ڤیان سۆران؛ گۆشکراو بەبیری ئازادی

ڤیان سۆران، کە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە درکی بە زوڵم و ستەمی سیستمی کۆمەڵایەتی کردو هەمیشە ڕووبەڕووی عەقڵیەتی کۆنەپارێزی بووەوە، بووە پێشەنگ و هێمای خۆڕاگریی و ژیلەمۆی ئازادیی.

ناوەندی هەواڵ

 

لەیلا والی حسێن بە ناوەکانی “ڤیان جاف، ڤیان کاروخ و ڤیان سۆران” ناسراوە، لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لە خوێندکارە دیار و هەڵکەوتووەکان، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە درکی بە زوڵم و ستەمی سیسەمی کۆمەڵایەتی کردووە و هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو عەقڵییەتە کۆنەپارێزە بووەتەوە، کە ژنی سەرکوت و بێ ئیرادە کردووە،  لە بەهاری ساڵی ١٩٩٧ واز لە خوێندن دەهێنێت و بەشداری شۆڕشی ئازادیی گەلی کوردستان دەکات، دواتر لەسەر داخوازی و پێداگریی خۆی، گۆڕەپانی شەڕ وەک یەکەمین بەشداریی شۆڕشگێڕانە هەڵدەبژێرێت و بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەکات.

 

لە ساڵی ١٩٩٨ ڤیان سۆران بەشداری لە کۆنفرانسی باشووری کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٠ بەشداری لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوێستانەکانی “دۆڵەکۆکێ” دەکات، بیر و بۆچوونەکانی دەبێتە مایەی تێرامانی هەموو ئەندامانی کۆنفرانسەکە، دواتر بەشداریى لە خەباتی ڕێکخستنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکات و لە گەیاندنی پەیامی ئازادیی دا و تێکۆشان لەپێناویدا، مایەی سەرنجی ئەو جێگایانە دەبێت کە لە پارچەی کوردستان دا کاردەکات.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە پێناو بەرگریکردن لە تێکۆشان و خەباتەکانی کورد لە باشووری کوردستان ڕۆڵێکی مێژوویی بینی وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (بزاڤی چارەسەری دیموکراتى) و پاشانیش لەیەکەمین کۆنگرەی “پەچەدەکە” لەساڵى ٢٠٠٢ـدا وەک ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی و مەکتەبی سیاسی، خاوەن ڕۆڵێکی بەرچاو بوو لە پێشخستنی خەباتی ڕێکخستنی و ڕاگەیاندنی و بوارەکانی دیکەی تێکۆشانی “پەچەدەکە”.

 

پاشان لە چوارەمین کۆنگرەی بزاڤی ژناندا دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی پارتی ژنی ئازاد و ڕۆڵێکی کاریگەری لەتێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی ژندا دەبێت.

 

تێکۆشان و خەباتەکانی بۆ ئازادیی ژنان

لەساڵی ٢٠٠٣ـدا ڤیان سۆران وەک ئەندامێکی دەستەی گشتیی بەشداریی لە دامەزراندنی “کۆنگرەی گەل”ـدا کرد و لەکۆمیتەی کاروباری ژناندا بەبەرپرسیارێتی لەئەستۆ گرت و لە دژی هەموو هەوڵە تەسلیمکاریی و تێکدەرانەکاندا تێکۆشا. پاشان چووە ڕیزەکانی “هێزی پاراستنی گەل-هەپەگە” و وەک فەرماندەیەکی یەکینەکانی ژنی ئازاد یەژا ستاردا لەناوچەی “هەفتانین”ـی بادیناندا بە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆگرت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژێر ڕێنمایی ڕێبەر ئاپۆدا کە “شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە” وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ڕۆڵی سەرکردایەتی ژنانی لە باشوور گێڕا.

 

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ گەلەکۆمەی نێودەوڵەتى دژی ڕێبەر ئاپۆ کرا، ڤیان جاف هەرگیز ئامادە نەبوو ئەم گەلەکۆمەیە قبوڵ بکات، بۆیە خۆی لە نامەى کۆتاییدا وتی: هەرگیز نەمدەتوانی هەشتەمین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات قبوڵ بکەم، بۆیە پێویست بوو وەک بورکانێک ڕووبەڕووی سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی دووژمنانی ئازادیی ژن و گەلی کوردستان ببمەوە.

 

لەشەوی ١ لەسەر ٢ی شوباتی ٢٠٠٦ـدا لە ناوچەی هەفتانین بە دروشمی "سەرلەنوێ واتادایین بەگوتەکانمان" چالاکی گیانفیدایی ئەنجام دا.