"توندوتیژییەکان لەجەستەییەوە بەرەو توندوتیژی دەروونی هەنگاودەنێن"
مامۆستایانی ژن لە زانکۆی کۆیە دەڵێن: ئێستا توندوتیژییەکان لە جەستەییەوە بۆ دەروونی گۆڕاون، دەبێت ژنان خۆیان هۆشیاربن و ژنان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو بنەمایانەی خۆی باوەڕی پێیەتی نەک بەپێی ئەو سیستمەی بۆی داڕێژراوە یان خێزان بۆی داناوە.
شیا کۆیی
کۆیە- لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەنگ وسەدای ژنانی زوڵم لێکراو بەبەر گوێماندا دێتەوە دەنگ و هەنسکی ژنانی بێ نەواو کوژراو بەبیانووی چەندین ناوی بێواتا خڵتانی خوێن دەکرێن، هێشتا وێنەو ناوی ئەو ژنانەمان لەخەیاڵە کە بەبێ نازی وچاوی پڕ فرمێسک چونە ژێر گڵ، هەرچەندە ڕۆژانە عەقڵە پیاوسالارەکان خۆیان بەژن هەڵدەدەنەوە ودەڵێن ئێمە پارێزەری ژنانین، لەهەمانکات هۆکارن بۆ توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژن.
چەند مامۆستایەکی زانکۆ سەبارەت بەم پرسە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کردو هەریەکەیان بۆچوونی جیاوازی هەیە بەرامبەر بەو توندووتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.
"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن"
خالیدە قادر فەرەج، مامۆستاو پسپۆری خانەشین لەبواری دەروونی لەزانکۆی کۆیە، سەبارەت بەوتوندوتیژیانەی بەرامبەر بەژن دەکرێت وتی: بەداخەوە ژنان زۆر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و مافیان پێشێل دەکرێت، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژن دەکرێت بەزۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ چاودێرییەکی لەسەرنییە ڕۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕن لەناو کۆمەڵگە وهەرکەسەو بە ئارەزوی خۆی دیدار دەکات بەبێ ڕەچاوکردنی هەستی کەسی بەرامبەر.
مامۆستا خالیدە وتیشی: ئەو بەیانیە مۆبایلەکەم لەدەستبوو بینیم باسی ژنێکە کە تازە چۆتە شوقەیەک و ژنێکی بێ کەسە، بینیویانە پیاوێک چۆتە ماڵەکەی بێ ئەوەی بزانن ئەو پیاوە کێیە کەوتونەتە تۆمەتبارکردنی ئەوژنە گوایە پیاوێک هاتۆتە شوقەکەی! من ئەوەم بیست مچوڕک بەگیانمداهات شۆک بوم کە بۆچی دەبێت ژنێک بەم جۆرە توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، بەداخەوە ڕۆژانە ئەوشتانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین.
ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆمەڵگەش ڕۆڵی خراپ دەبینێت لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن ، وتی: خێزانەکانیش ڕۆڵیان هەیە لەتوندوتیژی چونکە بەهۆی پەروەردەی خراپ و ئەو منداڵانەی لە خێزانێکی شڵەژاو ژیاون کاریگەری خراپیان هەیە لەسەرکۆمەڵگە کە گەورەبوون لەڕێگا دەردەچن، هاوکات نەداری و ئابووری توندوتیژی دروست دەکات، لەکۆتایدا هیوادارم ژنان بگەن بە مافی خۆیان و ژنانی بەتوانا هەوڵدەن ئەو دیاردانە نەهێڵن کە بەرامبەر بە ژن دەکرێت.
بەناز فاتیح، جێگری بەرپرسی ئەنستویتی زەینەب خان لەکۆیە، سەبارەت بەتوندوتیژیەکان بەرامبەر بەژنان، بە گەشبینیەوە دەڕوانێتە کۆمەڵگەی کوردی و وتی: لە کورستان توندوتیژیەکان کەم بۆتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی ژنان خۆیان هۆشیارن بە مافەکانی خۆیان، هاوکات بونی ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگە مەدەنیەکان کاریگەریگەریان هەبووە لە ڕۆشنبیرکردنی ژنان و کۆمەڵگاش تاڕادەیەک تێڕوانینی گۆڕاوە بەڕامبەڕ بە ژن و پیوانی تێگەیشتون لەوەی کە ژنیش مرۆڤیکە یەکسانە بە مافەکانی خۆی و ژیان کردنی خۆی، بۆیە لەکوردستان توندوتیژیەکان کەمترن لەچاو وڵاتانی دیکە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو بنەمایانەی خۆی باوەڕی پێیەتی نەک بە پێی ئەو سیستەمەی بۆی داڕێژراوە یان خێزان بۆی داناوە، وتی: بۆیە دەبێت ژن خۆی هۆشیار بێت بەوسنورەی کە پێویستە بۆی وەک مرۆڤێک وەک تاکێک و ڕێگر بێت لەو توندوو تیژیانەی بەرامبەری دەکرێت.
"توندوتیژییەکان لە جەستەییەوە بۆ دەروونی گۆڕاون"
شادان شوکر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەبەشی کوری زانکۆی کۆیە، سەبارەت بەتوندوتیژییەکان بەڕامبەر بە ژن، وتی: ئێستا توندویژیەکان گۆڕاون لەتوندوتیژی جەستەیی بۆ توندوتیژی دەرونی، توندوتیژیەکان هەر هەن بەڵام زیاتر بۆتە دەروونی ئەویش بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە جیهانی تەنیوە، و کاریگەری توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. کە بەهۆی ئەوەی قەیرانی دارایی هەیە ژنان هەوڵی کارکردن دەدەن، بەوەش زیاتر توندوتیژی بەڕامبەر بە ژنان دەکرێت، زۆربەی کات هەر لەچاوپێکەوتنی ئیشدا داوای شتی ناڕەوایان لێدەکرێت تا ناچاربن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان ڕازی بن بەهەموو شت و بێدەنگ دەکرێن لەو توندووتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت. بۆیە پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بکرێنەوە و هەمیشە کۆنفراس و وۆرکشۆپ بکرێت بۆ ژنان تا نەترسن و لەکاتی هەر گرفتێک لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە و بەرگری لەخۆیان بکەن، هەرچەندە لایەنی پەیوەندیدار هەوڵدەدات لەڕێگەی کۆنفرانسەکان توندوتیژیەکان کەمبکەنەوە بەڵام زیاتر تەنیا قسەیە ناچێتە بواری جێبەجێکردن.