پەرلەمانتارانی ئێران یاسای "پاکی و حیجاب" بەناوی پاراستنی ژنانەوە جارێکی دیکە دێننەوە بەرباس

لە چوارچێوەی پاکێجی یاسادانان بەناوی "پێشگیری لە توندوتیژی دژی ژنان"، بەشێک لە ژنە پەرلەمانتاران لە ئێران جارێکی دیکە "یاسای پاکی و حیجاب"یان دێننەوە بەرباس، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی نوێ سنووردارکردنی پێشوو بسەپێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و یاساکانی پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار لە زیادبووندایە. حکومەت سیاسەتی کاریگەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دۆخە داناڕێژێت، ئەمەش ڕەخنەی لێدەکەوێتەوە.

 

بە وتەی چاودێران، ئەم هەنگاوە پێشتر بە بڕیارێکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایش ڕاگیرابوو، بەڵام ئێستا لە هەوڵی دووبارە دەرکردنی ئەو بڕگە ڕێگرییانەدان. ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم، ڕاپۆرتێکی هەواڵی لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا بڵاوکرایەوە و تیایدا باس لەوە کرا کە بەشێک لە پەرلەمانتاران دەیانەوێت بڕگەیەک لە ڕەشنووسی "یاسای پاکی و حیجاب" لە ڕەشنووسی نوێدا لە ژێر پەردەی "ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان" بخەنە نێو پڕۆژە نوێیەکەوە.

 

هەوڵدان بۆ دووبارە هێنانە ناوەوەی بڕگە کۆنەکان بۆ ناو یاسای نوێ

بەپێی زانیارییەکان، یاسادانەرانی توندڕەو، دوای ئەوەی هیوایان لە جێبەجێکردنی "یاسای پاکی و حیجاب" لەدەستدا، هەوڵدەدەن بیرۆکەکانیان بخەنە ناو یاسایەکی نوێوە کە بۆ پاراستنی ژنان ئامادە دەکرێت. دەقی چوارچێوەکە لێدوانی وەک؛ "بۆ پیاوان ژیانێکی بە شکۆ دەست پێدەکات" سەبارەت بە شێوازی جل و بەرگی ژنان. ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ دووبارە هێنانەکایەی سنووردارکردنە کۆنەکان بە شێوەیەکی جیاواز.

 

حکومەتی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە مانگی ئایاردا ئەو ڕەشنووسی یاسایەی کە باسی لێوە دەکرێت لە ئەنجومەن کشاندەوە. زەهرا بەهروز ئازار، جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ژنان و خێزان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ڕەشنوسی یاساکە لەلایەن کۆمیسیۆنێکی نادادی وەرگیراوە، هەروەها ناوەڕۆکەکەی گۆڕانکاری ڕیشەیی کراوە و ناونیشانە ڕەسەنەکەی بەتەواوی گۆڕدراوە.

 

هێنانە ناوەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە لە بەرنامەی کاردا ئاستێکی نوێ لە فشار بۆ سەر ژنان زیاد دەکات لە وڵاتداو ئەمە لە کاتێکدا دەکرێت کە ڕووداوەکانی توندوتیژی لە زیادبووندایە.