یونسێف لەسەر ژیانی منداڵانی ئۆکراینی و فەلەستینی هاتە دەنگ

١٠٠ ڕۆژ شەڕ لە ئۆکراینا دۆخی ٥ ملیۆن منداڵی ئۆکرانی خستووەتە سەختییەوە کە پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەبێت، لە ماوەی ٥ مانگیشدا ١٣ منداڵ لە فەلەستین کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی منداڵان، یونیسێف ڕایگەیاند نزیکەی ١٠٠ ڕۆژە شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوامە و ئەو وێرانکارییەی مەترسی بۆ ژیانی منداڵان دروستکردووە لە جەنگی جیهانیی دووەمیشدا نەبینراوە.

 

بەپێی یونیسێف ٣ ملیۆن منداڵ لە ناو ئۆکراینا و زیاتر لە ٢.٢ ملیۆن منداڵی ئۆکرانی ئاوارەبوو، پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، بە تێکڕاییش ڕۆژانە زیاتر لە دوو منداڵ لە ئۆکراینا دەکوژرێن و زیاتر لە چوار منداڵیش بریندار بوون، لە سەرەتای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بە لایەنی کەمەوە ٢٦٢ منداڵ کوژراون و نزیکەی ٢٥٦ بینای مەدەنیش لە بنکەی تەندروستی، قوتابخانە و شوێنەکانی دیکە وێرانبوون.

 

کاترین رەیسێل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف پەیامێکی بەبۆنەی ١ی حوزەیران بڵاوکردەوە و وتی: لە جیاتی ئاهەنگ گێڕانی ئەم ڕۆژە، لە ٣ی حوزەیران و ١٠٠ەمین ڕۆژی هێرش بۆ سەر ئۆکراینا نزیک دەبینەوە کە تێیدا ژیانی ملیۆنان منداڵ خرایە مەترسییەوە.
 

لە فەلەستین ١٣ منداڵ کوژراون

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوبەری هەرێمی یونیسێف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا ١٣ منداڵی فەلەستینی کوژراون و داوای پاراستنی مافەکانی منداڵان لە هەموو لایەک دەکات.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە لە ماوەی یەک هەفتەدا، ٢٣-٣٠ی ئایار، سێ منداڵ کوژراون، ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی: بەراورد بە ساڵی پار کوشتنی منداڵان دوو هێندە زیادیکردووە، کوشتنی ئەو ١٣ منداڵە تەنها لەمساڵدا بە واتای ونبوونی ١٣ ژیان، شکاندنی ١٣ ژیان و لەناوبردنی ١٣ خەونە.