یادی یەکەم ژنی شەهیدی ڕاپەڕینی هەولێر کرایەوە

ئەمڕۆ لەسەر گۆڕی یەکەم شەهیدی ژن لە ڕاپەڕینی هەولێردا لە ساڵی ١٩٩١، یادی ئەو ژنە تێکۆشەرە کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری هەولێرە لە ساڵی ١٩٩١دا دژ بە ڕژێمی بەعس، هەر لەم ڕۆژەدا هەولێر یەکەم شەهیدی ژنی بەخشی بە خاکەکەی لەپێناو پاراستنیدا، و پێشەنگی ژنان و ڕاپەڕینی هەولێر بووە.

 

خەجە باوە، ژنێکی تێکۆشەر و خەباتکاری شاری هەولێر بووە، لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە شاری هەولێر، هەر لە بەرەبەیانییەوە دەستدەکات بە وتنەوەی دروشمەکانی ڕاپەڕین و هانی خەڵکی دەدات بۆ بەشداربوون لە ڕاماڵینی ڕژێمی بەعسدا، خەجە باوە لە گەڕەکی برایەتی و لە ماڵەکەی خۆیەوە وەک ژنێکی پێشەنگ دەست بە ڕاپەڕین دەکات و ڕۆڵی دەبێت لە ڕاکێشانی خەڵکی شاری هەولێر بۆناو ئاپۆڕای ڕاپەڕینەکە.

 

لە بەردەوامی ڕاپەڕینەکەدا ئەو ژنە تێکۆشەرە بە گولـلەی ڕژێمی بەعس دەستی بریندار دەبێت بەڵام ئەو گوێ ناداتە برینەکەی و بەردەوام دەبێت تا بەردەم پارێزگای هەولێر، خەجەی تێکۆشەر لەبەردەم پارێزگاردا بە گولـلەی چەکی قەناس لەلایەن عەسکەرانەوە دەکرێتە ئامانج و دەبێتە یەکەم شەهیدی ژن لە شاری هەولێر.

 

ئەمڕۆش پاش ٣٠ ساڵ لە ڕاپەڕینی شاری هەولێر پۆلێک لە ژنان لەسەر مەزاری ئەو ژنە تێکۆشەرە لە گۆڕستانی ئەحمەد لە شاری هەولێر یادی خەجە باوە کرایەوە و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆکەی دانرا.

 

ت.پ