توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەمساڵ بە ڕێژەی ٪٣٤ زیادی کردووە
ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بۆ ئەمساڵ بە ڕێژەی ٪٣٤.٢ بەرزبووەتەوە، لە نێویشیاندا مانگی ١٢ زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی تێدا ئەنجامدراوە، بە تەنها لەو مانگەدا زیاتر لە کۆی گشتی هەموو مانگەکان توندوتیژی تۆمارکراوە.
ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بۆ ئەمساڵ بەڕێژەی ٪٣٤.٢ بەرزبووەتەوە، لە نێویشیاندا مانگی ١٢ زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی تێدا ئەنجامدراوە، بە تەنها لەو مانگەدا زیاتر لە کۆی گشتی هەموو مانگەکان توندوتیژی تۆمارکراوە.
تەرزە تەها
سلێمانی- بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەرێمی کوردستان کۆی گشتی ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئاشکرا کردووە، تێیدا زۆترین ڕێژەی توندوتیژی لە مانگی ١٢دا تۆمارکراوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠دا هەزار و ٧٤ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، بۆ مانگی دووش ٨٥٧ توندوتیژی هەبووە.
لە مانگەکانی سێ و چوار و پێنجدا بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە ئامارەکان نزمبوونەتەوە، لە مانگی سێدا ٤٢٠ حاڵەت، لە مانگی چواردا ٢٩٩، لە مانگی پێنجدا ٥١٣ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، بەڵام بە پێی توێژینەوە جیهانییەکان و ڕای چالاکوانانی داکۆکیکار لە مافی ژنان زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە کاتی کەرەنتینەدا ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە تۆمار نەکراون، زۆرترین توندوتیژییەکانیش توندوتیژی دەروونی بوون.
لە مانگی شەشدا ٦٨٣ حاڵەتی توندوتیژی، لە مانگی حەوتدا ٧٤٤ توندوتیژی تۆمارکراون، بۆ مانگی هەشتیش ٧٨٦ توندوتیژی تۆمارکراوە.
لە دوای قەدەغەی هاتووچۆ ئامارەکان بەرزبوونەوەیان بە خۆیانەوە بینی
لە مانگی نۆ بە دواوە ئامارەکانی توندوتیژی هاوشێوەی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ جارێکی دیکە بەرزبوونەوە، لە مانگی نۆدا ١٠٤٧ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراون، لە مانگی ١٠دا ٨٩٥ حاڵەت بووە، لە مانگی ١١ـشدا هەزار و پێنج حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراون.
کۆی گشتی ئامارەکانی ئەو ١١ مانگەی ساڵی ٢٠٢٠ دەکاتە ٨ هەزار و ٣٢٣ حاڵەتی توندوتیژی، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئاماری مانگی ١٢یە کە تەنها لەو مانگەدا ١٠ هەزار و٣٧٠ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراون، ئەمەش دەیسەلمێنێت تەنها لەو مانگەدا زیاتر لە هەر ١١ مانگەکەی دیکەی ساڵ توندوتیژی تۆمارکراوە.
کۆی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٨ هەزار و ٦٩٣ توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆمارکراون، لە کاتێکدا بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٩،توندوتیژییەکان ١٢ هەزار و ٢٨٤ حاڵەت بوون، بەمەش ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێژەی ٪٣٤.٢ لە ئاستی ساڵی ٢٠١٩ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر، سلێمانی ، دهۆک، گەرمیان ، سۆران و ڕانیە بەڕێوەبەرایەتی هەیە، ٢٤ نوسینگەشی لە شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەیە.
ت.پ