وۆرکشۆپێکی ناوچەیی ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاری ناوچەیی و چاکسازییە لە یاساکانی خێزان
ڕێکخراوی ژنانی عەرەب، لە ڕێگەی وۆرکشۆپی ناوچەیی خۆیەوە، هەوڵدەدات یاساکانی خێزان لە ڕوانگەی یەکسانی ڕەگەزییەوە پەرەپێبدات، بە شێوەیەک کە شکۆمەندی مرۆڤ بپارێزێت و دادپەروەری جێگیر بکات و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەرەوپێش ببات.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی عەرەب بە هاوکاری وەزارەتی هاوپشتی، یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و خێزان لە شاری ڕەباتی مەغریب، وۆرکشۆپێکی ناوچەیی لە سەر "پەرەپێدانی یاساکانی خێزان لە ڕوانگەی یەکسانی ڕەگەزی لە جیهانی عەرەبیدا" لە ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەمدا ئەنجامدا، وۆرکشۆپەکە پەرلەمانتاران و پسپۆڕانی یاسایی و دادوەران و نوێنەرانی ڕێکخراوە حکومی و مەدەنییەکانی سەرانسەری جیهانی عەرەبی کۆکردەوە.
لە وتاری سەرەتاییدا، فادیا کیوان، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە، ڕوونیکردەوە، کە ئامانجی وۆرکشۆپەکە پەرەپێدانی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی بووە لە یاسادانان کە یەکسانی و دادپەروەری بەرەوپێش دەبات، جەختی لە گرنگی هاوکاری کردەوە و وتی: وڵاتانی عەرەبی هاوبەشی کولتوور و مێژوو و ڕاستیەکی کۆمەڵایەتی هاوبەشن کە لە ژێر کاریگەری چەندین هۆکاردایە، لەوانە شەڕەکان، ململانێ چەکدارییەکان، قەیرانە سروشتی و ئابوورییەکان و چەندانی دیکە، هەروەها ئیرادەی سیاسی لە وڵاتانی عەرەبیدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەیە.
"یاسای پەیوەست بە خێزان"
نەعیمە ئیبن یەحیا، وەزیری هاوپشتی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و خێزانی مەغریب، دووپاتی کردەوە کە وۆرکشۆپەکە لە چوارچێوەیەکی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا دێت کە بە گۆڕانکاری قووڵ و پەرەسەندنی پێویستی پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە خێزان بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی شکۆمەندی مرۆڤ و چەسپاندنی دادپەروەری و بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی تایبەتمەندە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی چاکسازی گەورە جێبەجێکراون، کە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە ڕێگاکەدا بەرەو چەسپاندنی مافەکانی ژنان و پاراستنی منداڵان و دامەزراندنی بنەماکانی یەکسانی پێکدەهێنن.
"پێشخستنی سیاسەتی دادپەروەرانە بۆ ژنان"
ئانێت فۆنک، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی "GIZ" ڕوونیکردەوە، کە پڕۆژەی "WoMENA" لەلایەن" GIZ" بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی عەرەبی "AWO" جێبەجێ دەکرێت بۆ پێشخستنی سیاسەتی دادپەروەرانە و لە کایەی سیاسی و ئابووری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا "MENA".
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە ناوچەکەدا بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ناوازەکانی وەک توندوتیژی و یاسای جیاکاری، بەتایبەتی لە بواری یاسای خێزان، کە هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات و سەرپەرشتیکردنی منداڵ بەڕێوەدەبات.
وۆرکشۆپەکە کە تا ڕۆژی ١٤ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت، وەک سەکۆیەکی کارلێککارانە بۆ بەشداربووان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانە لەسەر بابەتەکان لەوانە تێڕوانینێکی گشتی بۆ یاساکانی خێزان لە وڵاتانی عەرەبی، شیکاری بۆ ئەم یاسایانە و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانیان لە ڕوانگەی یەکسانی ڕەگەزییەوە، چۆنیەتی داڕشتنەوەی یاساکان بەو پێیە، ستراتیژییەکانی داکۆکیکردن لە یاساکانی خێزان، ئامرازەکان بۆ پەرلەمانتاران لە دەستەبەرکردنی گۆڕانکاری سەرکەوتوو، پلانی نیشتمانی، تۆڕ و هاوکاری لەسەر چاکسازییەکانی یاسادانان، لە کۆتاییدا، دیدگایەک بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو و میکانیزمەکانی بەدواداچوون.