ئارزۆ تەمۆ: ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگەیە

ئارزۆ تەمۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی سارا دژی توندوتیژی دژ بە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پشتڕاستی کردەوە کوشتنی ژنان بەهۆی کێشەی هۆشیاری پیاوسالارییەوەیەو خەباتیان دژی ئەم هۆشیارییە بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە.

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە-بەگوێرەی ڕێکخراوی سارا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە مانگی تەمموز و ئابدا 5 ژن کوژراون، 5 ژن لێیان دراوەو ٢٨ ڕووداوی خۆکوژی، دوو هەوڵی خۆکوشتن و چوار جیابوونەوە تۆمارکراوە، ئارزۆ تەمۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی سارا دژی توندوتیژی دژ بە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم بابەتەی هەڵسەنگاند.

ئارزۆ تەمۆ ئاماژەی بەوەکرد کوشتنی ژنان بەهۆی سەپاندنی کۆمەڵگە بووەو وتی: لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە، سەرەڕای ئەوەی خەبات و کار و پەروەردەیەکی زۆر دابینکراوە، هەردوو ڕەگەز کراونەتە ئامانج، بەڵام کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیادی کردووە. هێزە دەسەڵاتدارەکان لەڕێگەی بە ئامانج کردنی ژنانەوە کۆمەڵگە دەکەنە کۆیلەی خۆیان، چونکە دەزانن ژنانی ئازاد کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیاد دەنێن، بەڵام ئەگەر ژنان کۆیلە بن، ئەوا کۆمەڵگە کۆیلە دەبن.

 

"هۆشیاریی پیاوسالاری هۆکاری هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکانە"

ئارزۆ تەمۆ تیشکی خستە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان و وتی: سیستمێکی پێنج هەزار ساڵەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کۆمەڵگە جێبەجێکراوە، ئەم توندوتیژییە وەک کولتوورێک لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە،  هەروەها زۆرێک لە ژنان ئەم کولتوورە وەک چارەنووسێک سەیر دەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژنان تا ئێستا خەباتێکی گەورەیان لە دژی ئەم کولتوورە کردووە و ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە شۆڕش بە شۆڕشی ژنان پێناسە بکەین، بەڵام بۆچی ئەم هۆشیارییەی پیاوسالاری تا ئێستا نەگۆڕاوە؟ لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەیەک سەپێندراوە و قبوڵکراوە بەسەر کۆمەڵگە و ژناندا بۆ هەزاران ساڵ. بۆیە ناتواندرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێت.

 

"بە شۆڕشی ڕۆژئاوا، زنجیرەی کۆیلایەتی تێکشکێندرا"

ئارزۆ تەمۆ وتیشی: شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان ناسێندرا و ئەوانەی پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن ژنن، ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەشدارییان کردووە و ڕۆڵ و ئەرکیان هەیە، زنجیرەکانی کۆیلایەتی دەشکێنن و بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان، لە کاتێکدا ژنان گەشەیان کردووە و داوای مافەکانیان دەکەن، بیرکردنەوەی پیاوسالاری دەیانکوژێت و هەوڵدەدات لەگەڵ ئەم کۆمەڵکوژییەدا پەیامێک بنێرێت.

 

"پێویستە هەموو ژن و پیاوێک یاسا و مافەکانی ژنان بزانن و بپارێزن"

ئارزۆ تەمۆ ڕایگەیاند کە نەریتە خێڵەکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشەوەن، کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا لەو خێڵانەدا زۆرە و وتی: هەموو کۆمەڵکوژییەکان لەژێر ناوی شەرەفدا ئەنجام دەدرێن. خۆبەڕێوەبەری یاسایەکی دەرکردووە کە کوشتنی ژن لەژێر ناوی شەرەفدا، تاوانێکە و وەک هەر تاوانێک سزا دەدرێت، بکوژانی ژنان دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن، کۆمەڵکوژییەکان زیاتر لەلایەن ناوچە عەرەبییەکانەوە بەردەوامن و سیستەمی حوکمڕانی سەپاندوویەتی و قبوڵی دەکات چونکە ناوچە عەرەبییەکان زیاتر پەیوەندییان بە هۆزەکانەوە هەیە، بۆیە پێویستە پەروەردە لە وڵاتێکدا پەرەپێبدرێت کە تێیدا هەموو ژنێک مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی بژی و هەموو ژن و پیاوێک دەبێت یاساکان و مافەکانی ژنان بزانن.