ئاشنا کاوە زیاتر لە ٧٠٠ ژنی فێری بڕین و دروومان کردووە

ژنان لەڕێگەی خولە پەروەردەییەکانەوە خۆیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەرەوپێش دەبەن، بە تایبەت کاتیک پشووی هاوین دێت لەماوەی ئەو سێ مانگەدا خول وەردەگرن و خۆیان فێری پیشەیەک دەکەن تا دواجار ببنە خاوەن کار.

شیا کۆیی

 

کۆیە-کە هاوین دێت ڕێکخراوو سەنتەرەکان چەندین خولی جۆراوجۆر لەڕوی پیشەیی و زانستی و زمانەوانی دەکەنەوە هەندێکیان بە پارەو هەندێک بێ بەرامبەرە، بۆ ئەم هاوینەش ڕێکخراوی ژیانەوەی کوردستان خولکێکی بڕین و دروومانی بۆ بیست ژن کردەوە لەشاری کۆیە، کە ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکە درووستکردنی هەلی کارە بۆ گەنجان، ئەوە یەکەم خولیان نابێت، چەندین خولی دیکەش دەکەنەوە، لەئێستادا خولی کۆمپیوتەرو سەرتاشییان ڕاگەیاندووە، هەوڵدەدەن لە سێ مانگی پشووی هاویندا زۆرترین خول بکەنەوە بۆ ژنان.

 

ئاشنا کاوە، بەرگدرووە و ٧٠٠ ژنی فێری بڕین و دروومان کردووە، لەم خولە هاوینەیەدا بیست ژن فێری دوورمان دەکات و وتی: لە ٢٠١٤وە خولی بڕین و دروومان دەکەمەوە تا ئێستا ٣٢خولم کردۆتەوە کەهەرخولێکی زیاتربوون لە  ٢٠فێرخواز لە ژنان، و خولەکان لەڕێگەی سەنتەرەکان و ڕێکخراوەکان دەڵێمەوە، ئەو خولەشم ئێستا لە ڕێکخراوی ژیانەوەی کوردستانە، فێربونی دروومان دەکەوێتەوە سەر کەسەکە چەندە تێدەگات و فێردەبێت،  من زۆر هەوڵیان لەگەڵ دەدەم و حەز دەکەم فێربن و جێدەستم دیار بێت، تا دوا ڕۆژ ببینم هەمو ئەوانە بوونەتە بەرگدروو و بتوانن ببنە بەرگدروو .

.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداربووانی خولەکان زۆربەی دەرچووی زانکۆن و حەزیان لە دروومانییە، هەشیانە دەورەی دیکەشی بینیووە.

 

سەبارەت بە ئامێری دروومانی، ئاشنا کاوە وتی: هەندێک لەخولەکان لە ڕێگەی خێرخوازان ئامێریان بۆ دابین دەکرێت، و ئەوانەی ئامیرییان نییە من پێم وتوون بەدەست بیدوورن، وتومە کۆڵ مەدەن نابێت وازبێنن، تێیاندا بووە بەدەستی دروومانی زۆڕ جوانی کردووە.

 

"گرنگە ژنان فێری پیشەیەک ببن"

 هێلین گوشاد، یەکێک لە بەشداربووانی خولی بڕین و دروومان وتی: دایک و باوکم بەرگدروون بۆیە منیش حەزم کرد فێری دوورین ببم، گەر نەشبمە بەرگدروویەکی گشتی دەتوانم جلوبەرگ بۆخۆم و ماڵەوە بدوورم، هەستێکی زۆرخۆشە کاتێک شتی خۆت یان منداڵت یان خوشکت بدوور، گرنگە ژنان فێری زیاتر لە پیشەیەک ببن چونکە دەبنە خاوەن کەسایەتی وکاری خۆیان.

 

لانە سەڵاح، بەشداربوویەکی دیکەیە سوپاسی ڕێکحراوی ژیانەوەی کوردستان دەکات کە ئەو هەلەیان بۆ ژنان ڕەخساندووە و وتی: ئەو ڕێکخراوانە زۆر سودیان بە ژنان وگەنجان گەیاندووە، پێویستە ژنان زیاتر لە پیشەیەک فێرببن، تا هەلی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە چونکە لەکوردستان هەلی کار کەمە و باری ئابوری ناجێگیرە.

 

لانە ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنان دەتوانن هاوکاری ماڵەوەیان بن گەر نەشتوانن لەدەرەوە کاربکەن دەتوانن لەماڵەوە کاری دروومان بکەن و پێداویستیەکانی خویان بدوورن وتی: بۆیە منیش حەزدەکەم لە داهاتوودا خۆم خاوەن کارێک بم کە بژێوی ژیانم دابین بکەم.