ئاسیتا کانکۆ: لەناوچوونی کورد واتای مانەوەی داعشە
ئاسیتا کانکۆ، پەرلەمانتاری ئەورووپا ڕایگەیاند، مان و نەمانی کورد تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئێمەیە و لەناوچوونی کورد بە واتای مانەوەی داعش دێت، هەروەها کوردەکانی سووریا تەنهان و لەلایەن ئێمەوە جێهێڵران.
ناوەندی هەواڵ
ئاسیتا کانکۆ، ئەندامی هاوپەیمانیی نوێی فلامەکان "N-VA"ی بەلجیکا سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە ڕایگەیاند، کوردەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و دەبێت ئەورووپا هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە نیشان بدات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، مان و نەمانی کورد تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئێمەیە و لەناوچوونی کورد بە واتای مانەوەی داعش دێت، هەروەها کوردەکانی سووریا تەنهان و لەلایەن ئێمەوە جێهێڵدران.
وتیشی: بۆردوومانی بێ سەروبەری گەڕەکە کوردییەکان، بە کۆیلەکردنی ژنان، کوشتنی دیلەکانی شەڕ و کردنەوەی دەرگای ئەو زیندانانەی جیهادییەکانی تێدایە، دەبێت پرسی سەرەکی بن و سەرنجمان لەسەری بێت.
باسی لەوەشکرد، ڕەنگە ڕۆژێک ئەم تیرۆریستانە لە دەرگامان بدەن، هەڵکردنی ئاڵای داعش لە دەروازەکانی ڕەقە دوو هەفتە لەمەوبەر هۆشدارییەکی ترسناک بوو، کە دەبێت هەڵوێست وەربگرین، هاوکات، سەرەڕای ئاگربەستەکان پێشێلکارییەکان لە دەورووبەری کۆبانی بەردەوامە و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی کە لەسەر بنەمای مافەکانی ژنان و پاراستنی کەمینەکان دامەزراوە، ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بووەتەوە، ناتوانین ئەوانەی شەڕی دوژمنە هاوبەشەکانمان دەکەن بەتەنها جێبهێڵین، ئەورووپا دەبێت بە ئیرادەوە مامەڵە بکات و بێدەنگی و بێچالاکی لە بەرانبەر ئەم هەڕەشەیە، خیانەتکردنە لە بەهاکانی ئازادی، شکۆی مرۆڤایەتی و هاودەنگی و هەموومان دەخاتە مەترسییەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتوویەتی: کورد شایەنی ئاسایش، دانپێدانان و ئاییندەیەکی دوور لە زوڵمە و پێش ئەوەی درەنگ بێت یەکێتیی ئەورووپا دەبێت بێ دوودڵی لە تەنیشت کورد بوەستێت و مان و نەمانی کورد تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئێمەیە، لەناوچوونی کورد بە واتای مانەوەی داعش دێت.