و دڵنیابوون لە پارێزراوی، با بزانرێت هەرگیز ڕێگە بە پاراستن و پەردەپۆشکردنی هەر کەسێک نادەین کە لە بەڕێوبەرایەتی پاراستنی سەرۆکایەتیدا کاردەکات، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی هاودەنگیمان لەگەڵ فاتمە، لە بەرامبەر سیاسەتە دادوەرییە پیاوسالارەکاندا بێدەنگ نابین کە تاوانەکانی توندوتیژی دژی ژنان بێ سزا دەهێڵێتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە داواکردنی کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ و جێبەجێکردنی کاریگەرانەی سەرجەم ماددەکانی یاسای ژمارە ٦٢٨٤، چونکە مسۆگەری ڕاستەقینەی ژیان و کەرامەتی ژنانن.