دەوڵەتی تورکیا بۆ جاری سێیەم هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج

کاتژمێر ١:٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لەسەر ڕێگای نێوان دوکان - کانی وەتمان و لە نزیک شارەدێی خەلەکان، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەری کرد.

سلێمانی

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش و بۆردوومانەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان چڕ کردووەتەوە و جگە لە لەشکرکێشییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، کە بە قوڵایی ١٨٥ كیلۆمەتر هاتوونەتە خاكی عێراقەوە و زیاتر لە زیاتر لە چوار هەزار و ٢٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی عێراق لە ژێر داگیركاریی توركیادایە، لە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا و عێراقەوە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلی مەدەنی دەکاتە ئامانج و لە ناوچە گوندییەکانیش گوندنشینان دەکاتە ئامانج.

 

ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١:٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لەسەر ڕێگای نێوان دوکان - کانی وەتمان و لە نزیک شارەدێی خەلەکان، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەری کرد.

 

بە پێی زانیارییەکان، سێ کەس لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.

 

ئەمە لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج و هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان بەختکرد و ڕێبین بەکریش بریندار بوو، هەروەها لە ٣ی ئەیلوولیشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی سنووری گوندی مێرگە حەوشی لە کوێستانی سنین لە شارۆچکەی سیدەکان کرد، بە هۆیەوە شوانکارێک بەناوی ” بەدیع کەمال محەمەد” لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ گیانی بەختکرد.