ئامینە ئەحمەد: ژنانی ناوچەکە لەنێوان بەرداشی عەقڵیەتی کۆنەپەرستی ناوخۆیی و جەنگە نێودەوڵەتییەکانن

بۆ چەندین دەیە، ململانێ چەکدارییەکان و قەیرانە قووڵەکان ژنیان خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت. لە کاتێکدا ئاگر و ماڵوێرانی هەموو لایەکی گرتووەتەوە، ژنان توانیویانە لە پەراوێزی قوربانیبوون دەربچن و ببنە بڕیاردەر.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی مێژوویی گەورەدایە و شەڕی نێوان جەمسەرەکان گەیشتووەتە ترۆپک و لەم نێوەندەدا ژن وەک هێزێکی داینامیکی و کاریگەر دەردەکەوێت کە نەک تەنها باری قورسی ئاوارەیی و ماڵوێرانی هەڵدەگرێت بەڵکو لە ڕووی سیاسی و فکرییەوە ڕووبەڕووی سیستەمە سەپێندراوەکان دەبێتەوە، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو لە ڕۆژئاوا و ناوچەکانی تری کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر ئەوەی سەلماندووە کە هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی بەبێ بەشداری کارای ژنان سەرکەوتوو نابێت و لە ئێستاشدا کە ناوچەکە لەبەردەم نەخشەیەکی نوێدایە ڕۆڵی ژنان لە داهاتووی باشوور و پارچەکانی تریش بەرەو جۆرێک لە خۆڕێکخستن دەچێت کە چیتر قبوڵ ناکرێت وەک ژمارەیەکی پەراوێزخراو تەماشا بکرێن.

 

لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەر شوێنێک ململانێی چەکداری هەبێت ژنان دەبنە ئامانجی یەکەمی هێرشەکان بەڵام لە هەمانکاتدا دەبنە بزوێنەری شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان و لەم شەڕەی ئێستای نێوان بەرەی ئیسرائیلی و ئەمریکی و نەیارەکانیاندا ژنانی ناوچەکە لەنێوان دوو بەرداشدان یەکەمیان عەقڵیەتی کۆنەپەرستی ناوخۆیی و دووەمیان جەنگە نێودەوڵەتییەکان کە ژیانی مەدەنییان کردووەتە ئامانج بۆیە داهاتووی ژنان لەم ناوچەیەدا پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری و یەکگرتووییان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕێگریکردن لەوەی بکرێنە قوربانی مامەڵە سیاسییەکان، پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی دوای ئەم جەنگانە ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە دیپلۆماسییەتی جەماوەری و بونیادنانەوەی کۆمەڵگەدا بگێڕن چونکە تەنها ئەوانن کە دەتوانن واتا بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە بگەڕێننەوە و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی بگرن.

 

هاوکات لەوەتەی ئاگری شەڕ لە ناوچەکەدا کڵپەی سەندووە و هاوکێشەکان گۆڕاون دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەو ململانێیانە ڕاستەوخۆ کاردانەوەیان  لەسەر بازاڕ و بژێوی خەڵکی باشوور هەبووە و بە شێوەیەکی کتوپڕ نرخی شمەک و پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕەکاندا بەرزبووەوە و باری سەرشانی خێزانە کەم دەرامەتەکانی قورستر کرد بە جۆرێک کە بازاڕ تووشی جۆرێک لە شڵەژان و ناسەقامگیری بوو کە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە و هاوڵاتیان لەژێر فشارێکی دارایی تونددا دەژین، لەگەڵ ئەم گرانکارییەدا قەیرانی خزمەتگوزارییەکان گەیشتە ترۆپک و دەستپێکی شەڕەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی پێداویستییەکان کە دووبارە ژنان باجی ئەم سەختیانە دەدەن.

