یاریگای یانەی نەورۆز بۆتە مەیدانی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

لە یاریگای یانەی نەورۆز، زیاتر لە ۱٠ هەزار کەس دروشمەکانی پشتیوانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی، هەروەها داهاتی یاریگاکە بۆ کۆمەک و هاوکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تەرخانکرا.

سلێمانی

 

٢٧ی کانوونی دووەم، لە یاریگای یانەی نەورۆز، لە شاری سلێمانی، بە بەشداری زیاتر لە ۱٠ هەزار هاوڵاتی و بە وتنەوەی دروشمەکانی"بژی بەرخۆدانی شەڕڤانان'' و ''یەکە یەکە گەلی کورد یەکە''، ''ڕۆژئاوا تەنها نییە، باشوور پشتیوانییە''، ''ژن، ژیان، ئازادی''، پشتیوانییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کرانەوە، هەروەها بەشداربووان ئاڵای کوردستان و وێنەی شەڕڤانانیان هەڵگرتبوو و لەناو یاریگاکەدا بەرزیان کردەوە، هەروەها لەبەرئەوەی ڕاگەیاندرابوو کە تەواوی داهاتی یارییەکە وەک هاوکاری پێشکەشی کۆچبەرانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، کە بە هۆی هێرشی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورکەوە زێدی خۆیانیان بەجێهێشتووە،  خۆشبەختانە زۆرێک لە هاوڵاتیان بلیتەکانیان کڕی بوو، تابتوانن هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەنەوە.

 

"لە ڕێگەی بلیتی یاریگای نەورۆزەوە هاوکاری دەگەیەنینە ڕۆژئاوای کوردستان"

نەشمیل عەلی، شاعیر و نووسەر، وتی: زیاتر لە ۱٠ ڕۆژە لەسەر شەقامەکان دژ بە هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕین، هەروەها لە درێژەدەری ئەو چالاکیانە ئەمڕۆ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری پارەی بلیتەکان بۆ هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان دادەندرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئەم پارەیە بۆ هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستانە، وەک ئەرکێک بۆ یەکەم جارە لە یانەیەکی وەرزشیدا بەشداری دەکەم، تا بتوانم لەو ڕێگەیەوە هاوکاری بگەیەنینە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

"لە ڕێگەی دەنگ و ڕەنگمانەوە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین"

ڤانێست سەروەر، خوێندکاری کۆلێژی ڤێتەرنەری، وتی: ئێمە لە ناوەڕاستی سەنتەری شاری سلێمانیدا چەندین ڕۆژە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازترە و لە ڕێگەی وەرزشەوە هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەدەین، هەروەها جیاوازتر لە ئەنجامی بردنەوەی یانەی نەورۆز هاندەران بە بردنەوەی یانەکە یان دۆڕاندنی هەر دڵخۆش دەبێت، چونکە لەکۆتاییدا دەتوانرێت بڕە پارەیەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکرێتەوە.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: لەمێژە دڵخۆشی ئاشتیم لە پارچەکانی کوردستانەوە نەبینیوە، نەوە نوێ شەڕی داعش و چەندین شەڕی دیکەی بینیوە،  ڕاستە نەبوونی موچە و  خراپی گوزەران هاوڵاتی و نەوەی نوێی لە خاک و کاربەدەستانی عاجزکردووە، بەڵام لە کۆتاییدا ناتوانین لە کوردبونمان زوویربین، ئێمەی نەوەی نوێ دەبێت پارێزگاری لە خاک و ناسنامەمان بکەین.

 

"نەوەی نوێ ئاشتی و سەربەخۆی بۆ کورد بونیاد دەنێت"

هەستی ئومێد، خوێندکاری زانکۆ، وتی: ئێمەی گەنجان هاتوینەتە یانەی نەورۆز تا بتوانین لە ڕێگەی یارییەکانەوە خزمەت بە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، هەروەها ئێمەی کورد چوار ڕەنگمان لاپەسەندە، بەڵام هەرگیز چوار پارچە و چوار نەتەوەیمان قبوڵ نییە، ئێمە هەرچوار پارچەکە کوردین و یەک نەتەوە و خاک و زمانمان هەیە، ڕەنگە نەتوانین بچینە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام دەتوانین لێرەوە دەنگمان بگەیەنینە جیهان تا بتوانین دووربین لە داگیرکارییەکان.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئەم نەوەیەی کە پێیدەوترا دوورن لەنیشتیمانپەروەری، ئێستا دەبینرێت کە لە ڕووی هزری و نیشتمانپەروەرییەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و بانگی ئازادی دەخوێنن، کورد لە ڕێگەی ئەم نەوەیەوە دروستدەبێت ئازاد و سەربەخۆش دەبێت.