ڤیۆلا ڤون کرامۆن: هه‌ڵبژاردن لە رووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیكرده‌وه‌، ماوەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردن و پڕۆسەکەش بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڤیۆلا ڤون کرامۆن سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە بەغدا راپۆرتی هەڵسەنگاندنی تیمی چاودێرانی یەكێتی ئەوروپای ئاشکرا کرد و تیایدا رایگەیاند، پڕۆسەکە لەرووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو، ماوەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنیش بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، ئەمەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلێك بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری خۆی بدات.

ئاشكراشیکرد، لە رۆژی هەڵبژاردندا زیاتر لە ١٠٠ چاودێریان لەسەرانسەری وڵات سەردانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیان کرد و بەگوێرەی راپۆرت چاودێرەکانیشیان لە زۆربەی ناوچەکان پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام و بەیاسایی بەڕێوەچوو

سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن وتیشی: "ستایشی عێراق و گەلەکەی دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسە ئارامە، دەنگدەرانیش توانیان بەشێوەیەکی ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، نوێنەر کیانە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆییش لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون و پڕۆسەی دەنگدان و رێکارەکانیش بەشێوەیەکی فراوان جێبەجێکران".

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەی دەنگدانەکە بە پۆزەتیڤی وەسف کرا و چاودێرانیشیان سەردانی ٩٥٪ی بنکەکانیان کردبوو، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا پڕۆسەکە ئاڵۆزکرا، بەهۆی کارنەکردنی ئامێری پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەك هاووڵاتی لە مافی دەنگدان بێبەش بن، وتیشی: "چاودێرەکانیشمان بەهەمان شێوەی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردنیان بە کەم وەسف کردووە".