ئایشە ئەفەندی: نەورۆزی ٢٠٢٥ نەورۆزی ئازادی و سەرکەوتن دەبێت
ئایشە ئەفەندی، وتەبێژی دەستپێشخەری ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری کۆبانێ ڕایگەیاند، ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزی ئازادی و سەرکەوتن بۆ گەلان.

نورشان عەبدی
کۆبانێ- ٢١ی ئادار جەژنی نەورۆزە، کە یادی ڕاپەرینی کاوەی ئاسنگەرە لە زوحاک کە بە نادادپەروەری و دڕندەیی ناسرابوو، کاوە توانی شکست بە زوحاک بێنێت و ئاگر لە سەربانی کۆشکەکەی بەربدات، مەشخەڵی سەرکەوتن وەک هێمای سەرکەوتن و بەرخۆدان بەرز بکاتەوە، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ گەلی کورد بۆ ڕۆژێکی نوێ و ڕزگاربوون لە ستەم، بڵێسەی ئازادی هەڵدەکات.
ئایشە ئەفەندی، وتەبێژی دەستپێشخەری ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری کۆبانێ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ دەزگاکەمان سەبارەت بە نەورۆزو واتا و گرنگییەکەی بۆ گەلی کورد و هەروەها جیاوازی نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی دیکە قسەی کرد.
"نەورۆز زیندووبوونەوەی گەلی کوردە"
ئایشە ئەفەندی لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی بۆ جیاوازی ئەم نەورۆزە و ساڵانی دیکە ڕاکێشاو وتی: هەموو ساڵێک لە مانگی ئاداردا، لەگەڵ هاتنی نەورۆز، ڕەنگەکانی بەهار بەسەر گەلی کورددا دەردەکەون، جەژنی نەورۆز بە واتای هێمای ئازادی و سەرکەوتن دێت، گوزارشت لە ناسنامە و نەتەوەیی گەلی کورد دەکات، نەورۆز ئەزموونە مێژووییەکان و داستانەکانی گەلی کورد بە ژیان دەهێنێتەوە واتای بووژانەوە و ئومێدێکی نوێ بۆ گەلی کوردە، بۆیە نەورۆز بە واتای لەدایکبوونەوەی نوێ و ئومێد بۆ گەلی کورد دێت، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەند مانگێکە پێش دەستپێکردنی نەورۆز ئامادەکاری بۆ جەژنی نەورۆز دەکەن، ئەم ڕۆژە بۆ ئەوان ڕۆژی ئازادی و سەرکەوتنە بەرامبەر ستەم، ئەوەی نەورۆز جیاواز دەکات، ڕەنگەکانی بەهارن کە خۆیان لە ئاهەنگەکەدا دەردەخەن.
"سەرەڕای فشار و ئەشکەنجە، نەورۆزیان پیرۆز کرد"
ئایشە ئەفەندی تیشكی خستەسەر ئەو زوڵم و چەوساندنەوەیەی کە گەلی کورد بە درێژایی مێژوو و تا ئەمڕۆش پێیدا تێدەپەڕێت و وتی: بە درێژایی مێژوو گەلی کورد لە کوردستان هەمیشە بە ستەم و کۆیلایەتی و ئەشکەنجە و ماڵوێرانیدا تێپەڕیوە، سەرەڕای ئەم فشارانە، گەلی کورد هەمیشە لە ڕێگەی بەرخۆدان و خەباتی خۆیەوە بە ڕەنگ و دەنگ و ئازادی جەژنەکانی خۆی پیرۆز کردووە، بە تایبەتی لە سووریا ڕژێمی بەعس گەلی کوردی لە جەژنی نەتەوەیی بێبەش کرد، ئەو کەسانەی کە لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بوون، لە لایەن ڕژێمەوە دەسبەسەر دەکران و ئەشکەنجە دەدران، سەرەڕای هەموو فشارەکانی کۆبانێ، گەل پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە ئاهەنگەکانیان لەسەر گردی مشتەنوور بەڕێوە ببەن، ئەمەش هێمای ئازادییە بۆ خەڵکی کۆبانێ، لە هەمان کاتدا بە هۆی فشارەکانی ڕژێمەوە خەڵک بە نهێنی جەژنی خۆیان پیرۆز دەکرد.
"ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزی ئازادی و سەرکەوتن"
لە کۆتایی قسەکانیدا ئایشە ئەفەندی ڕایگەیاند کە نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی دیکە و وتی: جیاوازی ئەم نەورۆزە لەوەدایە کە لە هەموو ناوچەکانی سووریا بەڕێوەدەچێت، ئەم مافە لە دەستووردا بە گەلی کورد دراوە. ئەم بڕیارە دەرئەنجامی ٥٠ ساڵ خەبات و بەرخۆدانی گەلی کوردە و لە سایەی خوێنی شەهیدەکانمانە، هەروەها جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، گەل بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەم نەورۆزەیە، ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزی بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئاسایش و دیموکراسی لەنێو گەلاندا، لە هەمان کاتدا دەبێتە چارەسەری پرسی کورد، هەموو ڕۆژەکانمان نەورۆزە، هیوادارین بە ڕۆحی نەورۆزی ئەمساڵ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ و سەرجەم خاکە داگیرکراوەکان مسۆگەر بکەین.