مژدە مەحمود: بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ناهێڵن خوێندن و پەروەردە بمێنێت بۆ خەڵک

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمی خۆیدا مژدە مەحمود لە نوسینێکدا ڕایدەگەیەنێت، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خوێندنگا دادەخەن بەڵام یانەی شەوانە و مەیخانەکان داناخەن.

ناوەندی هەواڵ

 

مژدە مەحمود، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لە نوسینێکدا ئاماژە بەوە دەکات بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی ناهێڵن خوێندن و فێربوون بۆ منداڵی دوارۆژ و خەڵکی بمێنێت، هەروەها ڕایگەیاند "سەیرکەن ئەم دەسەڵاتەی پارتی و یەکێتی یان باشتر بڵێین، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، قوتابخانە و زانکۆکان دادەخەن، بەڵام مەیخانە و مەلهاکان داناخەن".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە لە پشت ئەم یانە شەوانانەوە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی هەن و پشتیوانییان لێدەکەن، بۆیە تا ئێستا هیچ یەکێک لەو شوێنانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت و بەردەوامن لە کاری نەشیاوی خۆیان.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەم دوو بنەماڵەیە کێشەیان نییە منداڵی خەڵکی نەخوێنەوار دەربچن، چونکە منداڵەکانی خۆیان لە باشترین خوێندنگا و زانکۆی ئەهلین.

 

هاتنەدەنگی مژدە مەحمود لەدوای بڕیارەکەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناوە دێت، کە بڕیاردرا بە داخستنی ناوەندەکانی خوێندن و ڕاگرتنی دەوام، لە کاتێکدا شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و کافتریاکان بە کراوەی ماونەتەوە و خەڵک بە ئاسای هاتووچۆیان تێدا دەکات.

 

ت.پ