سنۆبەر ئاڤانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمی بەدەستهێنا

دەرهێنەر سنۆبەر ئاڤانی بە فیلمی ئەنیمەیشنی دریم (خەون) لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی بۆ گەنجان بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

فیلمی ئەنیمەیشنی خەون-dream لە دەرهێنانی سنۆبەر ئاڤانی لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی باشترین ئەنیمەیشنی بۆ گەنجان پێبەخشرا، سنۆبەر ئاڤانی لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە کە توانیویەتی لە ڕێگەی ئەنیمەیشنەکەیەوە چیرۆکی ژیانی ئەو منداڵانە بگێڕێتەوە کە بە هۆی جەنگەوە زێدی خۆیان بەجی هێشتووە و پەنابەری وڵاتێکی دیکەن.

 

ئەو دەرهێنەرە لە فیلمەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر منداڵان و گەنجانی پەنابەر کە لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری خەونەکانیان نەبن و سەرەڕای ڕێگە دژوارەکانیشیان، لە کۆتاییدا دەتوانن خەونەکانیان بەدیبهێنن گەر هەوڵی بۆ بدەن.

 

سنۆبەر ئاڤانی لە ساڵی ١٩٦٤ لە کوردستان لەدایکبووە، شارەزای بواری وێنەکێشان و ئەنیمەیشنە و لەگەڵ دوو کۆمپانیای گرنگی بەرهەمهێنانی فیلم، ئەنیمەیشن و کارتۆن کاری کردووە بە ناوی "Dansk Tegnefilm" و "Tinyfilm".