 

" دەبێت کورد هەر بە بێلایەنی بمێنێتەوە لەم جەنگەدا نەکەوینە ململانێی نێوان دەوڵەتان"

ئامینە ئەحمەد،چالاکوان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی، بەداخەوە  ئەم جەنگە کە ماوەیەکە بەردەوامی هەیە و بێگومان کاریگەری بەسەر هەموو لایەنەکان و هەموو جیهان هەیە، بەتایبەتی لەسەر وڵاتە هێرشبەرەکان و هەر وڵاتێک دەبێتە لایەنێکی شەرەکە بەتایبەت بە ئاشکرا کاریگەری زۆری هەیە، ئەم جەنگە تەنها هی ئیسرائیل و ئێران نییە بەڵکو جەنگی جیهانی سێیەمە و کاریگەری بەسەر هەموو ولاتەکانەوە هەیە، بەتایبەت لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کورد تا ئیستا بێلایەنی هەڵبژاردووە و چونکە ئێمە هەمیشە لە جەنگدا بووین و سوتەمەنی بووین و بەردەوام وەک کورد باجمان داوە ، دەزانین کە ئەنفال و  کیمیابارانکردنمان بەسەردا هاتووە، بەردەوام هێرشی سەربازی و سیاسیمان لەسەر بووە لە لایەن ولاتانی داگیرکەری چواردەورمانەوە، بەلام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئەمە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هاولاتیان هەیە و ئەم جەنگانە ئاسمانی و ئەلکترۆنییە و نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی کە زەمینی بێت، بارودۆخەکە وا پیشانی دەدات کە بگاتە ئاستی جەنگی زەمینی و  کورد گەورەترین زەرەرمەند دەبێت لەم بارودۆخەدا و دەبێت کورد هەر بە بێلایەنی بمێنێتەوە لەم جەنگەدا ،چونکە ناتوانین بکەوینە ناو ئەو ململانێیەی نیوان دەوڵەتان.

 

" لە لایەن ناحەزانی کوردەوە بەردەوام ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکەنە ئامانج"

وتیشی: ئێمە وەک باشووری کوردستان نەمانتوانیووە پشت بە بەرهەمی ناوخۆی ببەستین و زۆرینەی بەرهەمەکانمان هاوردەیە ئەمەش وا دەکات راستەوخۆ کاریگەری بکاتە سەر ئابووری هاوڵاتیان و لە ئیستاوە قەیران دەستی ێکردووە لە بازارەکاندا شمەک گران بووە و حکومەت هیچ کارێکی نەکردووە بۆ ئەوەو پرۆسەر خوێندن بە تەواوی پەکی کەوتووە و لەوانەیە ئێستا کاریگەرییەکەی لەسەر مناڵان دەنەکەوێت بەڵام کاریگەری خراپی پەککەوتنی خوێندن لە ١٠ ساڵی داهاتوودا لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەردەکەوێت، دەتوانم بڵێم کە بەردەوامی هیڕشەکان کێشەی سیاسی کۆمەڵایەتی و سەربازی دروست کردووە، لە لایەن ناحەزانی کوردەوە بەردەوام ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکەنە ئامانج لە ڕێگەی درۆنەوە، هەرچەندە کورد نەچۆتە شەرەکەوە  و بێلایەنین،  بێگوومان لە لایەنی کۆمەڵایەتیدا کاریگەری زۆری کردووە و هەرجەندە ئەم شەرەیان گواستەوە لە شەری ئۆکرانیاو رووسیاو کاریگەری زۆری هەبوو لە ئەوروپیاو دووبارە شەرەکە گوازرایەوە بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، ئەگەر سەیری ئەو پرۆژانە بکەین لە جیهاندا دەتوانم بلێم یاریکردنە بە هەستی مرۆڤەکان و مافی مرۆڤ  و تاکەکان بەرەو دواوە دەڕوات و دەبوایە لە ئیستادا لەگەڵ بوونی پێشکەوتن و تەکنەلۆجیاوە ئاستی مافی مرۆڤ زۆر لە ئاستێکی باشدا بووایە.

