ناوەندی ژنۆلۆژی لە میسر تیشکی خستە سەر توندوتیژیی دیجیتاڵی دژ بە ژنان
لە پانێلێکدا لە میسر، بەشداربووان باس لە ڕۆڵی ئەلگۆریتمە دیجیتاڵییەکان، توندوتیژی دژ بە ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو فشارەیان کرد کە بەهۆی پێوەرەکانی سەر ژنان دروست دەبێت.
میسر – ناوەندی ڕامان و لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژیی میسر، بە ناونیشانی «ئەلگۆریتمەکانی پلاتفۆرمەکان و توندوتیژیی پێوەرەکانی جوانی؛ لێکۆڵینەوەیەک لە توندوتیژیی هێمایی و گۆڕانکارییەکانی ناسنامەی بینراوی ژنان» پانێلێکی بەڕێوەبرد.
پانێلەکە بە مۆدێراتۆریی عەفاف فەرجانی، ڕۆژنامەنووسە لیبییەکە، بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە چالاکانی بواری میدیا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مافەکانی ژنان بەشدارییان تێدا کرد.
لە پانێلەکەدا، کاریگەریی ئەلگۆریتمەکانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و پێوەرەکانی جوانی لە میدیای کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو شێوەیە تاوتوێ کرا کە ژنان خۆیان دەبینن و هەڵسەنگاندنی خۆیان دەکەن.
بەشداربووان ئاماژەیان بەو فشارە دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە کرد کە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی جوانکاریی دیجیتاڵی، وێنە ئایدیاڵکراوەکان و ئەو ناوەڕۆکانەوە دروست دەبن کە شێوە و پێوەرە جەستەییە تایبەتەکان بەهێز دەکەن.
«پێویستە کێشەکانی ژنان لە چوارچێوەی لایەنە فەلسەفی و مرۆییەکانیاندا هەڵبسەنگێندرێن»
د. دینا محسن، بەڕێوەبەری ناوەندی ژنۆلۆژیی میسر، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کێشەکانی ژنان لە چوارچێوەی لایەنە فەلسەفی و مرۆییەکانیاندا هەڵبسەنگێندرێن.
ئەو ڕوونی کردەوە: «ئاشکراکردنی نهێنییەکان، ڕەشەباژ و فشارە دەروونییەکان لەسەر ژنان لە بوارە دیجیتاڵییەکاندا، بوونەتە شێوازێکی جدیی توندوتیژی، کە دەتوانن ژنان بەرەو تێکشکانی دەروونی و خۆدابڕان لە کۆمەڵگا بەرن.»

«پێوەرەکانی جوانی پرسیاری نوێ لەبارەی وێنەی ژنانەوە دروست دەکەن»
مۆدێراتۆری پانێلەکە، عەفاف ئەفەرجانی ڕۆژنامەنووسە لیبییەکە ، ئاماژەی بەوە کرد کە پێوەرە دیجیتاڵییەکانی جوانی کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە و تێگەیشتنی ژنان لە خۆیان هەیە. ئەو جەختی لە گرنگیی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کردەوە، چ لە ڕووی ئەرێنی و چ لە ڕووی نەرێنییەوە.
«ئابووریی جوانی لایەنە نوێکانی کاریگەریی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان ئاشکرا دەکات»
نوژین یوسف ئاماژەی بەوە کرد کە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، لە ڕێگەی هۆکارە ئابووری و کەلتوورییەکانەوە، تێگەیشتنی ژنان لە خۆیان شێوە دەدەن. ئەو ڕوونی کردەوە کە جوانی گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی بەکارهێنان و سەرفکردن کە قاڵب و پێوەرە جوانکارییە دیاریکراوەکان بازاڕ دەکات.
سزادانی دیجیتاڵی و دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتیی ژنان
لە پانێلەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە بەکارهێنانی جەستەی ژنان لە ڕیکلامەکاندا، کە ئامانجیان ڕاکێشانی سەرنجی کڕیارانە، کاریگەری لەسەر شێوەی تێگەیشتن لە جوانی دادەنێت.
هەروەها، چەمکی «سزادانی دیجیتاڵی» کە لەلایەن د. دینا محسنەوە خراوەتەڕوو، بەو فشارە کۆمەڵایەتی و دوورخستنەوەیە پێناسە کرا کە ژنان تووشی دەبن، کاتێک ناتوانن خۆیان لەگەڵ پێوەرە دیجیتاڵییەکانی جوانی بگونجێنن.
جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم پێوەرانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی دەروونی، قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی و دەرفەتە پیشەییەکانی ژنان دادەنێن.
لە پانێلەکەدا، کاریگەریی فشارە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تێگەیشتن لە جوانی و دەرکەوتنی جەستەیی تاوتوێ کرا و لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە تیۆری «لوولی بێدەنگی» کرا.
ڕۆڵی خێزان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە دیجیتاڵییەکاندا
لە پانێلەکەدا، کاریگەریی میدیای کۆمەڵایەتی لەسەر داینامیکی خێزان و پەیوەندییە ڕووبەڕووبەڕوەکان باس کرا. هەروەها پێشنیار کرا کاتی بەسەربردن لەبەردەم شاشەکان کەم بکرێتەوە و پەیوەندییەکانی ناو خێزان بەهێز بکرێن.
جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی متمانەی ژنان بە خۆیان کرایەوە، بە شێوەیەک کە دەستکەوتە زانستی و پیشەییەکانیان لە پێش دەرکەوتنی جەستەییانەوە دابنرێت.
پانێلەکە هەروەها تیشکی خستە سەر لایەنە دەروونی، کەلتووری و ئابوورییەکانی ئەو ئاراستە دیجیتاڵیانەی کە شێوازی ژیان و پێوەرە دیاریکراوەکانی جوانی بەسەر تاکەکاندا دەسەپێنن.
لە کۆتاییدا، گرنگیی پەرەپێدانی هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر ناوەڕۆکە دیجیتاڵییەکان، بەهێزکردنی خۆقبووڵکردن و ڕێگریکردن لە جیاکاری بەهۆی دەرکەوتنی جەستەییەوە، خرایەڕوو.