"وەرزی تووتڕک" و "ژ بۆ ئازادیی" لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی کشێندرانەوە

بەهۆی قەدەغەی نمایشکردنی فیلمی "ژ بۆ ئازادیی" لە پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاریدا هەردوو فیلمەکەیان کە بریتین لە "وەرزی تووتڕک" و "ژ بۆ ئازادیی" بەفەرمیی لە فێستیڤاڵەکە بکشێننەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی لەبارەی قەدەغەی نمایشکردنی فیلمی "ژ بۆ ئازادیی" لە پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بڵاوکردەوە، کە بڕیار بوو شەوی ڕابردوو نمایش بکرێت بەڵام قەدەغە کرا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هیچ پاساوێکی ڕاست لەسەر ئەو قەدەغەکردنە بەئێمە نەدرا، نە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەش هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕاستیی و پەرەسەندنەکانی ئەو بابەتە بڵاوبکرێنەوە، هەردوو فیلمی ‘ژ بۆ ئازادی’ و ‘وەرزی تووتڕک’ لەسەر داوای ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەشداریی پێکراوە لە فێستیڤاڵەکەدا، لە مانگی ١٠ی ئەمساڵەوە ئێمە لە کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا و ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە پەیوەندیدا بووین، ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی ئاگایان لەوە هەبوو پێشتر فیلمەکە لە سلێمانی نمایشکردنی قەدەغەکراوە، ئەمەش لە کۆبوونەوەکانماندا باسکراون".

 

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەخنە لە هەڵوێستی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەگرێت و باس لەوە دەکات، کە چەند کاتژمێرێک بەر لە وادەی نمایشکردنی فیلمەکە بڕیاری قەدەغەکردنیانداوە، “بەبێ ئەوەی هیچ زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکە بڕەخسێندرێت، هەربۆیە کۆمینەکە بریاریدا هەردوو فیلمی ‘وەرزی تووتڕک’ و ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە مەراسیمەکەدا بکشێننەوە و داواش لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیی دەکەن، بەفەرمیی هۆکاری قەدەغەکردنی ئەو فیلمە بۆ ڕایگشتیی و هونەرمەندان و میوانانی فێستیڤاڵەکە ڕوونبکاتەوە.

 

"ژ بۆ ئازادیی" تا ئێستا لە ٢٠ فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمەکە نمایشکراوە، جگە لەوەی لە نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان نمایشکراوە، بەتایبەت لە ژاپۆن، بەرازیل، تایوان و ئیسپانیا و چەندین وڵاتی دیکە نمایشکراوە و لە هەندێک لە فێستیڤاڵەکانیشدا خەڵاتی وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ فشار و قەدەغەکردنێک ببێتەوە.