وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پلانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان داڕشتووە
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وەزیری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، کە پلانیان داڕشتووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، هەروەها نایانەوێت کە ئاوارەکان بۆ مەرامە سیاسییەکان بەکاربهێندرێن.
ناوەندی هەواڵ
پاش سەردانێکی چەند ڕۆژەی ئیڤان فایەق، وەزیری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی و سەردانیکردنی کامپی ئاوارەکانی عەربەت، ئەمڕۆ لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوە، دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ گەڕاندنەوەی بە زۆری ئاوارەکان نین، گەڕانەوە دەبێت بە خواستی خۆیان بێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی عێراق بۆ خزمەتگوزاری ئاوارەکان بڕێک پارەی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕەوانە کرد، ئێستاش ٨٠٠ ملیۆن دینار لەو پارەیە ماوەتەوە، بە وتەی پارێزگاری سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ڕەزامەندی دەربڕیووە بە خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ بەکارهێنانی بۆ خزمەتگوزاری ئەو گەڕەکانەی ئاوارەکانی لێ نیشتەجێبووە.
دواتر ئیڤان فایەق، وەزیری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند، کە بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان خواستی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان هەیە، ئەوانیش لە هەوڵدان پلانیان داڕشتووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی سەلامەت و لەسەر خواستی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەوڵدان بۆ ڕێگری کردن لە بەکارهێنانی ئاوارەکان بۆ مەرامە سیاسییەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا لە مانگی ١٠ ئەم ساڵدا.
لە هەرێمی کوردستاندا ٢٦ کامپی ئاوارە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەیە، کە زیاتر لە ٣٧ هەزار خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێن، لە کامپی سنجاریش زیاتر لە ٢٧ هەزار خێزانی ئێزدی هەن.
ت.پ