یاسای باڵاپۆشی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕاگیراوە یان هەمووار دەکرێتەوە؟

ڕۆژی ڕابردوو لە میدیاکانی ئێران باس لە ڕاگرتنی یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ کرا، لە کاتێکداهێشتا ژنانی کورد و ئێران بەهۆی بڕگەكانی ئەو یاساییە دەچەوسێنرێنەوە و زیندانیی دەکرێن، چالاکوانانیش باس لەوە دەکەن یاساکە بە ناڕاستەوخۆی جێبەجێی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ- ماوەی مانگێکە لە پەرلەمانی ئێران مشتومڕی فراوان لەسەر دواخستنی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ درووست بووە، هەروەها لە بەرامبەر دژایەتییکردنی یاساكە بەشێک لە ئەندام پەرلەمانانان لە پەیامێكدا داوایان لە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران کردووە، کە لە بەرامبەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بووەستێت و بەرگری لە کەرامەتی پەرلەمان بکات.

 

یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ چییە؟

لە دوای خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” ساڵی ٢٠٢٢، سەرکوتکردنی ژنان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زیاتر چڕ بووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، یاسای “باڵاپۆشی زۆرەملێ” کە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرا، نزیکەی ماوەی ساڵێک ئاڕاستەی ئەنجوومەنی چاودێری کرا و لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو، کە یاساکەیان پەسەند کراوە، بەڵام بەو هۆیەوە ناڕەزایی زۆرێک لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە و دواجار لە ژێر فشاردا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو جێبەجێکردنی یاساکە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران دواخرا.

ناوەڕۆکی یاساکە باس لە چی دەکات؟

یاسای نوێی “حجابی زۆرەملێی” سەرجەم جومگەکانی وڵات، کە ژنان کاری تێدا دەکەن و ڕۆڵیان هەیە تێیدا سنوورداری دەکات و دەیانخاتە ژێر چاودێریی توند، بۆ نموونە لە خوێندنگە و زانکۆ و دامەزراوەکاندا سزای توند بۆ ئەو ژنانە دانراوە، کە پابەندی حیجابی زۆرەملێ نابن. لە بڕگەی پێنجەمی یاساکەدا ئاماژە بەو سزایانە دەکات بە سەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت، کە پابەندی ڕێنماییەکان نین، داوا لە وەزارەتەکانی پەروەردە و زانست و توێژینەوە و تەکنەلۆژیا کراوە، کە ڕێسای دیسپلین و ڕێنماییەکانی شێوازی پۆشینی جل و بەرگ، بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران دەربکەن.

 

ڕاگرتنی یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری ئێران لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی ڕاگرتنی یاساکە دەڵێت:" جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نێودەوڵەتی وڵاتەکە ڕاگیراوە و دەچێتە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکوومەتی مەسعوود پزیشکیان، هەروەها لە ئێستادا حکوومەت کەموکوڕی هەیە لە هەندێک گفتوگۆی پەیوەست بە یاساکە، بڕیارە یاساکە هەموار بکرێتەوە".

هاوکات، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە یاساکە کێشە بۆ خەڵک درووست دەکات و خەڵک پابەندی یاساکە نابێت.

هەروەها، مەحموود نەبویان ئەندامی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ئاماژە بەوە دەکات، پاراستنی دەسەڵاتی سیستەمی ئیسلامی گرنگترین پرەنسیپی حکوومەتە و ئەگەر ئەو یاسایە سیستەمەکە لاواز بکات، ئەوا جێبەجێکردنی “پووچەڵ” دەبێت، جێبەجێکردنی هەر شتێک، کە ببێتە هۆی جیاوازیکردن لەنێوان ئایدۆلۆژیاکان ئەوا دەبێت بووەستێنریت.

 

جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ سەرەڕای بانگەشەی دەسەڵاتدارانی ئێران

لە کاتێکدا سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری ئێران باس لە ڕاگرتنی یاساکە دەکات، بەڵام ژمارەیەک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ لەوانە نەسرین سەتوودە و سەدیقە وەسمەقی دەڵێن، یاساکە لە جێبەجێکردندایە و ژنان لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە.

هاوكات، زۆرێک لە ڕەخنەگران سەرکۆنەی دەرچوونی یاساکە و سزای قورس دەکەن بۆ پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی زۆرەملێ لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە و بە سەرکوتکردنی ژنانی دەزانن.

هەروەها، ئەو ڕاپۆرت و ڤیدیۆیانەی لەم مانگانەی دواییدا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە دەسەڵاتی دادوەری و ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق بەردەوامن لە مامەڵەکردنی توند لەگەڵ ئەو کچ و ژنانەی، کە پابەندی یاسای باڵاپۆشی زۆرەملێ نین.

دیارترین بەشی ئەم یاسایە ئەو سزایە داراییە قورسەیە، کە سەپێنراوە، بۆیە زۆر کەس بە ئامرازێک بۆ حکوومەتی دادەنێن بۆ پەیداکردنی پارە.

 

هەڵوێستی ژنان لە بەرامبەر یاساکە

بەهۆی ڕۆشتنی یاساکە بۆ بواری جێبەجێکردنەوە کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە ناوخۆی وڵاتەکە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا لێکەوتووەوە و باساییان لەوە دەکرد، ئەو یاسایە هەڕەشەیە بۆ فلتەر کردن و بە تاوان ناساندنی بابەتەکانی پەیوەست بە “باڵاپۆشی” و پێچەوانەی مادەی ٢٤ـی دەستووری ئێرانە هەروەها جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بە پێچەوانەی ماددەی ٢١ـی دەستووری ئێرانە، یاسای “باڵاپۆشی زۆرەملێ و داوێن پاکی” ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ جیاکاری ڕەگەزی و زیان بە کەرامەتی مرۆڤی ژنان و منداڵان دەگەیەنێت.