تورکۆغڵو: گەلان پێویستییان بە شەڕ نییە، بەڵکو پێویستییان بە ئاشتی هەیە

هانیدە تورکۆغڵو، وتەبێژی مەجلیسی ژنانی پارتی دەم، ئاماژەی بە گۆشەگیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، لووتکەی ناتۆ و پێشێلکارییەکانی ناو بەندیخانەکان کرد و ڕایگەیاند کە ژنان گەورەترین زیانمەندی شەڕن، بۆیە پێویستە دەوڵەت هەنگاو بەرەو ئاشتی بنێت

ئەنقەرە

هانیدە تورکۆغڵو وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ، پێش کۆبوونەوەی مەجلیسی ژنانی پارتەکەی، لە بارەگای سەرەکی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا.

 

تێکۆشانی هاوبەش دژی دەسەڵاتی پیاوسالاری

هانیدە تورکۆغڵو لە وتارەکەیدا، یادی ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد (DTSO) "نەوین ئیل"ی کردەوە کە کۆچی دوایی کردووە، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانیان دەکەن و پلانی کۆبوونەوەکانی داهاتوویان دادەڕێژن. تورکۆغڵو سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر سیمپۆزیۆمی "جیۆپۆلیتیکی کوردستان و دۆخی ژنان" کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو و وتی: کۆبوونەوەی ژنان بەم شێوازە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە شەڕ و پێکدادانی تێدا زۆرە، گرنگییەکی زۆری هەیە. پێویستە ئێمەی ژنان هێزی خۆمان گەورەتر بکەین و تێکۆشانی هاوبەشمان دژی دەسەڵاتی پیاوسالاری بەهێزتر بکەین.

 

بانگەوازی ئاشتی و لووتکەی ناتۆ

هانیدە تورکۆغڵو ڕایگەیاند کە لووتکەی ناتۆ بۆ بەرفراوانکردنی شەڕی داگیرکەران ئەنجام دراوە و وتی: ئێمەی ژنان دژی بڕیارەکانی شەڕی ئەم لووتکەیەین. گەلان پێویستییان بە شەڕ نییە، بەڵکو پێویستییان بە ئاشتی هەیە. پێش لووتکەکە چەندین کەس دەستبەسەر و دەستگیر کران. هەروەها هاووڵاتییان ناچار کران لە ماڵەکانیان دەربچن. ئێمە دژی ئەم جۆرە ڕەفتارانەین. ئێمەی ژنان داکۆکی لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەین. شەڕ زیاتر لە هەرکەسێک کاریگەری خراپ لەسەر ژنان جێدەهێڵێت. ئێمەش پشتیوانی لە ئاشتی دەکەین. دەبێت بەپێی ئەم بانگەوازە و قۆناغەکە هەنگاو بنرێت.

 

گۆشەگیری مەترسییە لەسەر پڕۆسەکە

هانیدە تورکۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ٤٥ ڕۆژە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەکراوە و وتی: هێشتا گۆشەگیری هەڵنەگیراوە و مەرج و بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان چاک نەکراوە. ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر پڕۆسەکە. بزووتنەوەی ئازادی هەموو ئەو هەنگاوانەی کە لەسەر شانی بوون هاوێشتوویەتی. دەبێت دەوڵەتیش بۆ پڕۆسەکە هەنگاو بنێت. ئێمەی ژنان ڕێگە نادەین ئەم پڕۆسەیە لەبارببرێت. بەیانی لە ساڵیادی چەکداناندا، بەپێی بانگەوازی دەستپێشخەریی ژنان بە ناوی پێویستم بە ئاشتی هەیە لەبەردەم پەرلەمان لێدوانێک دەدرێت. ئێمەش بەشداری لەم لێدوانەدا دەکەین و پشتیوانی دەکەین. دەبێت پەرلەمان گوێ لە داواکاریی ژنان بگرێت و بەپێی ئەوە هەنگاوی پێویست بنێت.

 

گوشارەکانی ناو بەندیخانەکان و مانگرتن لە خواردن

هانیدە تورکۆغڵو ڕایگەیاند کە پێشێلکارییەکانی ماف لە بەندیخانەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن و وتی: لە بەندیخانەی سینجان گوشارەکان لەسەر ژنانی بەندکراو زیاد دەکات. ژنانی بەندکراوی ئاسایی  بەهۆی گوشارەکانەوە خۆیان دەکوژن. بانگی بەڕێوەبەرایەتی بەندیخانەکە دەکەین کە ڕێز لە مافی بەندکراوان بگرن. هەروەها لە بەندیخانەی ئامەد، سەدا باینکان کە لەژێر گۆشەگیریدایە، ماوەی ١٠٠ ڕۆژە لە مانگرتنی لەخواردندایە. داواکاریی سەدا بایکان ئەوەیە گۆشەگیرییەکەی لەسەر هەڵبگیرێت و بگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەی کاندرایە، تا بتوانێت چاوی بە دایکە نەخۆشەکەی بکەوێت. بانگی وەزارەتی داد دەکەین کە گۆشەگیری سەر بەندکراوان هەڵبگرێت و داواکاری گواستنەوەی سەدا بایکان جێبەجێ بکات.

 

پەیماننامەی ئەستەنبوڵ بۆ پاراستنی ژنان

هانیدە تورکۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی حوزەیراندا ٢٩ ژن کوژراون و وتی: مردنی ١٤ ژن بە گوماناوی تۆمارکراوە. هۆکاری کوشتنی ژنان، سیاسەتەکانی دەسەڵاتە دژی ژنان. دەسەڵات دوژمنایەتی ژنان دەکات. ژنان لە لایەکەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و لە لایەکی تریشەوە ڕەنج و ماندووبوونیان بێبەها دەکرێت. بۆ پاراستنی مافی ژیانی ژنان، پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ.

 

ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی ژنان

هانیدە تورکۆغڵو لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە پێش کۆنگرەکە، بە دروشمی بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کۆنفرانسی هەرێمی خۆیان ساز دەکەن و وتی: لە کۆنفرانسەکەدا ئەو پەیامانەی هاتوونەتە پێش هەڵدەسەنگێنین و تێکۆشانی مەجلیسی ژنان بەپێی پێشنیارەکان سەرلەنوێ ڕێکدەخەینەوە. لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژناندا کار و چالاکی تایبەت ئەنجام دەدەین، لە ڕۆژانی ٢٠-٢١ی تەباخ یشدا لە ئەنقەرە کۆنفرانسی ناوەندیی ژنان ساز دەکەین. بەم کارانە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بەهێزتر دەکەین.