وۆرکشۆپی ژن و ڕۆڵی هەرێمی و ژینگەیی دەستیپێکرد

وۆرکشۆپی ژن و ڕۆڵی هەرێمی و ژینگەیی لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنگرەی ستار و دەستەی ژنان و ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە حەسەکە دەستیپێکرد.

حەسەکە- بە دروشمی "لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان"، دەستەی بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمی و ژینگەییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە هەماهەنگی ژنانی بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەکادیمیای ژنۆلۆژی حەسەکە، وۆرکشۆپی ژنان و ڕۆڵیان لە ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمی و ژینگەییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە حەسەکە دەستیپێکرد.

 

١٥٠ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا و یەکێتی ژنانی گەنج و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمی و ژینگەییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشدارییان لەو وۆرکشۆپەدا کرد کە لە هاوینەهەواری شەتۆ لە شارۆچکەی توێنە لە حەسەکە بەڕێوەدەچێ.

 

ژنان لە بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیکدا هەنگاوی گرنگ دەنێن

ئیلهام مەتلی، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمی و ژینگەییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و وتی: "سەرەڕای ئەو دۆخەی ئێستا هەیە بە پڕۆسەیەکی نائاساییدا تێدەپەڕین لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە هەزاران هاوڵاتی سوریا گیانیان لەدەستدا هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە دژی هەرێمەکە بەردەوامە".

 

ئیلهام مەتلی ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئەو هەلومەرجە و عەقڵییەتی پیاوسالاریی، تێکۆشانی ژنان بەردەوامەو  ژنان هەنگاوی تایبەتیان لە بونیادنانی سیستمی دیموکراتیکدا ناوە و وتی: "هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ژنان لە ڕووی دەروونی و فیکرییەوە ئامادە بکەن بۆ ڕزگاربوون لەو زوڵم و نەریتە پیاوسالاریانەی کە لە ماڵەوە ژیانیانی سنوردار کردبوو و لە هەموو بوارەکانی ژیان دووری خستبوونەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە بزووتنەوەیەکی مێژوویی و گەشەسەندنی فراوانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەیە کە جەخت لە بەشداری ژنان لە تیۆری بونیادنان و گەشەپێدان دەکاتەوە.

 

وۆرکشۆپه له دوو بەش پێکدێت

وۆرکشۆپەکە لە دوو بەش پێکهاتووە لە بەشی یەکەمدا چوار بابەت هەیە یەکەمیان هاوژیانی ئازادە کە لەلایەن نۆفا عەلی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە پێشکەش دەکرێت.

 

بابەتی دووەم بە ناونیشانی "هاوسەرۆکایەتی لە نێوان چەمکی بیردۆز و پراکتیکدا" کە لەلایەن بێریڤان خالید ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبرێت.

 

لە سێیەمدا فیلمێک لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە شارەوانییەکانی جیهان نمایش دەکرێت.

 

لە چوارەمین بابەتدا، ڕۆڵی ژنان لە شارەوانییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، ڕۆڵی ژنان لە شارەوانییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ کرا لە لایەن ستێرا موراد، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی و ژینگەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی جزیرە بەڕیوەدەبرێت.

 

بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکە لە سێ بابەت پێکهاتووە، یەکەمیان بەناونیشانی "پەیوەندی سروشت و ڕۆڵی لەپاراستنی ژینگەدا" کە لەلایەن ئالا کەسمۆ، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنیکی شارەوانی مەنبجەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

بابەتی دووەم بەناونیشانی "سیستمی نوسینگەکانی ژنانی شارەوانی و میکانیزمی کار و ڕۆڵی ژنان لەبەشەکانی شارەوانییەکان" کە لەلایەن ژین بەکر، ئەندامی نوسینگەی ژنانی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی و ژینگەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی هەرێمی جزیرەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

بابەتی سێیەم بە ناونیشانی "ستراتیژی ئامادەکردنی پڕۆژە و پرۆژە شارەوانییە نموونەییەکان" کە لەلایەن بێریڤان عومەر، جێگری هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەرێم و ژینگەی جزیرەوە بەڕێوەدەبرێت.