“توندوتیژی دژی ژنان لە وڵاتانی عەرەبیدا دەشاردرێتەوە”

سەوسان جەعی، چالاکوانی مافی مرۆڤ سەرنجی بۆ ئەو پێشێلکارییانە ڕاکێشا کە بەهۆی سیستمی دەوڵەتی پیاو لە وڵاتانی عەرەبیدا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە و ڕایگەیاند کە ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان بۆ ئەوان ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەیە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی ڕاکێشانی سەرنجە بۆ ماف و دەستکەوتەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام لەم ڕۆژەدا پرسیاری زۆریش لە ئارادایە، تا چەند ئەم پیرۆزکردنانە ڕۆڵیان هەیە لە باشترکردنی دۆخی ژنان بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبیدا؟ بەرنامە و چالاکییەکانی ٨ی ئادار لە هەموو جیهاندا بۆ گەیشتن بە مافەکانی ژنان ڕێکدەخرێن، بەڵام واقیعی ژنان و نەگەیشتن بە مافەکانیان ڕاستییەکی جیاواز نیشان دەدات، ڕۆژانە ژنان لە وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕووی هەراسانکردن و توندوتیژی و ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

 

"حکومەت ٨ی ئادار تەنها بە ڕووکەش دەگریتەدەست"

سەوسان جەعدی وتی: بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە چەندین ئاهەنگ لە سەرانسەری جیهان بە تایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەدەچن. هەروەها یاساگەلێک دەردەکەن کە گوایە مافی ژنان دەپارێزن، ٨ی ئادار بۆتە دەرفەتێک بۆ حکومەتە عەرەبییەکان کە باشتر خۆیان بخەنە بەردەم ڕای گشتی ناوخۆ، بەڵام بەداخەوە لە سەرانسەری جیهاندا مافەکانی ژنان بە شێوەیەکی خراپ پارێزراون، لە تونس، لە پاشەکشەکردن لە پرەنسیپی یەکسانی، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نوێنەرایەتی ژنان لە ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکانی وەک ئەنجومەنی نوێنەران، جێبەجێنەکردنی یاساکان زەمینە بۆ ڕەتکردنەوەی مافەکانی ژنانیش خۆش دەکات.

 

"ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و پێشێلکاری دەبنەوە"

سەوسان جەعدی سەرنجی بۆ دۆخی ژنان لە ناوچە عەرەبییەکان و ئەو کردەوانە ڕاکێشا کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو پێشێلکاریانەی کە لە تونس ئەنجام دەدرێن لە وڵاتانی عەرەبیشدا ڕەوایەتی پێدراوە، وەک لە لیبیا بابەتەکە گەیشتووەتە ئاستی کوشتنی ژنە چالاکوانەکان لەلایەن پیاوانەوە، ئەم پێشێلکاریانە بە تایبەتی لە کایەی سیاسیدا ئەنجام دەدرێن. چونکە پیاوان بە عەقڵیەتی پیاوسالاری مامەڵە دەکەن، قبول ناکەن ژنان چالاکوان بن، بۆ ئەوەی پێشەنگایەتی بکەن لە ژیاندا و بەرگری لە مافەکانیان بکەن.

 

لە وڵاتە عەرەبییەکان ٨ی ئادار وەک "ڕووپۆشێک" پیرۆز دەکرێت

سەوسان جەعدی سەرنجی بۆ دۆخی ژنانی فەلەستینی و سودانی ڕاکێشا و وتی: ژنانی فەلەستینی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوەگەلێک کە مافەکانیان پێشێل دەکەن، ئەمەش سەرەڕای بوونی ڕێکخراوەکان کە ئەم کردەوانە شەرمەزار دەکەن بەردەوامە، لەبری ئەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان بکرێتە ڕۆژی پێشێلکاریی زیاتر، پێویستە ڕۆژێک بێت بۆ ستایشکردنی قوربانیدانی ژنانی فەلەستینی و پیرۆزکردن لەو ژنانە ئەوان ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانیان دەبنەوە، لە دەستدرێژیکردنە سەری تا لێدان و کوشتن، پیرۆزکردنەکانی ئەم ڕۆژە تەنها وەک "ڕووپۆشێک" پێناسە دەکرێن لەو بارودۆخەی کە ژنان لە وڵاتانی عەرەبیدا پێیدا تێدەپەڕن.

 

"دادپەروەری و یەکسانی دەبێت لەم ڕۆژەدا بەدەستبهێندرێت"

سەوسان جەعدی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم ڕۆژە پڕ مانادارەدا پەیامێکیان هەیە و وتی: ئەو چالاکییانەی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە ڕێکیدەخەن بەها و پەیامێکیان هەیە، چونکە ئەوان چالاکی ڕێکدەخەن بۆ ئیدانەکردنی کردەوە و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، لەم ڕۆژەدا پێویستە داوای دادپەروەری و یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا بەرزبکرێتەوە.