 

" ژنانی کورد هێزێکی نەبڕاوەن و بەردەوام ئامادەییان هەبووە لە شۆڕشەکاندا"

ئامینە ئەحمەد، چالاکوان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: ژنان هەمیشە بەرخۆدانیان لە بواری سەرباسی کۆمەڵایەتی سیاسی بەردەوام بووە، ژنانی کورد هێزێکی نەبڕاوەن و بەردەوام ئامادەییان هەبووە لە شۆڕشەکاندا و و ڕۆڵ و کاریگەرییەکی بەرجاویان هەبووە و وەک هیێزی پێشمەرگە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا ڕۆڵیان هەبووە، ئەم قسەیە مێژوو شاهیدی دەدات و دەبێت لە ئێستاشدا ئامادەکارییەکی زۆر باش بکرێت بۆ ژنانی کورد ، هێزێکی زۆر کاریگەر بین لەسەر وڵاتانی داگیرکەرو ناحەز، ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە مێژووەوە تا ئێستا لە خەبات و ئامادەکاریدان و هەر لە ساڵی ٨٠ کانەوە تا ئێستا رووبەرووی دوژمن بوونەتەوە، کاریان بۆ ئەوە کردووە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست بکەن، ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ئیستادا دەبێت ئامادەکاری باشتر بکات کە مافی نەتەوەیاتەی بەدەستبهێنێت،چونکە دەوڵەتانی داگیرکەر و دوژمنانمان بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن کە مافی نەتەوەی کورد پێشێلب کەن و نابێت قبوڵ بکرێت ،چونکە ئەوەی کە ئەمرۆ پشتیوانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات شۆڕشی شەقام بوو، بۆیە دەبێت ئێمە گرنگی و پشتیوانی لە شۆرشی شەقام بکەین، بۆ ئەوەی رووبەرووی دوژمنەکانمان ببینەوە، ئێستا هەر گۆڕانکارییەک بکرێت لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێراندا دەبێت کورد بەشدار بێت تێیدا و دەتوانن سوود لە ئەزموونەکانی باشووری کوردستان وەربگرن و زۆر باشتر کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و نەتەوەییەکان، بۆیە دەبێت لە هەموو روویەکەوە زۆر باش خۆیان ئامادەو پر چەک بکەن ، چونکە ماف دەسەنرێت نەک بدرێت و کورد زۆر دەمێکە هەوڵ دەدات کە مافە نەتەوەییەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام دوژمنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش ڕێگەیان نەداوەو رێگر بوون لەبەردەم بەدەستهێنانی مافە رەواکانی کورد، ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ دا، و لە ٢٠٠٣ شدا کە لە لوتکەی ئامادەکاری و ئامادەباشیمان تێدا بوو کە کوردستان بکەینە کوردستانێکی گەورە، یاخود مافە نەتوەەیەتییەکان بەدەستبهێنین بەلام رێگری لێکراوە.

 

"دەبێت کورد یەکدەنگ بێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەبێت کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان یەکدەنگ بێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکان و بەرای من تا کێشەی کورد جارەسەر نەکرێت،کێشەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست چارەسەر نابێت، کورد و سەرکردایەتی کورد هەوڵی باشیان داوە و لە رووی سیاسیشەوە و هەوڵی جارەسەرکردنی کێشەکانیان داوەو لەگەڵ وڵاتە هەرێمییەکان، بۆیە کورد هیچ نیەت و ویستێکی نیە و بەوە رازی نابێت دووبارە بچێتەوە ژێڕ دەستەی دەوڵەتانی فارس و عەرەب و تورک و یاری بە هەستی کورد بکەن لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، دیارە لە باکووری کوردستان پێشتر بەداخەوە پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ بە هێزی تیرۆرست ناو دەبرا، سەرەرای ئەوەی کە ئەوان دەیانویست ئاشتی و برایەتی لە تەواوی تورکیادا بەرپا بکەن، دەوڵەتی تورکیا ئەو ترسەی کە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ و سەرکردەکانی دیکەی کورد هەیەتی، کاریگەری نەرێینی هەیە بۆ سەر چارەسەرکرەدنی کێشەکان و پرۆسەی ئاشتی، کاتێک کورد ئاڵای سپی بەرامبەر تورکیاو جیهان هەڵکرد دەبوو حکومەتی تورکیاش بە جدی کاری بکردایە بۆ ئاشتی و ئێمەی کورد دەمێکە ئاشتیمان دەوێت و کورد دەیەوێت ناوچە کوردییەکان بپارێزێت لە هەموو هەوڵێکی داگیرکاری.