ڕێواز فایەق: ٪٥٠ توندوتیژییەکان لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە ئەنجامدەدرێت

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی سەر ژنانی گەڕاندەوە بۆ ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و کەموکورتی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ کۆنفرانسی "ستراتیژی یەکسانی جێندەر و تواناسازی ژنان" لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد و لە وتارێکیدا باسی لە توندوتییەکانی سەر ژنان کرد.

 

ڕێواز فایەق، دەربارەی زیادبوونی توندوتیژییەکان لە ساڵانی دواییدا ئاماژەی بەوەدا کە شێوازی توندوتیژییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بە شێوەیەکی بەربڵاوتر ڕێگای خۆشکردووە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان.

 

ڕێواز فایەق بەم شێوەیە باسی کرد و وتی: " ئەو ئامارانەی لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە دەزگا فەرمییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ٪٥٠ توندوتیژییەکان دژی ژنان لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها  مایەی نیگەرانییە کە ساڵ بە ساڵ ڕێژەی توندوتیژییەکان لەناو کۆمەڵگە و خێزاندا لە زیادبووندایە."

 

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کەموکوڕتییەکان لە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنانە و ئەو یاسایە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە.

 

هەروەها ڕێواز فایەق وەک سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن لە هەر کەلێن و ناتەواوییەک لە بواری یاسادانان و چاودێریکردن کە هۆکار بێت بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان، وتیشی: "لیژنە پەرلەمانییە تایبەتمەندەکانیش بە بەرپرسیار دەزانین لە ئەرکی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسا بەرکارانەی، کە لە بەرژەوەندی ژنانن و جێبەجێکردنیان دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی ھەرێم."

 

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوەشی خستەڕوو لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازە یاسایەکی تازەکرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراوە، و لە کۆنفرانسەکەدا داوای لە پسۆڕان و شارەزایانی ئامادەبوو کرد کە بە سەرنجە زانستی و ئەکادیمییەکانیان ھاوکارى لیژنە تایبەتمەندەکانی بن لە نووسینەوە و داڕشتنی بڕگە و ماددەکانی ناو یاساکە، بەجۆرێك، کە ھەلومەرجێکی بێ کەموکوریی بۆ دامەزراوە فەرمیەکان و دادگاکان برەخسێنێت، کە بتوانێت بەربەست و ئاڵنگارییەکانی بەردەم یاسای ژمارە ( ٨ ) ی ساڵی ٢٠١١ تێبپەرێنێت.

 

ت.پ