ئایا هاوسەرگیری، دەستدرێژیکار لە سزا بێبەری دەکات؟
کوەیت یاسایەکی هەڵوەشاندەوە،کە ڕێگەی بە پیاوێک دەدا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە بکات کە ڕفاندویەتی و دەستدرێژی کردۆیە سەر، لە سزا ڕزگاری بێت، وەک وەڵامێک بۆ داواکاری چالاکوانانی کوەیت و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ
دەستدرێژی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تاوانێک دادەنرێت دژی “شەرەف”ی خێزانی زیانبەرکەوتووە، نەک توندوتیژی یان پێشێلکردنی سەلامەتی ژنان. هەر لە کۆنەوە و لە ئەنجامی بیروبۆچوونی باوی پیاوانە، کچێک کە دەستدرێژی کراوەتە سەر، ناچار دەکرا هاوسەرگیری لەگەڵ تاوانبارەکەدا بکات یان بکوژرێت. کۆمەڵگە ئەمەی بە چارەسەرێکی گونجاو زانی، چونکە بیروبۆچوونی باو ئەوە بوو، ئێستاش هەروایە کە کچێنی ژن "شەرەف"ی خێزان یان خێڵە. بۆیە ژنێکی دەستدرێژی کراوە بە چەواشەکارییەکی کۆمەڵایەتی هێرشی دەکرێتە سەر، لەلایەن خێزانەکەی و گەورەکانی خێڵەکەیەوە ناچاردەکرا کە هاوسەرگیری لەگەڵ دەستدرێژیکارەکەیدا بکات، بەمەش ئەو پیاوەکە لە سزای دەستدرێژیکردن بێبەری دەبوو.
یاساکانی تایبەت بە کەیسەکانی دەستدرێژی و لێپرسینەوەی تاوانباران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لە چەند وردەکارییەکی بچووکدا جیاوازن. هەموویان مۆدێلی هاوشێوەن، بەو پێیەی هەر وڵاتێک بەپێی بیروبۆچوونی دەسەڵاتی حوکمڕان و هزر باوی کۆمەڵایەتی یاساکانی خۆی دەردەکات.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی ئەو یاسایانەیان هەڵوەشاندەوە کە ئەنجامدەری تاوانەکە لە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بەخشیبوو ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانییەکەی کردبێت. لە ساڵی ١٩٩٩ میسر یەکەم وڵات بوو کە مادەی ٢٩١ی هەڵوەشاندەوە، کە تێیدا هاتبوو ئەگەر تۆمەتبار هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانییەکە بکات، لێخۆشبوون دەبێت. هاوکات یاسادانان لە وڵاتانی کەنداو لە مردنەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی.
ئەنجومەنی وەزیرانی کوەیت لەم دواییانەدا پەسەندکردنی ڕەشنووسی فەرمانی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ١٨٢ی یاسای سزادانی کوەیتی ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٦٠ی ڕاگەیاند، کە تێیدا هاتووە "ئەگەر ڕفێنەرەکە بە مۆڵەتی سەرپەرشتیاری ئەو ژنە هاوسەرگیری بکات، کە لە هاوسەرگیرییەکی یاساییدا
ڕفاندویەتی، وە سەرپەرشتیارەکە داوای ئەوە بکات کە ڕفێنەرەکە سزا نەدرێت، ئەوا سزای هیچ کەسێکی نادرێت".
ئەم هەنگاوە لە وەڵامی داواکارییەکانی چالاکوانانی کوەیتی و چالاکوانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی هەردوو ڕەگەز، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیە دێت، کە بە نادادپەروەرانەیان دەزانی بەرامبەر بە قوربانییەکان.
دۆخی سعودیە جیاوازە، بەو پێیەی شانشینی سعودیە یاسای سزادانی نییە. ئەو یاسایەی لەم کەیسانەدا جێبەجێ دەکرێت ئەوەیە کە پێی دەوترێت یاسای "ئیسلامی"، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە کە بە تایبەتی دەستدرێژیکردن بە تاوان بزانێت، بەڵام سزای تاوانبارەکە لە فەلاقە بۆ لەسێدارەدان دەگۆڕێت. هەروەها کچەکە سزا دەدرێت ئەگەر دەستدرێژی سێکسییەکە بسەلمێنرێت، کە ئەو دووانە بە تەنیا بوون پێکەوە.
دۆخی سودان جیاوازی نییە. ئەگەر ژنێک یان کچێک ڕاپۆرتی دەستدرێژی سێکسی لە سودان تۆمار بکات، ئەوا خۆشی دەخرێتە بەردەم ئەگەری لێپێچینەوە. قوربانییەکە پێویستە بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت بە سەلماندنی ئەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەکە بە ڕەزامەندی نەبووە. ئەگەر ئەو کچە نەتوانێت ئەو کارە بکات، ئەوا بە تۆمەتی زیناکردن دادگایی دەکرێت. سزای زیناکردن بریتییە لە ١٠٠ قامچی بۆ ژنێکی بێ شوو، و مردن بە بەردباران بۆ ژنێکی خێزاندار. دادوەرەکان لە سودان دەسەڵاتی بینیوە.