وەرزشکارێکی کورد پاش دەستگیركردنی چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستگیرکردنی وەرزشکار یەڵدا ئیمامدۆستی خەڵکی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ئەسفەهانی ئێران تێدەپەڕێت، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی خێزانەکەی و هاوکارە نزیکەکانی، هیچ زانیارییەک دەربارەی نییە.

ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ژنێکی زیندانیی سیاسیی کورد ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستگیر کردنی ژنێکی زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوی یەڵدا ئیمامدۆستی خەڵکی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ئەسفەهانی ئێران تێدەپەڕێت، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی خێزانەکەی و هاوکارە نزیکەکانی، هیچ زانیارییەک لەبارەی تەندرووستیی و شوێنەکەی لەبەردەست نییە.
ئاماژە بەوەشکراوە، یەڵدا ئیمامدۆستی لە ماوەکانی زیندانییکردنی بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە.
یەڵدا لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٥ خەڵکی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دایكی دوو منداڵە، یەکێکە لە وەرزشووانانی بەناوبانگی کورد و ئێران کە چەندین نازناوی پاڵەوانێتی لە پێشبڕکێکانی پارێزگاکاندا بەدەستهێناوە، پێشتر چەند جارێک بەهۆی چالاکی سیاسی و ڕەخنەکانییەوە لە دەسەڵات دەستگیرکراوە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئەسفەهانی ئێران دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی نووسینی درووشمی ناڕەزایەتی لەسەر دیواری شاری ئەسفەهان دەستگیر کرا و دوای چەند مانگێک بەشێوەی کاتی ئازاد کرا، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەسفەهان بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی” و “پڕوپاگەندە لە دژی دەوڵەت” سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.