توندبوونەوەی بەربەستە ئەمنییەکان لەسەر خوێندکارانی بەلووچ لە زانکۆکانی ئێران

دەسەڵاتدارانی ئێران کۆتوبەندیان خستووەتە سەر چوونە دەرەوەی ژمارەیەک خوێندکاری دکتۆرای بەلووچ لە زانکۆکانی پایتەختی وڵاتەکە (تاران)، ئەمەش لە ڕێگەی قەدەغەکردنی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ پێشکەشکردنی چەندین پاساوی فەرمی.

ناوەندی هەواڵ- ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەپێنراون، ڕەنگدانەوەی ڕادەی دەستێوەردانەکانی پەیوەست بە ئەمنیەتە لە ناو دامەزراوە ئەکادیمییەکاندایە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لەسەر خۆی زانکۆ و ئازادی توێژینەوەی زانستی بەهێزتر دەکەن.

 

ڕاپۆرتەکانی تۆڕی بەڵگەنامەی مافی مرۆڤی بەلووچستان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند خوێندکارێکی بەلووچ کە بڕوانامەی دکتۆرایان لە زانکۆکانی تاران وەرگرتووە، دوای چوونیان بۆ زانکۆ بەمەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و پشکنینی دۆخی دەرچوونیان لە ئێران، سەرنجیان داوە بە سنووردارکردنی ڕۆشتنیان.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، خوێندکاران تەنها لە کاتی ئەم لێکۆڵینەوە کارگێڕییانەدا ئاگاداری ئەو سنووردارکردنانە بوون، بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی فەرمی یان ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەیان پێبگات، سەرچاوە نزیکەکان لە خوێندکاران ڕایانگەیاندووە کە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕوونیان پێنەدراوە سەبارەت بە هۆکاری قەدەغەکردنەکە و دەسەڵاتی دەرکردنەکە و ماوەی قەدەغەکردنەکە.

 

هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، کە ئاگادارکردنەوە پەیوەندیدارەکان وردەکاری یاسایییان تێدا نەبووە، لەوانە ژمارەی کەیسەکان، لقە دادوەرییەکان، بەڵگەنامەی یاسایی، ئەمەش نیگەرانییەکانی خوێندکارانی زیاتر زیادکردووە، لەگەڵ ناسنامەی ئەو کەسانە لە ترسی بانگهێشتکردنیان، دەستگیرکردنیان یان فشاری ئەمنی دیکەیان بۆ دروستکرا.

 

بەشێک لە خوێندکاران ئاماژەیان بەوەشکردووە، جگە لە سنووردارکردنی دەرچوون لە وڵات، نیگەرانی داهاتووی ئەکادیمییشیان هەیە،هەروەها ئەو فشارانە دەتوانن ببنە هۆی ڕاگرتنی خوێندن، دەرکردنیان لە خوێندن، یان سنووردارکردنی چالاکییە ئەکادیمی و توێژینەوەکانیان.

 

خوێندکارێک ئاماژەی بەوەدا، کە دوای وەرگرتنی ئاگادارکردنەوەکە و پرسیارکردن، بە سادەیی پێمان وترا کە ڕۆشتنمان قەدەغەیە، هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ هۆکاری پشت ئەم بڕیارە یان کێ دەیرکردووە، ئێستا نیگەرانییەکانمان لە گەشتکردن زیاترە، داهاتووی ئەکادیمیمان و پارێزەراوی ئێمەش دەگرێتەوە.

 

بەشێک لە سەرچاوە زانکۆییەکان باس لەوە دەکەن، کە ژمارەیەک لەو خوێندکارانە پلانیان دابوو بۆ بەشداریکردن لە خولەکان، کۆنگرە زانستییەکان یان هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی توێژینەوەدا و ئێستاش چالاکییەکانیان وەستاوە بە داخستنی دەرچوون لە ئێران.

 

ئەم سنووردارکردنانە لە کاتێکدایە، کە کەشوهەوای ئاڵۆزی ئەمنی لە زانکۆکانی ئێراندا دەسەپێندرێت کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بێوێنە بووە، ژمارەیەکی زۆر ڕاپۆرت لەسەر بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە و هەڕەشەکردن و ڕەتکردنەوەی خوێندن لە زانکۆ جیاوازەکاندا بڵاوبوونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان ڕۆڵێکی بەرچاوتریان لە بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی ژینگەی زانکۆدا گرتۆتە ئەستۆ.

 

بەلووچی و کورد و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە چەندین جار باسیان لەوە کردووە، کە لەم ساڵانەی دواییدا تووشی هێرشی هەڵاواردن و فشارە ئەمنییەکان بوون، چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ئەم هێرشانە تەنها لە چالاکییە سیاسییەکاندا سنووردار نین و زۆرجار ناسنامەی نەتەوەیی یان ئایینی تاکەکان بەشدارە لە زیادبوونی فشارەکان.

 

لە هەندێک حاڵەتدا، خوێندکاران ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەمنی و سنووردارکردنی یاسایی بوونەتەوە دوای چالاکبوونیان لە سەندیکاکانی کرێکاران، بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، بڵاوکردنەوەی ماددەی ڕەخنەگرانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یان بەشداریکردنیان لە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان.

 

شارەزایانی یاسایی وتیان، بەکارهێنانی قەدەغەکردنی گەشتکردن بەبێ ڕێکاری دادوەری ڕوون بووەتە ئامرازێکی باو بۆ فشارخستنە سەر چالاکوانانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمییەکان و خوێندکاران، لە زۆر حاڵەتدا تاکەکان تەنها کاتێک ئاگاداری ئەم سنووردارکردنانە دەبن کە دەگەنە فڕۆکەخانە یان پرسیاری کارگێڕی پێشکەش دەکەن.

 

بە وتەی ئەم شارەزایانە، نەبوونی ڕوونی لە پرۆسەی دەرکردنی قەدەغەی گەشتکردندا، تاکەکان لە توانای ناڕەزایەتی کاریگەرانە بێبەش دەکات و لە دۆخێکی نادڵنیاییدا بەجێیان دەهێڵێت، ئەم سنووردارکردنانە، بەتایبەتی ئەوانەی بەسەر خوێندکاران و توێژەراندا دەسەپێنرێن، دەتوانن کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر داهاتووی ئەکادیمی و پیشەیییان هەبێت.

 

چالاکوانانی ئەکادیمی هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامی ئەم ڕەوتە لەگەڵ پەرەسەندنی کەشوهەوای ترس و نائەمنی لە ژینگە ئەکادیمییەکاندا، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی کۆچی فیکری و بێهیوایی لە نێو نەوەی گەنجدا، نەوەیەک کە چیتر وەک کەشی خوێندن و توێژینەوە سەیری زانکۆ ناکەن، بەڵکو وەک ژینگەیەک دەڕوانن بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئەمنی.