ئاهەنگی نەورۆز لە قەندیل دەستیپێکرد

بە بەشداری هەزاران کەس ئاهەنگی نەورۆز لە بناری قەندیل دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە قەندیل بە بەشداری هەزاران کەس لە کاتژمێر ١١:٠٠ دەستیپێکرد، ئامادەبووانیش لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدار بوون، بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان کرد.

 

سەرەتای ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، پاشان بە ڤیدیۆیەک پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان پێشکەشکرا.

 

لە دواتردا وتاری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لەلایەن هۆزان داڵاهۆ خوێندرایەوە تێیدا هاتووە: نەورۆز ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد و هێمای ئاشتی و ئازادیی و برایەتیی گەلانی ناوچەکەیە، دوژمن بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە دەیەوێت کورد پەرتەوازە بکات، دوژمن دەیەوێت کورد لەگەڵ گەلانی دراوسێی هەمیشە لە شەڕ و ململانێدابن.

لە پەیامەکەشدا ئەوە هاتووە: دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان و باخچەلی نەک تەنها دژ بە گەلی کورد، بەڵکو دژ بە هەموو گەلانی ناوچەکە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی پەیڕەو دەکەن و بوونەتە سەرچاوەی نەهامەتیی بۆ هەموو گەلان، بەتایبەت گەلی کورد.

 

ئاگری نەورۆزی قەندیل لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە هەڵگرا، ئامادەبووانی ئاهەنگەکەش بە جۆش و خرۆشەوە لەگەڵیان بەشداربوون.

 

گروپی شەهید سەرحەد و گروپی میوزیکی شەهید سەردەشت چەند پارچە گۆرانییەکیان پێشکەشکرد و ئاهەنگەکە بەردەوامی هەیە.

 

ت.پ