ئارین حەسرەت: ڕێبەر ئاپۆ ڕێگە بۆ ئازادی گەلان خۆش دەکات
ئارین حەسرەت، گەریلای ئازادی کە بەشداری هەنگاوی دووەمی مێژووی تەڤگەری ئازادی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوو وتی: لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە چوون، ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ پێشخستنی پرۆسەکە.
قەندیل
دوێنێ ٢٦ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی، هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ی شووباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە نا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە قەندیل، ڕاگەیەندراوی هەنگاوەکە خوێندرایەوەو ئاشکرا کرا کە هێزەکانیان لە تورکیا کشاندۆتەوە.
یەکێک لەو گەریلا ئازادانەی ئەو گرووپە، بەناوی ئارین حەسرەت، ئەندامی ئەو گروپەی لە گابار دەکشێنەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ئێمە ٢٥ هەڤاڵ بووین ، ئێمە ٨ هەڤاڵی ژن و ١٧ پیاو بوون، زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە سەرحەت و گارزان و بۆتانەوە هاتوون. دوابەدوای بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان، گوێمان لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ گرت، هەرچەندە هێشتا ئۆپەراسیۆنەکان لە زۆر ناوچەدا هەبوون، بەڵام هاوڕێکانمان سەرەڕای ئەو سەختییانە لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ هاتنە ئێرە.
"ڕێبەر ئاپۆ گۆڕانێکی گەورەی دروستکرد"
ئارین حەسرەت ئاماژەی بەوەدا کە بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازێکی قووڵ بوو و گوتی "ئێمە چاوەڕێی بانگەوازێکی لەو شێوەیەمان نەدەکرد، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە گۆڕانێکی گەورەی دروستکرد، جیاوازی خۆی نیشانداو، نیشانی دا کە چۆن ڕێبەرێتی دەکرێت. ڕەنگە زۆرێک لە گروپەکان لەم پرۆسەیە تێبگەن و بە شێوەیەکی جیاواز لێکبدەنەوە، بەڵام بانگەوازێک بوو کە کەس چاوەڕێی نەدەکرد، بەڵام کاتێک لە بانگەوازەکە تێدەگەیت و دەیخوێنیتەوە و لەبەرچاوی دەگریت و گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ دەگریت، جارێکی دیکە دەبینیت کە چەندە گرنگە، دەتوانین ببینین ئەمە تەنها بۆ گەلی کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو گەلان دەکرێت، دەبینین ئەو لێدوانانەی ڕێبەر ئاپۆ دەیدەن بۆ ژیانێکی دیموکراتیکە، بەو هەنگاوە هاوبەشانەی کە گیراوەتەبەر، دەتوانن بزانن چارەنووسی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ نییە، ڕێبەر ئاپۆ ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئازادی گەلان.
"ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ پێشخستنی پرۆسەکە"
ئارین حەسرەت لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە، ئەمە واتای ئەوە نییە ئێمە ڕادەست دەبین، ئێمە هیچ پەشیمان نین، پێویستە یاسایەک بەو پێیە دابڕێژرێت، لەگەڵ ئەو یاسایە نوێیە بۆ پەکەکە دەمانەوێت سیاسەت بکەین و زمان و مافەکانمان بپارێزین، باس لە یاسایەک دەکەین کە دان بە ناسنامەماندا بنێت و بە بنەما بگیرێت و بمانبپارێزێت.