ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ کوشتنی ئەم دواییەی سێ ژنیان لە تورکیا شەرمەزار کرد

ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ، کوشتنی ئەم دواییەی سێ ژنیان لە تورکیا شەرمەزار کرد و هۆکاری تاوانەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە بە "کەلێنەکانی سیستەمی سزادان" پێناسەیان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تاوانێکی ترسناک ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای هەژاند، کاتێک زیندانییەک کە بەم دواییە بە کەفالەت ئازاد کرا، پێش ئەوەی ژیانی خۆی کۆتای پێنهێنێت، تەقەی لە دایک و هاوژی و کچەکەی کرد و کوشتنی، ئەم ڕووداوە ناڕەزایی بەرفراوانی لای گروپەکانی مافی مرۆڤ و ژنانی لێکەوتەوە.

 

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، تاوانبارەکە بە تۆمەتی ساختەکاری و هەڕەشەی چەکداری سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، پێش ئەوەی لە سەرەتای مانگی شوباتدا بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ ئازادکردنی کاتی پێبدرێت، لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، ناکۆکییەکی خێزانی سەریهەڵدا و بە کۆمەڵکوژی کۆتای هات.

 

ئەم ڕووداوە تیشکی خستۆتەسەر پرسی ئازادکردنی کاتی، لیژنەکانی هاوپشتی ژنان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ساڵی ڕابردوودا شەش ژن بە دەستی زیندانییە هەڵهاتووەکان یان ئازادکراوەکانی کاتی کوژراون، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی فەرمی دەربکرێت و هیچ لێپرسینەوەیەک لە بەرامبەر ئەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن.

 

پلاتفۆرمی "ئێمە ژنکوژی ڕادەگرین" ئەو بڕیارەی شەرمەزارکرد کە بە "نەرمی یاسایی" پێناسەی کرد و ئێوارەی ١٠ی شوبات لە ئەنقەرە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی ڕێکخست، لە ناڕەزایەتییەکەدا،ئاماری شۆککەری ساڵی ٢٠٢٥ ئاماژەی پێکراوە، کە تێیدا ٢٩٤ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، لەکاتێکدا تەرمی ٢٩٦ ژن لە هەلومەرجێکی نهێنیدا دۆزراونەتەوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ٣٥٪ی زیانبەرکەوتووان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون، هەروەها لە ٥٧٪ی تاوانەکاندا چەک بەکارهێنراوە.

 

ئەم دوایین تاوانە تۆمارێکی تاریکی توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیادا زیاد دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە داواکارییەکان بۆ چاودێریکردنی توندتر لە سیستەمی ئازادکردنی کاتی و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان هەیە.