"وەرن جەژنی چوارشەممە سور لە شەنگال پیرۆز بکەین"

هونەرمەند ئاوارەخان کە لەگەڵ شاندی کەنەکە سەردانی شانگالیان کرد بۆ پشتیوانی کردنی گەلی ئێزدی، داوای لە هەمووان کرد بێن و جەژنی چوار شەممە سور لە شەنگال پیرۆز بکەن.

 

ئەمیران سمۆقی

شەنگال- چالاکی چادری ئێشکگری لە ئاسایشی ئیزیدخان لە ڕۆژی ١٢٧یدا بە دروشمی "ئێمە هەموومان ئاسایشین" بەردەوامە، ڕۆژانەش سەردانی چادری ئێشکگرتن دەکرێت، دوێنێش شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە کە پێکهاتبوون لە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ سەردانی چادری پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزیدخانیان کرد، بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی چوار شەممە سوری ئێزدیان سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی شەنگالیان کرد، دواتر لەسەر گۆڕی شەهید دڵگیر و شەهید بەرخۆدان، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

 

"شەنگال پارچەیەک لە نیشتمان و لەشی ئێمەیە"

هونەرمەند ئاوارە خان، یەکێکە لە ئەندامی شاندەکەی کەنەکە و ڕایگەیاند، ئەوان بۆ پشتگیریکردن لە شەنگال هاتوون و ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە بۆ پشتگیری لە شەنگال هاتووین بۆ ئەوەی ئێشەکانمان پێکەوە یەک بخەین، شەنگال پارچەیەکە لە نیشتمان و لەشی ئێمە، ئێمە دەمانەوێت بە دوژمن بڵێین ئێمە لەگەڵ شەنگالین، ئێشی هەموومان یەکێکە و دڵخۆشین بە ئاوابوونی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و گەلی ئێزدی.

 

ئەو هونەرمەندە ئەوەشی هێنایە سەر زمان: " ئەگەر دەیان جاری دیکە هەوڵبدەن شەنگال، کۆبانێ، عەفرین و هەر جێیەکی دیکەی کوردستان وێران بکەن، گەل دووبارە ئاوەدانی دەکاتەوە، ئەو کەس و لایەنانەی کە هاوکاری دوژمنانیش دەکەن ڕۆژێک پەشیمان دەبنەوە، من بانگەوازی لە تەواوی گەلی ئێزدی دەکەن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بۆ خاک و مافی خۆتان تێکۆشان بکەن، دوژمنی کوردان یەکێکن و دەبێت تێکۆشانی ئێمە دژ بە هەموو هێزە داگیرکارەکان بێت، سڵاو بۆ هەموو ئەو ئێزدیانە دەنێرم کە خاک و باوەڕی و جەژنەکانیان پاراستووە، داواکارم هەموو ئیزدییان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و جەژنی چوارشەممە سور لەسەر خاکی خۆیان پیرۆز بکەن".

 

"هاتنی شاندی کەنەکە سەربەرزییە بۆ ئێمە"

ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئیزدی- تاژێ، نیسان شەنگالی بەخێرهاتنی شاندی کەنەکە دەکات و دەڵێت: " ئێمە وەکو گەلی شەنگال بەخێرهاتنی شاندی کەنەکە دەکەین، ئێمە بە پشتگیری ئەوان هێز و وزە وەردەگرین، داواکارین هەمووان پشتیوانی لە شەنگال بکەن، وەکو گەلی شەنگال جارێکی تر دەیڵێینەوە ئێمە خاکی خۆمان، چیا و چەکی خۆمان نادەینە کەس، ئێمە بە ڕۆڵەکانی خۆمان پارێزگاری لە ئاین و باوەڕی خۆمان دەکەین".

 

هاوسەرۆکی مەخەدەشە، غەزال ڕەشۆ ئاماژەی بەوەدا شاندکەەی کەنەکە پێکهاتوون لە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان، هاتنی ئەوان هێز و مۆڕاڵ دەداتە ئێمە، وتیشی: " ئێمە پێکەوە لە چادری بەرخۆدان بووین، دڵگەرمی و هاوسۆزییەکی زۆر هەبوو، ئێستاش ئێمە هاتووینەتە سەر گۆڕستانی شەهیدانی شەنگال، تا ئێوارەی جەژنی چوارشەممە سەر لەسەر گۆڕی شەهیدان مۆم هەڵبکەین و ئەو جەژنە پێکەوە پیرۆز بکەین".

 

ت.پ