ئارەزوو محەمەد: هێرشەکەی سەر مستەفا کازمی شۆک هێنەر نییە
ئارەزوو محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: " هێرشەکەی سەر مستەفا کازمی شۆک هێنەر نییە و ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە".
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر شوێنی مانەوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی بەدواوا نەبوو.
لەبارەی ئەو هێرشەوە ئارەزوو محەمەد پەرلەمانتاری عێراق وتی: "ئەو ھێرشەی شەوی ڕابردوو کرایە سەرماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێز مستەفا کازمی، نەوەک ھەر بۆ من بەڵکو بۆ ھەرکەسێک کە لەدووریشەوە چاودێری بارودۆخی عێراق بکات شۆک ھێنەر نیەو ھەمیشە و لەھەر چرکەیەک ئەگەری دووبارەبونەوەی ھەیە".
ئارەزوو محەمەد چەند هۆکارێکی ئاشکرا کردووە کە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی هێرشێکی لەوجۆرە:
١- خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە لایەن کاربەدەستە باڵاکانی دەوڵەت لەھەر سێ سەرۆکایەتییەکەو بەدەسەڵاتی دادوەریشەوە .
٢- خراپ ئیدارەدانی ووڵات لەڕووی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ سەرجەم عێراقیەکان لە فاوەوە بۆ زاخۆ .
٣- دەستێوەردانی دەوڵەتانی دەرەکی لە بڕیارەکانی عێراق و نەبوونی سەربەخۆی سیادی عێراق .
٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پێش پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵەیەکی گەورەو پێشێلی دەستورە چونکە ووڵات دەکەوێتە بۆشاییەکی تەشریعی و رەقابییەوە بەپێی ماددەی ٦١ بڕگەی دووەم و بڕگەی حەوتەم خاڵەکانی "ا،ب،ج،د" کە دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەھەر دۆخێکی لەناکاو بەپەلە کۆببێتەوەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راسپرێت تا حاڵەتی لەناکاو ڕابگەیەنێت و تاوتوێی بارو دۆخەکە بکات و بەردەوام چاودێری بکات تا ھێورکردنەوەی دۆخەکە ، بەڵام لە ئێستادا بەھۆی پەسەند نەکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن و نەبوونی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆک وەزیران بەتەنھا دەسەڵاتی ئەوەی نیەو ئەوەش بە ڕوونی حکومەتێکی لەرزۆک و بێ ھێز نیشانی نەیارەکانی دەدات .
٥- بوونی ھێزی چەکداری حزب و ناڕەسمی لە ووڵات.