ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە شەڕی سوریادا کوژراون

ڕاپۆرتێک لەسەر بنەمای هەشت سەرچاوە دەڵێت نزیکەی ٣٠٦ هەزار و ٨٨٧ هاوڵاتی لە سوریا کوژراون لە نێوان ١ی ئازاری ساڵی ٢٠١١، تا ٣١ی ئازاری ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران، ڕاپۆرتی مردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکرایەوە، کە بەپێی راپۆرتەکە، ٣٠٦ هەزار و ٨٨٧ هاوڵاتیی مەدەنی لە سوریادا لە نێوان ١ی ئازاری ساڵی ٢٠١١ و ٣١ی ئازاری ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی ئاڵۆزی و ململانێکانی ناوچەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

میشێل باشیلیت، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ژمارەی کوژراوانی پەیوەندیدار بە ناکۆکی لەم ڕاپۆرتەدا بە سادەیی کۆمەڵێک ژمارە نین، بەڵکو ئەوان نوێنەرایەتی تاکی مرۆڤ دەکەن، چونکە گیان لەدەستدانی هەریەک لەو ٣٠٦ هەزار و ٨٨٧ هاوڵاتییە کاریگەرییەکی قووڵی هەیە، لەسەر ئەو خێزان و کۆمەڵگەیەی تیایدا بوون."

 

ئەو ژمارانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراونەتەوە سەرباز و شەڕەڤانانی تێدا نییە لە شەڕەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان لە دەیان هەزار کەس زیاتر بێت، هەروەها ژمارەکان ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە کوژراون و بەخاک سپێردراون بەبێ ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات.

 

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە، ئاماژە بە ١٤٣ هەزار و ٣٥٠ هاوڵاتی مەدەنی دەکات کە لەلایەن سەرچاوەی جیاوازەوە کوژراون و زانیاری کەسی وردیان بەڵگە کراوە، ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای هەشت سەرچاوەی زانیاری پێکهاتووە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی دیمەشق بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەنتەری ئامار و توێژینەوەی سوریا و تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەنتەری بەڵگەنامەکانی پێشێلکارییەکان.

سوریا بە خۆپیشان دژی حکومەت دەستیپێکرد

ململانێکانی سوریا بە خۆپیشاندان لە دژی حکومەت دەستیپێکرد کە لە ئازاری ساڵی ٢٠١١دا لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا بەرپا بوو و داوای چاکسازی دیموکراتیان دەکرد لە دوای خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی لە میسر و تونس و یەمەن و لیبیا و بەحرەین، هەر لە بەهاری عەرەبیدا چەند سەرکردەی نەتەوەیی لابردرا، کە دەیان ساڵ بوو لە دەسەڵاتدا بوون، خۆپیشاندانەکان بەخێرایی گۆڕدرا بۆ شەڕێکی ناوخۆیی و هێرشەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باکووری سوریا-ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، سەدان هەزار کەس تیایدا کوژران و بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە وێران بوو.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی زیاتر لە ١٠٠ کەس، بە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانەوە، تەنها لە ماوەی ١٨ مانگدا لە کامپی هۆڵ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراون، کە داعشییەکانی تێدا نیشتەجێن لە هەموو نەتەوەیەک، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوایان لە لە وڵاتان کردووە کە هاوڵاتیەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.