"ھونەر و شانۆ و ڕۆشنبیریی سەنگی گەورەی بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگەیەکە"

ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژ دەڵێت: ژنانی بە ئەزموون لە بوارەکانی فکری و هونەری و شانۆی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، بەڵام کۆتوبەندی ئابووری و فکری هۆکارە بۆ دواخستنی چالاکی و بەرەوپێشچوونی هونەر و کولتوور و شانۆ لە لایەن ژنانەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_هونەر پایەیەکی گرنگی ڕۆشنبیرییە بۆ هێشتنەوەی کولتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک، لە ڕێگەی هونەرەوە مێژوو دابوونەریتی نەتەوەکان دەردەکەوێت، لە ناویاندا ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە بڵدن هێشتنەوەی ئەو هونەرەدا هەیە، بەڵام بە هۆکاری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئاستی هونەری کوردی لە باشووری کوردستاندا بەرەو ئاستی نزم هەنگاو دەنێت، هونەرمەندان هۆکارەکەی بۆ بێباکی دەسەڵات لە ئاست  بەرەوپیشبردنی هونەردا دەگەڕێننەوە، یەکیک لە هۆاکرەکانی پاشکەوتنی هونەر لە باشووری کوردستاندا، بۆ ئەو قەیرانە ئابووریە دروستکاروە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە زیاتر لە ١٠ ساڵە بۆ هاوڵاتیانیان خوڵقاندووە، ئەو قەیرانە ئابووریە بواری هونەریشی گرتوەتەوە، دۆخەکە بەجۆرێکە هونەرمەندان ناتوانن کار لەسەر جۆری هونەرەکەیان بکەن، ژنان لە ناویاندا ئاستەنگی بۆ کارکردنیان دروست دەبێت، لایەنی پەیوەندیداریش بێباکە لە کێشەی هونەرمەندان.

 

" سەرەڕای ئاستەنگییەکان ئیمەی ژنان لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی جیهان هونەرەکەمان بەرەوپێیش دببەین "

ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژ، ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی هونەر لە لایەن ژنانەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردی باسدەکات، دەڵێت: ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی لە سەرجەم سێکتەر و سیستمە جیاوازەکانی جیهاندا ڕوودەدات،  زۆر بە خێرای تەشەنە دەکەن، بە تایبەت سیستمی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگیدا، گۆڕانکارییەکان خێراتر دەبێت، لەگەڵ بەرەوپێشچونی سیستمەکەدا ئیمەی ژنان هەوڵی بەرەوپێشچوون بدەین، هۆکاری گەشەکردنی لایەنی کولتووری، فەرهەنی، زمانەوانی، مەعریفییەکان، ئەدەبی و ڕوناکبیری لە ڕێگەی  ئەو جوڵانەوە خێرایە و گەشەکردنە بۆ ئیمەی ژن دەستکەوتێکی گرنگ دەبێت، بنکەی روناکبیری گەڵاوێژ، ژنانی ڕوناکبیر ساڵانە بە کردنەوەی ڤیستیڤاڵ هاوکار و دەستپێشخەری بۆ بەرەوپێشبردنی توانای ژنان دەدەین، لە ڕێگەی بەهێزکردنی لایەنی فکری و مەعریفی ژنان هەوڵی باشترکردنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی تواناکانی ژنان بدەین، هەوڵی باشترکردن و وتنەوەی وانەکان بۆ ژنان بەردەوامی هەبێت، هەروەها زۆرێک لە ژنانی بە ئەزموون لە بوارەکانی فکری و هونەری و شانۆی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، بەڵام کۆتوبەندی ئابووری و فکری هۆکارە بۆ دواخستنی چالاکی و بەرەوپێشچوونی هونەر و کولتوور و شانۆی لە لایەن ژنانەوە، هەروەها زەمینەسازییەک بۆ ژنانی شانۆکار و سینەماکار لە ڕووی ئابووری و فکرییەوە بۆ کارکردن نەڕەخسێندراوە، تا بە ئازادانە کار لە بوارەکەی خۆیاندا بکەن. 

 

" کۆتوبەندەکان ڕێگە بە بەرەوپێشبچوونی ژنانی هونەرمەند دەگرن"

ئیبتیسام ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، کۆتوبەندە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆسەر ژنانی شانۆکار هۆکارە بۆ بەرەوپێسنەچوونی شانۆکاری ژن، وتیشی: ژنان توانای زۆر باشیان لە شانۆو بەرەوپێشچوونی هونەرەکاند هەیە، دەبیندرێت لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان لە ناوچەکەدا چەندین خوێندکاری بە ئەزموون ساڵانە بڕوانامەی دەرچوون بە سەرکەوتووی وەردەگرن، بەڵام ئەو کۆت و بەندە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە هۆکاری سەرەکی دەستبەکارنەبوونی ژنانە لە بوارەکەدا، لە ڕووی ئەکادیمییەوە چەندین ژن بۆ کاری شانۆکاری و هونەری دروست دەبن، سەرڕای هەبوونی کێشەکان لایەنی پەیوەندیدار

هەوڵ بۆ پەرەپێدانی ڕۆشنبیری ناداتت، تا ئێستە کەمترین بودجە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کە لە لایەن حکومەتی هەریمەوە دابینکراوە، لە کاتیکدا دەتواندرێت ساڵانە لە ڕیگەی کردنەوەی ڤیستیڤاڵی هونەری و کولتووریی و فلیمسازییەوە زەمیینەی کارکردنی ژنان لەو بوارانەدا دەستەبەربکات، ئەگەر سەرجەم سێیکتەرەکانی سیاسیی و ئابووری سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینێت، ژنان ناتوانن لە بواری هونەری و کولتووریدا پەرە بە کارەکانیان بدەن، کۆتوبەندەکان لەبەردەم گەنجان بەردەوام لە زیادبوندایە، کە ئەم بارودۆخە هونەریەش کۆتوبەندێکی دیکەیە تا گەنجان لە کاری هونەری دووربخاتەوە.

 

"ژنان بە پێکەوەیی ڕووبەڕووی ئاستەنگە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە "

دکتۆرە ئیبتیسام ئیسماعیل، لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: بەشێک لە گەنجا لە ڕێگەی هەوڵی تاکەکەسییەوە توانیویانە چەندین کاری هونەری و کولتووری و شانۆی ئەنجامبدەن، گەنجان سەرەڕای بارودۆخە ئابووری و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە بەشداری لە ڤیستیڤاڵەکانی ڕوناکبیری گەلاوێژ دەکەن، کاتێک لیژنە بۆ تاوتویکردنی کارەکانیان دروستدەکرێت، گەنجان لە ململانێی وەرگرتنیاندا چەندین کاری هونەری نوێ دەخەنە بەرچاوو، هەروەها کارە هونەرییەکان پێویستی بە یەکگرتووی هەیە، ژنان لە ناویاندا زیاتر هەوڵ بۆ پێکەوەی دەدەن، تا بتوانن ڕوبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی، سیاسیی و ئابووری ببنەوە، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی بەکارهێنانی وشەی نەشیاو بۆ ژنانی هونەرمەند لە چەندین بواری گرنگا، بەڵام ژنان بە پێکەوەی هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئەقڵیەتە دەدەن.