لە هەولێر ئەفسەرێکی ژن وەک بەرپرسی بنکە نموونەییەکانی پۆلیس دەستنیشان کرا
لە هەولێر ئەفسەرێکی ژن وەک بەرپرسی بنکە نموونەییەکانی پۆلیس دەستنیشان کرا، کە بۆ یەکەمجارە ئەفسەرێکی ژن ئەم پێگەیە وەردەگرێت.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بەرپرسی بنکە نموونەیەکانی پۆلیس و پێگەی ژنان لە سەرکردایەتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ستراتیژی چاکسازی لە پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی چوار بنکەی نموونەیی پۆلیس دەستنیشان کران، کە یەکێکیان ئەفسەرێکی ژنە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی ژنان له سەرکردایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە بەرپرسی بنکە نموونەییەکانی پۆلیس کە بنکەی کەسنەزانی پارێزگای هەولێرە، ئەفسەرێکی ژن وەک بەرپرسی بنکەکە دەستنیشانکرا کە بۆ یەکەمجارە ئەفسەرێکی ژن ئەم پێگەیە وەردەگرێت.
ئەوەشیخستەڕوو کە لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) بنکەی پۆلیسی نمونەییمان کردووەتەوە و لە داهاتوودا ئیدارە سەربەخۆکانیش دەگرێتەوە.
باس لەوەشکراوە، ئامانج لە کردنەوەی ئەم بنکانە ئەوەیە ببنە ناوەندی تاقیکردنەوەو جێبەجێکردنی شێوازی نوێی کارکردنی پۆلیس و نوێکردنەوەی ئەرکەکانیان بۆ باشتر پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان، کە تێیاندا کۆمەڵێک لە دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە یەک بنکەدا کۆدەکرێنەوە.